راگەیاندنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

راگەیاندنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

ناوەند و رێکخراوەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ!

تێکۆشەرانی دێرین، دۆستان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان!

ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و لایەنە سیاسیەکان!

 

 

هەروەک ئاگادارن لە رۆژانی ١٩ و ٢٠ی پووشپەردا (١٠ و ١١ی ژوییە) سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگای تۆپخانە و فرۆکەی بێ فرۆکەوانەوە، هێرشێکی کوێرانە و بەربڵاوی کردۆتە سەر ناوچە سنووریەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان. لە ئاکامی ئەم هێرش و بۆردمانانەدا کە ئامانجیان گورزوەشاندن لە بنکە و بارەگا سنوورییەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بووە، لە لایەکەوە پانتایەکی بەرین لە رەز و باخ و پاوانی دانیشتوانی گوندە سنووریەکان سووتاون و ژمارەیەکی زۆر لە رەوەند و هەوارچییەکانی باشووری کوردستان ئاوارە بوون و، لە لایەکی ترەوە زۆر بە داخەوە کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوی "زەیتوون قادر " گیانی لە دەست داوە و ژمارەیەک هاوڵاتی و سێ پێشمەرگەی کۆمەڵە بریندار بوون.

ئێمە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێرای مەحکومکردنی ئەو سەرەرۆیی وملهوریەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، سەرەخۆشی و هاودەردی خۆمان لە گەڵ بنەماڵەی زەیتوون قادر دەردەبڕین و هیوای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. لە هەمانکاتدا وێرای مەحکومکردنی سیاسەتی دەستێوەردان لە کاروباری هەرێم و پێشێل کردنی سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستان ترس و تۆقاندنی کۆماری ئیسلامی و نانەوەی ئاژاوە و دڵەراوکێ لە نێو دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان، خوازیاری ئەوەین هەموو توانای خۆتان بۆ ریسواکردن و لەقاودانی سیاسەتی سەرەرۆیانە و نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان بخەنەگەڕ و، لە رێگای جۆراجۆرەوە ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی مەحکوم و ریسوا بکەن.



ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢١ی پووشپەری ١٣٩٨ی هەتاوی

١٢ی جوولای ٢٠١٩



ئه‌م بابه‌ته 217 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:55:30/07/2019