ئەبووبەکر بەغدادی کوژرا!

ئەبووبەکر بەغدادی کوژرا!
ئاسۆی ڕۆژ/ دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە توێی وتاربێژییەکی لە کۆشکی سپی ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ئۆکتۆبر (٥ی خەزەڵوەر) ڕایگەیاند کە ئەبووبەکر بەغدادی سەرۆکی گرووپی داعش کوژراوە.
ترامپ وتی؛ لە کۆتایی تۆنێلێک لە کاتی گڕیان و قوڕپێوان وەک سەگ و کەسێکی ترسەنۆک» مرد.
ترامپ وتی کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ساڵانێکە بە دوای ئەلبەغدادییەوەیە و کوشتنی بەغدادی لە پرۆژە گرنگەکانی دەوڵەتەکەی ئەو بووە.
ناوبراو باسی لەوە کرد کە ئەم عەمەلیاتە لە لایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژئاوایی سورییە سەرکەوتووانە ئەنجام دراوە.
ترامپ لە وتەکانی باسی لەوە کرد کە پاش ئەوەی هیزە تایبەتەکانی ئەمریکا چوونەتە حەشارگەی بەغدادی ١١ منداڵیان دۆزیوەتەوە کە ئێستا پارێزراون.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا وتی؛ «هیچ پێرسۆنێل و سەربازێکی ئەمریکایی لەم عەمەلیاتەدا نەکوژراون، بەڵام لە بەرامبەردا ژمارەیەکی زۆر لە دەورووبەرییەکانی ئەلبەغدادی کوژران.»
بە وتەی ترامپ حەشارگەی ئەلبەغدادی لە کۆمەڵە بینایەکی بەهێز و ژمارەیەکی زۆر پاسەوان و لە تۆڕێکی ئاڵۆزی تۆنێلدا بووە.
سەرۆک کۆماری ترامپ باسی لەوە کردووە کە «ئەلبەغدادی سێ منداڵی لەگەڵ خۆی کوشتووە» وتی؛ لە کۆتایی تۆنێلێکی بن بەست، لە کاتێکدا کە سەگەکانی ئێمە بەدوایەوە بوون، خۆی تەقاندەوە و تۆنێلەکەی ڕووخاند و سێ منداڵیشی لەگەڵ خۆی کوشت.»
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەواڵی کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی بڵاو بوویەوە، بەڵام ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا باسیان لەوە کرد بۆ پشت ڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە پێویستە کە تاقی کردنەوەی «دی ئێن ئەی» ئەنجام بدرێت. ترامپ لە وتەکانی ئەمڕۆیدا باسی لەوە کرد کە تاقیکردنەوەکانی دی ئێن ئەی ئەوە دەسەلمێنیت کە بەغدادی کوژراوە.
ئەبووبەکر بەغدادی سەرۆکی گرووپی داعش (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام) بوو کە ساڵی ٢٠١٤ لە جەرگەی بشێوییەکانی عێراق و سوریە خۆی ڕاگەیاند و بە گرتنەوەی شاری موسڵ و ئەنجامی دەیان و سەدان کردەوەی تیرۆریستی و دژە مرۆیی خۆی بە جیهان ناساند. بە دوای ئەوە هاوپەیمانییەتییەک بۆ لەناوبردنی ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە جیهان و بە سەرکردەیی ئەمریکا پێک هات. داعش هێرشی کردە سەر کوردستان و بە هەزارن کەسی قەتڵی عام کرد و شاری شەنگال، ناوەندی ئیزەدییەکانی کوردستانی داگیر کرد و زیاتر لە ٦٠٠٠ ژنی بە دیل گرت و چەند هەزار کەسیشی کوشت. ئەمە جیا لەوەیە کە زیاتر لە ٢٩٣ هەزار کەسیش ئاوار بوون.
پاش هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی جیهانی دژی داعش وەستایەوە و هۆکاری سەرەکی بوو لە تێک شکاندنی هێزی داعش و ناسەرکەوتوو بوونی لە هێرش بۆ سەر کوردستان و زیاتر لە ١١٠٠ شەهید بەم بەرگرییە ڕەوایە بەخشی و زیاتر لە ١٣٠٠ پێشمەرگەش بریندار و کەم ئەندام بوون.

ئه‌م بابه‌ته 40 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:05:04:04/11/2019