کانونی نووسەرانی ئێران بەیاننامەیەکی بۆ پشتیوانی لە ئاخێزی گەلانی ئێران بڵاو کردەوە

کانونی نووسەرانی ئێران بەیاننامەیەکی بۆ پشتیوانی لە ئاخێزی گەلانی ئێران بڵاو کردەوە
کانونی نوسەرانی ئێران بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک پاڵپشتی خۆی لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی گەلانی ئێران کە ڕۆژی ٢٤ی خەزەڵوەر دەستی پێکرد دەربڕی و داواکاری و خواستەکانی خۆپیشاندەرانی بە ڕەواو بەرحەق زانی و هەوڵەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوت و دەمکوتی بی بەزەوییانە خۆپیشاندەران مەحکووم کرد.
کانونی نوسەرانی ئێران ڕوونی کردەوە کە بە هۆی پچڕاندنی هێڵی ئینتەرنێت بڵاو کردنەوەی بەییاننامەکەیان وەدرەنگ کەوتووە.
لە بەشێک لە بەیاننامەی کانونی نوسەران هاتوە؛ ئەو خەڵکەی کە لەسەر شەقامەکانی ئێران ڕۆژی ٢٤ی خەزەڵوەر هاتنە سەر شەقام و خۆپیشاندانیان بەڕێوەبرد بەشێک لەو ٨٠٪ خەلکی ئێران بوون کە پێشتر خودی بەرپرسانی ڕژیم ڕایانگەیاندبوو کە بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان لەگەڵ کێشە بەرەو ڕوون و لە بارودۆخێکی نالەباری ئابووریدا بەسەر دەبەن، کە هۆکاری سەرەکی ئەم بارودۆخەش سیاسەتی هەڵەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە؛ ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەڵاوردن و بارودۆخی ئێستا بەشێک لە مافەکانی خەڵکی ئێرانە بەڵام، کۆماری ئیسلامی ئێران هەر وەک چۆن پێشتر لە ماوەی دەسەڵات داری خۆیدا بە هەموو شێوازێک خۆپیشاندان یا دەنگە ناڕازییەکانیان بە توندووتیژی وڵامدەدایەوە ئەمجارەش هەر بەو شێوە بگرە زۆر توندتر وڵامی خەڵکی ناڕازای دایەوە بە شێوەیەک کە لە ڕۆژانی یەکەمی خۆپیشاندانەکان هەزاران کەس بریندار  بوون و بە سەدان کەس گیانیان بەختکرد و هەزاران کەسیش دەستگیر کران.
لە بەشێکی دیکە لە پەیامی کانونی نوسەران دا هاتووە کە خۆپیشاندان و داخوازی  خەڵک لەوانەیە بۆ ماوەی کاتی وەک ژیلەمۆ بن خۆڵەمێش  بکرێت، بەڵام هەرگیز ناتوانرێت خامۆش ناکرێت.

ئه‌م بابه‌ته 90 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:33:25/11/2019