سپای پاسداران دەستی بە سەر نەوتهەڵگرێکی بیانی دیکەی دا گرت

سپای پاسداران دەستی بە سەر نەوتهەڵگرێکی بیانی دیکەی دا گرت

سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە کە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٩ی گەلاوێژ نەوتهەڵگرێکی بیانی ـ کە بە وتەی ئەو دامەزراوەیە کە لە لایەن ئەمریکاوە وەک هێزێکی تیرۆریستی ناسراوە ـ "هەڵگری سووتەمەنی قاچاغبووە، لە لایەن هێزە گەشتییەکانی پایەگای ناوچەی دووی دەریایی ئەو ئۆرگانە لە کەنداو، دەستی بە سەر دا گیراوە.

ئەم دامەزراوەیە ڕاینەگەیاندووە کە ئەم نەوتهەڵگرە هی کام وڵاتە. لە ڕاگەیاندنەکە سپای پاسداران تەنیا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم "نەوتهەڵگرە بیانییە کە لە باقی نەوتهەڵگرەکانی دیکە سووتەمەنی وەرگرتووە، لە کاتی گواستنەوەی ئەو سووتەمەنییانە بۆ وڵاتانی عەرەبی کەنداو، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوە قەزاییەکان لە نزیک جەزیرەی فارسی دەستی بە سەردا گیراوە”.

سپای پاسداران باسی لەوە کردووە کە ئەم نەوتهەڵگرە، هەڵگری ٧٠٠ هەزار لیتر سووتەمەنی قاچاغ بووە کە سووتەمەنەکەشی دەستی بە سەردا گیراوە و دراوە بە کۆمپانیای میلی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانی ئۆستانی بوشهر.

بە پێی ئەو ڕاگەیاندنە سەرجەمی پێرسۆنلێکی ئەو کەشتییە هەموو خەڵکی بیانین و دەستگیر کراون.
سپای پاسداران ڕۆژی ٢٧ی پووشپەڕ نەوتهەڵگرێکی بە ئاڵای پاناماوە بە ناوی "ڕیاحی هەر بەم تۆمەتە، دەستی بە سەردا گرتبوو. هەروەها ڕۆژی ٢٨ی پووشپەڕ دەستی بە سەر نەوتهەڵگری بریتانیایی ئیستێنا ئیمپرۆ دا گرت لە نزیک تەنگەی هۆرمز

گرژییەکانی یەکساڵی ڕابردووی ئێران و ئەمریکا بە دوای دەست بە سەردا گرتنی ئەو دوو نەوتهەڵگر لە لایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی توندتر بۆتەوە. ئۆرووپا بە سەرپەرشتی بریتانیا ناوگانێکی هاوبەشی ئۆرووپای لە کەنداو بە مەبەستی پارێزگاری لە ئازادی هات و چۆی کەشتیوانی لە کەنداو پێکهات کە ئەمریکا ئەم هەوڵەی بە تەواوکەری هەوڵەکانی خۆی دژی ئێران لە قەڵەم دا.

بە دوای دەست بە سەر داگرتنی ئەم نەوتهەڵگرە لە لایەن سپاوە چاوەڕوان دەکرێت ئەوندەی دیکە گرژییەکان لە ناوچەکە توندتر ببێتەوە


ئه‌م بابه‌ته 434 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:57:04/08/2019