کاردانەوە جیهانییەکان سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران

کاردانەوە جیهانییەکان سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران

ڕۆژی دوشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، لە کاردانەوە بە سەرکووتی خۆپیشاندەران لە ئێران وتی: "ئەمریکا لە ڕاپۆڕتە گەیشتووەکان سەبارەت بە کوژرانی چەندین کەس بە توندی نیگەرانە و "جیهان ئاگاداری هەڵسووکەوتی ئێرانە و ئێمە دەمانهەوێت کە پووڵی ئێران نە بۆ هێزە ملیشیاکانی کانی سەربەخۆی لە عێراق وەک حیزبوڵڵاه و خەڵکی دیکە، بەڵکوو بۆ خەڵکی ئێران خەرج بکرێت و زیادی کرد: "ئەمریکا خۆپیشاندانەکانی ئێرانی بە وردی خستووتە ژێر چاودێری خۆی. ئەمریکا هەر جۆرە هەنگاوێکی توندووتیژی ئێران بە دژی خەڵکی ئەو وڵاتە مەحکووم دەکات و لەو ڕاپۆرتانەی کە چەندین کەس کوژراون بە تووندی نیگەرانە" هەروەها وتی: "کۆماری ئیسلامی دەبێت لە بەکارهێنانی توندووتیژی دژ بە خەڵک دەست هەڵگرێت و بە زووترین کات مافی هەموو ئێرانیەکان بۆ کەڵک وەرگرتنی ئازادانەی ئینتەرنێت بە دی بهێنێت" و لە بەشێکی دیکە لە قسەکانی وتی: "کاتێک ڕژیمی ئێران ڕێز لە مافە سەرەکییەکان دەگرێت و هەڵسوکەوتی پاوەن خوازانە خۆی وەلا بنێت و سیاسەتی تێکدەری دەرەوەی لە ناوچەکە ڕابگرێت و وەکوو وڵاتێکی ئاسایی هەڵسووکەوت بکات، ئەو کاتە خەڵکئ ئێران باروودۆخێکی باشتریان دەبێت."

لە درێژەی کاردانەوەی نوێنەرانی کۆنگرێسی ئەمریکا، چەند کەسێک لە ئەندامانی کۆنگرێس لە کاردانەوە بە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، ڕاگرتنی ئینتێرنێت لەلایەن کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کرد و پشتیوانیان لە خۆپیشاندەران کرد.

مارک روبیو، سێناتۆری کۆماری خوازی فلۆریدا لە توییتێک دا سەبارەت بە ناڕەزایەتی خەڵک دژ بە کۆماری ئیسلامی وتی: "مافی خەڵکە بە دژی ڕژیمی گەندەڵ و پشتیوانی ترۆریزمی کۆماری ئیسلامی، خۆپیشاندانی ئاشتی خوازانە بکەن. ئێرانیەکان شایانی ئەوەن حکومەتێکی بەرپرسیاریان هەبێت، ڕژیمێک کە بەرامبەر خەڵکی خۆی وڵامدەر بێت نەک ڕژیمیک کە لە سەرچاوە دەوڵەتییەکان بۆ ناسەقامگیری ناوچەکە و بەکارگرتنی هێزە ترۆریستەکانی سەربەخۆی کەڵک وەرگرێت."

ریک ئێسکات، سێناتۆری کۆماری خوازی ئیالاتی فلۆریدا، بە بڵاو کردنەوەی ویدیۆی هێنانە خوارەوەی تابلۆی حکوومەتی "مرگ بر آمریکا" لە لایەن یەکێک لە خۆپیشاندەرانی ئێرانی، لە توییتێک دا ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران " بە خۆڕاگری بێ وێنەی چاونەترسانە لە بەرامبەر ڕژیمی چەوسێنەری کۆماری ئیسلامی پێناسە کرد.

ئێدوارد مارکی، سێناتۆری دێموکڕاتی ماساچوسێت، بە بڵاو کردنەوەی وێنەیەک لە یەک وتار سەبارەت بەخۆپیشاندانەکانی ئێران نووسی: " دەوڵەتی ئێران دەبێت ئینتەڕنێت بۆ خەڵک بگەڕێنێتەوە و سپای پاسداران دەبێت لە هەڕەشەی زیاتری خۆپیشاندەران دەست هەڵبگرێت."

راجرویکر، لووییس فرانکێل و چەند ئەندامێکی دیکەی کۆنگرێسیش کاردانەوەی خۆیان سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەربڕیوە.

ئاڵمان و فەڕەنسا داوایان لە ئێران کرد تا ڕێز لە خۆپیشاندانە ڕەواکان بە دژی بەرز بوونەوەی نرخی بێنزین بگرن و کۆتایی بە تووندووتیژی هێزە ئەمنیەتییەکان لەگەڵ خۆپیشاندەران بهێندرێت..

"ئۆلریخ دێمێر"، وتەبێژی بەرپرسی باڵای ئاڵمان، ڕۆژی دوشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند: "ئێمە بە نیگەرانیەوە ئاڵوو گۆڕەکان دەخەینە ژێر چاودێری." و هەروەها ناڕەزایەتییەکانی ئێرانی بە ڕەوا پێناسە کرد و داوای لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کرد تا ڕێز لە کۆبوونەوەکان و ئازادی ڕادەربڕین بگرێت.

وتەربێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ڕۆژی دوشەممە لە وڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئاڵووگۆڕەکانی ئێران وتی: "فەڕەنسا بە وردی خۆپیشاندانەکان کە لە چەندین شاری ئێران درێژەی هەیە دەگرێتە ژێر چاودێری." و سەبارەت بە کوژراوەکانی ئەم چەند ڕۆژە وتی کە فەڕەنسا، ڕێز گرتن لە ئازادی ڕادەردەربڕین و مافی خۆپیشاندانی ئاشتی خوازانە پێشنیار دەکات.

ئه‌م بابه‌ته 95 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:28:20/11/2019