کوردەکان تەنیا فریشتەیەکن لەو پارچەیەی جیهاندا

کوردەکان تەنیا فریشتەیەکن لەو پارچەیەی جیهاندا

سلاڤۆی ژیژەک




گەرکوردەکان بەجێ بهێڵرێن، ئەوا هیچ مانایەک بۆ بەشە هەرە بەنرخەکەی میراتی ئەوروپا کە میراتی ڕزگارییخوازییە نامێنێتەوە. گەر ئەوروپا چاوی لەئاستی کوردەکان دابخات ئەوا خیانەت لەخۆی دەکات. ئەو ئەوروپایەش کە خیانەت لە کوردەکان دەکات لەوە بەدوا ئەوروپا نییە بەڵکو دەبێت بە ئەوروپاستان.



زیاد
لەسەدساڵی تەواو بەسەر بەرهەمە پڕفرۆشەکەی کارل مەیدا تێدەپەڕێت: "بەناو کوردستانی شاخاوی'دا، کە ناوەرۆکەکەی دەربارەی سەرکێشییەکانی قارەمانێکی ئەڵمانییە بەناوی: کارا بین نیمسی. ئەم کتێبە جەماوەرییە پڕفرۆشە لەناوەندی ئەوروپادا جۆرە دیدێکی دەربارەی کوردستان بنیات نا: ئەویش کە (کوردستان)شوێنێکە جەنگی دەستەویەخەی دڕندانەی خێڵەکی، ڕاستگۆیییەکی ساویلکانە، هەستی شەرەفپارێزی، تیادا دەگوزەرێت هەروەها ئەفسانەسازن، خیانەتچین وە جەنگی بەردەوام و دڕندانە لەنێوانیاندا هەیە. تەقریبەن ئەمە کاریکاتێری بەربەریانەی ئەوانی دیکەیە لەچاوی شارستانیەتی ئەوروپییەوە.

گەر سەرنجی کوردەکانی ئەمڕۆ بدەین، ناتوانین شتێکی تەواوپێچەوانەی ئەو کڵێشەسازییەی(ئەوروپییەکان) بەدی نەکەین، لەتورکیا کە خۆم لەنزیکەوە ئاگادارم، تێبینی ئەوەم کردووە کەکەمینەی کوردی لەو وڵاتە بەشێکی زۆر مۆدێرن و سیکیولاری کۆمەڵگان، دوورن لەهەموو فەندەمێنتاڵیزمێکی ئایینی، لەهەمان کاتدا پەرە بە فیمینیزم دەدەن، .. هتد.

ئەو عەبقەرێتییەی ترەمپ (کە خۆی نەخشەی بۆ کێشاوە) ڕەوایی دەدات بە خیانەتە نوێکەی لەکوردەکان (زۆر چالاکانەش خۆش دەبێت لەهێرشی تورکیا بۆسەرکوردەکان لەو ستاتۆیەی باکوری سوریا کەکوردەکانی ئەوێی تیادا نیشتەجێن)، دەشڵێت: 'کوردەکان فریشتە نین' بەدڵنیاییەوە لەلای ئەو فریشتەکان زیاتر کەوتونەتە ئیسرائیلەوە (لەکەناری ڕۆژئاوا) وە ناوچەی یەمەنی نزیک لە سعودییە نەک شوێنی تر. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە: کوردەکان تەنیا فریشتەیەکن لەو پارچەیەی جیهاندا.

چارەنوسی کوردەکان کردونی بە نمونەیەکی قوربانیی یارییە کۆلۆنییە جیۆپۆلەتیکییەکان: وە پەرتەوازەی کردون بەناو چوار سنوری چوار دەوڵەتی دراوسێدا (تورکیا، سوریا، ئێراق، ئێران)، بەشە ئۆتۆنۆمییەکەیان (کە زیاتر لەو ئۆتۆنۆمیەیان شایەنە) بەگشتی کەس کەیفی پێ نایەت، هەربۆیە باجێکی زۆر لەپێناو مانەوەیدا دەدەن.

ئایا ئێمە ئەوەمان لەبیرە کە بۆمبی کۆمەڵکوژی سەددام لەباکوری ئێراق کوردەکانی ژەهراوی کرد لەدەوروبەری 1990 دا؟ کەچی هەرلەم چەند ساڵەشدا تورکیا خەریکی یارییەکی پلان بۆداڕێژراوی سەربازی-سیاسی بوو. سەروەختی هێرشی تیرۆریستانی داعش (گوایە) بەشێوەیەکی فەرمی تورکیا لەداعشی دەدا، بەڵام زۆرتر بۆمبارانی کوردەکانی دەکرد، لەکاتێکدا ئەوان بەڕاستی خەریکی جەنگ بوون لەدژی داعش.

