ڕووحانی هەڕەشەی شەڕی کرد دژی ئەمریکا

ڕووحانی هەڕەشەی شەڕی کرد دژی ئەمریکا

ئاسۆی ڕۆژ
سەرۆک
کۆماری ئێران ڕۆژی سێ شەممە وتی؛ من بە ئەمریکا دەڵێم ئێوە ناتوانن لە لایەکەوە ئەمنییەتی ئێمە خەوشدار بکەن و لە لایەکی دیکەوە بە دوای پاراستنی ئەمنییەتی سەربازەکانی خۆتانەوە بن لە ناوچەکە. شەڕ لە بەرامبەر شەڕدا و نەوت لە بەرامبەر نەوت دا.

ڕۆژی سێ شەممە ١٥ی گەلاوێژ حەسەن ڕووحانی لە بینای وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە هەڕەشەی شەڕی لە ئەمریکا کرد و وتی کە شەڕ لەگەڵ ئێران، دایکی هەموو شەڕەکان دەبێت.

بە دوای ئەوەی کە وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران خستە لیستی گەمارۆکانییەوە، حەسەن ڕووحانی بۆ پشتیوانی لە زەریف سەردانی بینای وەزارەتی دەرەوەی کرد.

ئەمریکا لە ماوەی ڕابردوودا خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی و ئۆفیسەکەی و هەموو کەوسانەی کە پێوەندییان بە ئۆفیسەکەوەی هەیە، خستە لیستی گەمارۆکانییەوە کە بە پێی ئاماری ساڵی ٢٠١٥ی ئەمریکا خامنەیی زیاتر لە ٩٣ میلیارد دۆلاری سەروەت هەیە.

ڕووحانی ئەگەرچی هەمووان دەزانن کە بڕیار گرنگەکان لە کۆماری ئیسلامیدا دەوڵەت نایگرێت و بە بێ پرس و ڕاوێژ و ڕاسپاردەی ڕێبەر ئێمە کارێک ناکەین، چۆن ئەمریکا داوای وت و وێژ دەکات و ڕێبەری دەخاتە لیستی گەمارۆکانییەوە. چۆن دان و ستان بکەین لە کاتێکدا وەزیری دەرەوەتان خستۆتە لیستی گەمارۆکانتانەوە

لە وتەیەکی دژواز لەگەڵ باقی قسەکانی ڕووحانی ڕەمزی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی بۆ بە دەستەوە گرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە دروشمی "هەڵسووکەوتی بنیاتنەر لەگەڵ دنیای دەروەزانی. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئەمریکا، ئیسرائیل، بریتانیا، سعوودییە و دەیان وڵاتی دیکە بە دوژمن دەزانێت و ڕۆژانە لە دروشمی مەرگ بۆ ئەوان دەڵێتەوە. ئاڵاکانیان ئاگر دەدەن یان ئاڵاکانیان لە ژێر پێ دەخەن

ئەمریکا پاش هاتنە سەرکاری دۆناڵد ترامپ وەک سەرۆک کۆماری تاک لایەن لە ڕێکەوتننامەی ناوکی شەش زلهێزی جیهانی لەگەڵ ئێران کشایەوە و کۆمەڵێک گەمارۆی دژی ئێران خستە بواری جێ بە جێ کردنەوە بۆ گوشار هێنان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بۆ واژۆ کردنی ڕێکەوتننامەیەکی نوێ کە تێیدا گەرەنتی ئەوە بکات کە کۆماری ئیسلامی هەرگیز دەستی بە چەکی کۆمەڵکوژی ناوکی ڕا نەگات

لە ئێستادا ئەمریکا لە هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەتییەکی جیهانییە دژی ئێران و ڕۆژی سێ شەممە بریتانیا بە شێوەی ڕەسمی ئەو هاوپەیمانییەتییە پەیوەست بوو

گرژییەکانی نێوان ئێران و بریتانیا پاش ئەوەی سپای پاسداران نەوتهەڵگرێکی بریتانیای لە تەنگەی هۆمرز دەستی بە سەر داگرت، توند بوویەوە و وای کرد بەو هاوپەیمانییەی ئەمریکا دژی ئێران پەیوەست بێت

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەشتێکی بۆ وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکای دەست پێکردووە بۆ پەیوەست بوون بەو هاوپەیمانییەی ئەمریکا دژی ئێران و بەو مەبەستە سەردانی وڵاتی ئۆسترالیای کرد.

ئەمریکا ئێران بە ئاژاوەگێڕی و کرداری شەڕەنگێزانە لە ناوچەکە و پێشێلکردنی سەروەری خاکی وڵاتان، ئەنجامی چالاکی گوماناوی ناوکی بۆ دروست کردنی چەکی قەدەغەکراو و کۆمەڵکوژی ئەتۆمی، پشتیوانی لە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی تۆمەتبار دەکات. بۆ ناچار کردنی ئێران بۆ ئەوەی وەک وڵاتێکی ئاسایی لە جیهاندا هەڵسووکەوت بکات ئەمریکا بە نیازە فرۆشی نەوت کە سەرچاوەی یەکەم و گرنگی کۆماری ئیسلامییە بۆ ئەنجامی پرۆژەکانی بگەیێنێتە سفر.

ڕۆیتێرز ڕاپۆرتی داوە کە لە مانگی ژوئیەی ڕابردوو فرۆشی نەوتی ئێران بۆ ١٠٠ هەزار بۆشکە لە ڕۆژدا دابەزیوە، ئەوە لە کاتێکدایە پێش گەمارۆکانی ئەمریکا، ئێران ڕۆژانە بڕی ٢ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار بۆشکەی نەوت هەناردە دەکرد
دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا پاش خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی وڵاتەکەی لە لایەن سپای پاسداران لە ئاوە نێونەتەوەییەکانی کەنداو بڕیاری هێرش بۆ سەر ئێرانی دەکرد، کە بە وتەی خۆی ١٠ خولەک بەر لە جێ بە جێ کردنی فرمانەکەی لە بڕیارەکەی پاشکەز بوویەوە.


ئه‌م بابه‌ته 300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:02:55:06/08/2019