عەلی دایی؛ مافێک کە لە ژنانتان ستاندووەتەوە، دەبێ پێیان بدەنەوە!

عەلی دایی؛ مافێک کە لە ژنانتان ستاندووەتەوە، دەبێ پێیان بدەنەوە!

عەلی دایی یاریزان و ڕاهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی فوتباڵی ئێران لە کاردانەوە بە پرسی ئامادە بوونی ژنان لە یاریگاکان بۆ سەری یاری فوتباڵ باسی لەوە کردووە کە؛ هەندێک کەس دەلێن بە خانمان نەچن بۆ ستادیۆمەکان، چونکا لە یاریگاکان جنێو دەدرێت! مەگەر لە کوچە و کۆڵان خێزانەکان هەموو ڕۆژێک جنێو و سووکایەتی نابیستن؟ جنێودان تەنیا لە یاریگاکان ڕوو دەدات؟

دایی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەکانی ئێران باس لەوە دەکات؛ ژنان نیوەی کۆمەڵگای ئێمە پێک دێنن و بەشداری و ئامادەبوونیان لە یاریگاکان مافی بێ ئەملاو ئەولای ئەوانە. مافێکە کە ساڵانێکی ساڵە لێیان درێغ کراوە و هیوادارم بە زووترین کات ئەم مافەیان پێ بدرێتەوە.

ڕاهیێنەر، یاریزانی هەڵبژاردەی فوتباڵی ئێران و گۆڵکارتین پیاوی فوتباڵی جیهان دەڵێت؛ هیوادارم نەک یاری نێوان هەڵبژاردەی کامبوج و ئێران بەڵکوو لە هەموو ستادیۆمەکانو لە هەموو یارییەکان، ژنان بتوانن بچن بۆ یاریگاکان. ئامادە بوونی خانمان لە یاریگاکا بە بڕوای من دەتوانێت لە سالم سازی کەشی فوتباڵی ئێران و یاریگاکان یارمەتی دەر بێت. ئێمە ساڵانێکی ساڵە مافی ئامادەبوونمان لە ژیان لە ستادیۆمەکانمان ستاندۆتەوەو دەبێت ئەو مافەیان بۆ بگەڕێنینەوە.
کۆماری ئیسلامی پاش هاتنە سەرکاری لە ساڵی ١٣٥٧وە ئیزنی ئەوەی نەدا کە ژنان وێڕای پیاوان لە ستادیۆمەکان بۆ سەیری یاریی فوتباڵ و باقی یارییەکانی دیکە و لەوانە وەزرشی زۆرانبازی، ئامادە بن. تەنانەت بە پێی فەتوای خومەینی سەیری یاری کوشتی (زۆرانبازی) لە تەلەفزیۆنیشەوە بۆ ژن حەرامە.

بە دوای گوشارەکانی یەکێتی تۆپی پێی جیهانی بۆ سەر بەرپرسانی ئێران و زەمینەسازی بۆ ئامادە بوونی ژنان لە یاریگاکان، بڕیارە ئەمڕۆ پێنج شەممە بۆ یاری نێوان هەڵبژاردەی کامبوج و ئێران ژنان لە ستادیۆمی ئازادی بۆ یەکەم جار لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا، ئامادە بن. جێی ئاماژەیە کە ٤٦ ڕۆژ لەمەوبەر سەحەری خودایاری کچێکی لایەنگری فوتباڵ کە بەنیاز بوو بچێت بۆ یاریگا، بەڵام لە لایەن هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکانەوە دەستگیر کرابوو بە ٦ مانگ زیندانی بوون سزا درا، بەڵام ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و خۆی کوشت. مەرگی دڵتەزێنی سەحەر کە بە کچی شین ناسراوە، کاردانەوەی جیهانی لە کۆڕ و کۆمەڵە وەزرشی مافی مرۆڤییەکانی بەدواوە بوو.


ئه‌م بابه‌ته 105 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:43:10/10/2019