لەم چەند دەیەی دواییدا، کوردەکان شانیان دایەبەر بنیاتنانی ژیانێکی کۆمۆناڵ ئەویش لەهەلومەرجێکی ئەزمونیدا: ساتەوەختێک کە بتوانن ئیدی ئازادانە هەوایەک هەڵمژن لەدەرەوەی ململانێکانی ئەو دەوڵەتانەوە چواردەوریان داون و بەم کارەش بتوانن وێنەی خۆیان نیشانی جیهان بدەن.

پاش کەوتنی سەددام (هەرێمی کوردستان) وەک تەنیا بەشی ئاسایش لەئێراقدا درێژەی بەخۆیداو ژێرخانی خۆی بوژاندەوە، تەنانەت توانیان فڕۆکەخانە بنیات بنێن و بەئەورپایانەوە ببەستێتەوە. لەباکوری سوریا کوردەکان توانیان ڕۆژئاڤا بنیات بنێن کە شوێنێکی بێهاوتایە لەناو ئەو بێسەروبەرییە جیۆپۆلەتیکیەی ناوچەکەیاندا: کاتێک کوردەکان هەم دەستیان تێوەردەدرێت و لەهەمان کاتدا لەلایەن دراوسێکانیانەوە هەڕەشەیان لێدەکرێت، ئەوان دێن بەخێرایی کۆمەڵگایەک بنیات دەنێن کە هیچ لێکدانەوەیەک هەڵناگرێت: جگە لە بەرجەستەکردنی یۆتۆپیا بۆ واقیع لەناوچەکەیاندا.

وەک ئارەزویەکی پیشەییم، سەرنجی هەوڵی پێشخستنی ڕوناکبیری دەدەم لە کۆمیونتی لە ڕۆژئاڤا کە چەندجارێک بانگێشتکراوم چەند وانەیەک بڵێمەوە، بەڵام بەهۆی ململانێ سەربازییەکانەوە لەناوچەکەدا چەندجارێک ئەو بانگێشتە هەوڵدەوەشیتەوە.

بەڵام ئەوەی زیاتر من خەمبار دەکات کاردانەوەی هەندێک لە هاوکۆلێژە "چەپەکان"ی منن کە بێزارن لە پشتبەستنی کوردەکان بە ئەمریکا وەک قەڵای پارێزگاریی لێیان.

پرسیار ئەوەیە ئایا ئەوان چی بکەن؟ بکەونە ناو تەنگەژەکانی نێوان تورکیاو شەڕی ناوخۆی سوریاو وە یان ئاژاوەکانی ئێراق و ئێران؟ ئایا هیچ ئیختیارێکی دیکەیان هەیە؟ ئایا قوربانی بەژیانی خۆیان بدەن و بێن خەریکی هاریکاریی بەرەی دژە-ئیمپریالیستی بن؟ ئەم هەڵوێستە ڕەخنەییەی چەپ لەدورەوە هیچ لەو شتەقێزەونە کەمتر نییە کە بەرامبەر مەسەدۆنیا ڕویدا.

(.....)

لێرەوە ئەرکی تەواوی ئێمەیە پشتگیری لە بەرەنگاریی کوردەکان بکەین لەبەرامبەر داگیرکاریی تورکیادا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو یارییە چەپەڵەش بکەین کە وڵاتانی ڕۆژئاوا لەگەڵ کوردەکان دەیکەن.

کاتێک کە دەوڵەتە دراوسێکانیان بەردەوام هەڵئەخزێنە ناو بەربەریزمی نوێوە، کوردەکان تاکە تروسکەی هیوان لەناوچەکەدا. ئەمە هەربەتەنیا پەیوەست نییە بە پشتگیری کوردەکانەوە کە لەتێکۆشان و جەنگدان، بەڵکو پەیوەستە بە خۆشمانەوە(ئەوروپییەکان)، ئەمە پەیوەستە بەوەی کە چ چەشنێکی نوێی سیستمی جیهانی خەریکە سەردەردەهێنێت.

گەرکوردەکان بەجێ بهێڵرێن، ئەوا هیچ مانایەک بۆ بەشە هەرە بەنرخەکەی میراتی ئەوروپا کە میراتی ڕزگارییخوازییە نامێنێتەوە. گەر ئەوروپا چاوی لەئاستی کوردەکان دابخات ئەوا خیانەت لەخۆی دەکات. ئەو ئەوروپایەش کە خیانەت لە کوردەکان دەکات لەوە بەدوا ئەوروپا نییە بەڵکو دەبێت بە ئەوروپاستان.

ئەمەی سەرەوە بەشێک بوو لە وتارێکی سلاڤۆی ژیژەک ئەمڕۆ سەرسایتی ئیندیپێندێت بڵاوکراوەتەوە.


ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:01:29:23/10/2019