ترامپ؛ گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵناوەشێنەوە

ترامپ؛ گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵناوەشێنەوە

دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی خەرمانان ڕایگەیاندەوە کە ئەمریکا گەمارۆکانی دژی کۆماری ئیسلامی هەڵناوەشێنێتەوە.

دۆناڵد ترامپ کە لە ئۆفیسەکەی خۆی وڵامی ڕۆژنامەنووسانی دەدایەوە دەربارەی گەڵاڵە پێشنیار کراوەکەی فەڕانسە بۆ کەم کردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، کە تێیدا لە لایەن ئێران و فەڕانسەوە داوا کرابوو کە ئێران بتوانێت ڕۆژانە ٧٠٠ هەزار بۆشکە نەوت بفرۆشێت یان بڕی ١٥ میلیارد دۆلار نەوتەکەی پێش فرۆش بکات، بە مەرجێک کە ئەمریکا بەوە ڕازی بێت، دۆناڵد ترامپ وێڕای ڕەت کردنەوەی ئەو پێشنیارە ڕایگەیاند کە گەمارۆکان سەر ئێران هەڵناگیرێت یان هەڵناوەشێتەوە.

لە وڵامی یەکێک لە هەواڵنێرییەکان دەربارەی ئەگەری چاوپێکەوتنی لەگەڵ حەسەن ڕووحانی لە کۆبوونەوەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دۆناڵد ترامپ ئەگەری چاوپێکەوتنەکەی ڕەت نەکردەوە.

ترامپ لە بەشێک لە قسەکانی دا ستایشی هەوڵی ئیمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕانسەی کرد دەربارەی دۆسییەی ئێران و ئەمریکا بەڵام وتی؛ "ئێمە زۆر سپاسی جەنابی مەکرۆن دەکەین، بەڵام ئێمە لە ڕێگەی مەکرۆنەوە بەدواداچوون بۆ بابەتەکان ناکەین.”

سەرۆک کۆماری ئەمریکا وتی کە؛ کەسەکان ڕاستەوخۆ پێوەندیمان پێوە دەگرن و ئێمە ناچار نین لە ڕێگەی وڵاتانی دیکەوە بەدواداچوون بۆ پرسەکان بکەین. ئێمە ئەگەر بمانویستبایە دەمانتوانی لە ژاپۆن کەڵکی باش وەربگرین. ژاپۆن گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە، بەڵام ئێمە پێویستمان بە وڵاتێکی دیکە نییە و ئەگەر بمانەوێ ڕاستەوخۆ لەگەڵیان وت و وێژ دەکەین

ئێران و ٦ زلهێزی جیهانی کە بریتین بوون لە؛ ئەمریکا، ڕوسیە، چین، فەڕانسە، بریتانیا وێڕای ئاڵمان ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی ڕێکەوتنێکیان دەربارەی چالاکییە ناوکییەکانی ئێران واژۆ کرد کە بە "بەرجامناسراوە

سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئاماژەی بە دۆخی ئابووری ئێستای ئێران کرد و وتی؛ کەم کەس هەیە شاهیدی هەڵاوسان و گرانی بێ وێنەی ٥٠ ساڵی پێشوو بوو بێت لە ئێران، دۆخێکی غەمگینە، ئەوان (بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی) دەتوانن بە خێرایی کێشەکانیان چارەسەر بکەن. ئێمە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر دا دەتوانین کێشەکانیان چارەسەر بکەین. بزانین چی دەبێت

برایان هۆک بەرپرسی ژووری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش وتی کە لەمەوبەدواوە مۆڵەتی لێخۆش بوون بۆ کڕیارە نەوتییەکانی ئێران نوێ ناکەنەوە

لە لایەکی دیکەوە حەسەن ڕووحانی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاندووە ەک ڕۆژی هەینی ١٥ی خەرمانان، قۆناغی سێهەمی کەمکردنەوەی پابەندییەکانی کۆماری ئیسلامی بە بەڵێنەکانی لە بەرجام دەست پێدەکات



ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:07:59:05/09/2019