مەکرۆن؛ بەر لە کۆبوونەوەی گرووپی ٧ لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی چاوپێکەوتنم دەبێت

مەکرۆن؛ بەر لە کۆبوونەوەی گرووپی ٧ لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی چاوپێکەوتنم دەبێت

ئاسۆی ڕۆژ\ سەرۆک کۆماری فەرانسە باسی لە بەرنامەی چاوپێکەوتنی خۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی بەر لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی گرووپی ٧ کرد. ئەو ئامانجی لەم چاوپێکەوتنانەی خستنەڕووی کۆمەڵێک پێشنیار بۆ کەم کردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشیتۆن ڕاگەیاند.

ئیمانۆئێل مەکرۆن دەڵێت بەر لە دەست پێکی کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی گرووپی ٧ لە شاری بیاریتزی فەڕانسە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دیداری دەبێت.

هەواڵنێری ڕۆژیتێرز ڕاپۆرتی داوە سەرۆک کۆماری فەڕانسە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی ئاگۆست ئامانجی ئەو دیدارانەی شی کردنەوەی پێشنیارەکانی راگەیاندووە بە بۆ کەم کردنەوەی گرژییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

خولی نوێی کۆبوونەوەی سەرانی ٧ وڵاتی پیشەسازی جیهان بڕیارە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٢ و ٣ی خەرمانان بەڕێوە بچێت. فەڕانسە یەکێک لە سێ وڵاتی ئۆرووپاییە کە لایەنگری ڕیکەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەگەڵ ٦ زلهێزی جیهانن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ناسراو بە بەرجامن و زۆرتر لە باقی هەوڵ دەدەن کە ئەم ڕیکەوتننامەیە زیندوو ڕاگرن.

گوڵانی ساڵی پار ئەمریکا یەک لایەنە لەو ڕێکەوتننامەیە هاتە دەرێ و پێی وایە کە بەرجام ڕیگە لە دەست پێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی ناگرێت و دەڵێت دەبێت ڕیکەوتننامەیەکی نوێ واژۆ بکرێتەوە. ئێران بەوە ڕازی نییە، ئەمریکاش بۆ ناچار کردنی ئێران بەو ڕیکەوتننامە نوێیە لە دوو قۆناغدا کۆمەڵێک گەمارۆی جەرگبڕی لە بوارەکانی نەوت و سیستمی بانکی و کەسایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی خستۆتە بواری جێ بە جێ کردنەوە.

مەکرۆن باسی لە ناو و بەرپرسایەتی ئەو کەسانەی کە بە نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامی قسەیان لەگەڵ دەکات نەکردووە. لە ئێستا دا جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە سەر داوای خۆی سەردانی سوئێدی کردووە و ئەمڕۆ دەچێت بۆ ئۆسلۆ پایتەختی نۆروێژ و بڕیارە سەردانی فینلاندیش بکات.


ئه‌م بابه‌ته 119 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:05:22/08/2019