سەرۆکی ڕێکخراوی دابینکردنی پزشکی دەستگیر کرا

سەرۆکی ڕێکخراوی دابینکردنی پزشکی دەستگیر کرا

ئاسۆی ڕۆژ

پاش بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێک ڕاپۆرت و هەواڵ دەربارەی دەستگیری "عەلی فەرەجی" سەرۆکی ڕێکخراوی دابین کردنی پزیشکی هیلالی ئەحمەر، پێوەندییە گشتییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە ڕۆژی سێ شەممە ڕایگەیاند کە دەستگیری ناوبراو پێوەندی بە هیلالی ئەحمەرەوە نییە و ئەو لە بەر دۆسییەی "هاوردە کردنی دەرمانی سالک" دەستگیر کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکان فەرەجی سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی گەلاوێژ لە نووسینگەی کارەکەی خۆی دەستگیر کراوە.

ڕێکخراوی دابینکردنی پزیشکی مانگی سوور (هیلالی ئەحمەر) لە توێی ڕاگەیاندنێک ڕۆژی سێ شەممە نووسیویەتی کە بۆ ئازادی سەرۆکی ئەم ڕێکخراوەیە بارمەتە دیاری کراوە لە بری ئازادییەکەی. ئەم ڕاگەیانەنراوە باسی لەوە نەکردووە کە فەرەجی ئازاد کراوە یان هەروا بە دەستبەسەری ماوەتەوە.

ئەم ڕێکخراوە لە ڕاگەیاندنەکەی خۆیدا "بانگهێشت کردنی" سەرۆک ڕێکخراوەکەی کردووە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە باس لەوە دەکات کە "مەئموورەکان" ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

لەم ڕاگەیانراوەدا ئاماژە بەوە کراوە کە فەرەجی لە پێوەند لەگەڵ دۆسییەی کڕین و هاوردەکردنی دەرمانی گلۆکانتیم، دەرمانی نەخۆشی لیشمانیوز (سالک) دەستگیر کراوە.

ئەم ڕێکخراوەیە پێشووتر ڕایگەیاندبوو کە هاوردە کردنی ئەم دەرمانە پاش نەمانی لە بازاڕ، لە دوو باردا لە سەر داوای وەزارەتی تەندروستی ئێران بە مەبەستی  کۆنتڕۆلی قەیرانی ئیپدێمی ساڵک ئەنجام دراوە.

پێشووتر لە ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرابوویەوە باس لەوە کرابوو کە ئەم دەرمانە ساختە و تەقەلووبییە، بەڵام ئەم ڕێکخراوەیە و بەرپرسەکانی وەزارەتی تەندروستی ئەم ئیدیعایەیان وەدرۆ خستبوویەوە.

دەستگیری، زیندان، لەقادان و پێکدا هەڵپژانەکانی بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی باڵای ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو زۆر زیادی کردووە. هەندێک لە چاودێرانی سیاسی ئەمە بە قەیرانی بێ پلانی و بێ پرۆژەی ڕژیم بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ قەیرانە ئاڵۆز و جەرگبڕەکان لێک دەدەنەوە، هەندێکی دیکە بۆ تەسفییە حیسابی ناوخۆیی باڵەکان ڕژیم و هەندێکیش وەک ئامادەکاری بۆ بازاڕ کەرمی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئێرانی لێک دەدەنەوە.


ئه‌م بابه‌ته 121 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:50:20/08/2019