خەڵاتی "دایکی ئاشتی" بەخشرایە "دایە شەریفە"

خەڵاتی
ڕۆژی سێشەممە ١٩ی سەماوەزی ١٣٩٨ لە شاری "هەولێر" لە لایەن لقی کوردستانی ڕێکخراوی جیهانی  "ئاشتی و خێر خوازی" ڕێوڕەسمێکی بۆ ڕێز لێگرتن لە هەوڵەکانی ژنە چالکوانی بواری ئاشتی و مافی مرۆڤ "دایە شەریفە" دایکی هاوڕێی گیانبەختکردوو شەهید "ڕامین حوسەین پەناهی" لە بەرامبەر هەوڵ و چالاکییەکانی لە بواری ئاشتی و پێشگرتن بە سزای ئێعدام لە کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا چالاکانی سیاسی و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی چوارپارچەی کوردستان، چالاکانی بواری مافی مرۆڤ، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕۆژنامەنوسان بەشدار بوون، سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی  "ئەی ڕەقیب" و سروودی فەرمی ڕێکخراوەکە و خولەکێک بێدەنگی دەستی پێکرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆکی ڕێکخراوەکە و هونەرمەند کاک ناسر ڕەزازی و چەند کەسی دیکە وتاریان پێشکەش بە بەشدار بووان کرد، لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا فیلمێکی دۆکیومێنتاری سەبارەت بە کارو چالاکییەکانی "ڕێکخراوی ئاشتی و خێر خوازی" پێشکەش بە بەشداربووان کرا و دواتر فیلمێکی دۆکیومێنتاری لەسەر "دایە شەریفە" پێشکەش بە بەشداربووان کرا.
جێگای باسە بە هۆی ئەوەی کە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیەوە پێش بە هاتنی "دایە شەریفە" و ئەندامانی بنەماڵەکەی بۆ کوردستانی باشوور گیرابوو ڕێکخراوەکە خەڵاتی "دایکی ئاشتی" بە نوێنەرایەتی دایە شەریفە درایە "ئەمجەەد حوسەین پەناهی" کوڕی دایە شەریفە.
"دایە شەریفە" دایکی شەهید "ڕامین حوسەین پەناهی" بۆ ڕێزگرتن و هاوخەمی لەگەڵ دایکی شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات خەڵاتەکەی پێشکەش بە دایکی ئەو شەهیدانە کرد.

پاشان ڕێوڕەسمەکە بە پێشکەش کردنی چەند پارجە موزیکێک و چەند گۆرانیەکی کوردی، عەرەبی و سریانی کۆتایی پێهات.

بە ناوی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە ڕێوڕەسمەدا بەشداربوون.

ئه‌م بابه‌ته 529 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:49:11/12/2019