لە کاتێکدا کە پێشووتر دەزگای دادوەری ئێران داوای سزای ئیعدامی بۆ هەندێک لە تۆمەتبارانی "جاسووسی” لە "ناوەندە سەربازییەکان” بڵاو کردبوویەوە، ئەمجار وەزارەتی ئیتلاعات ژمارەی دەستگیری کراوەکانی لە "ناوەندە هەستیارەکان” ١٧ کەس ڕاگەیاندووە و ڕایگەیاندووە کە کۆمەڵێک لەو کەسانە بە "ئیعدام” سزا دراون.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا، بەڕێوەبەری دژی سیخوری وەزارەتی ئیتلاعات ڕۆژی دوو شەممە ٣١ی پووشپەڕ باسی لە دەستگیری ١٧ سیخوری ڕاهێنراوی ڕێکخراوی زانیاری ئەمریکا (سیا) لە ٢٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ کرد و وتی هەندێک لەو سیخوڕانەی سزا دراون و هەندێکیشان وەک مفسد فی الارض ناسێنراون.
لە یاسای کۆماری ئیسلامی کەسێک کە بە مفسد فی الارض دناسرێت، سزاکەی ئیعدامە.
بەڕێوەبەری گشتی دژە سیخوری وەزارەتی ئیتلاعات کە ناوەکەی لە ڕاگەیاندنەکان بڵاو نەکراوەتەوە وتی کە دەستگیر کراوەکان لە "پسپۆران و کارناسانی” ئێرانی بوون و لە ناوەندە هەستیارەکان و لەوانە لە بواری ئابووری، ناوکی و سەربازی و سایبێری ئێران کاریان کردووە.
بە پێی وتەی ئەم بەرپرسەی وەزارەتی ئیتلاعات هەموو ئەو کەسانە ئێرانین و بە شێوەی "تاک” لە ئێراندا چالاک بوون و پێوەندییان بە یەکەوە نەبووە.
پێشووتر دادگای ئینقلابی ئێران، ئەحمەد ڕەزا جەلالی پزیشکی ئێرانی سوئیدی بە تۆمەتی جاسووسی کردن لە ناوەندە سەربازییەکان بە ئیعدام مەحکووم کردبوو. جەلالی دوو ساڵ لەمەوبەر لە کاتی بانگهێشت کردنی بۆ زانستگای تاران دەستگیر و زیندانی کرا.
گواستنەوەی زانیاری نهێنی بە موساد لە گەرمەی چالاکییە ناوکییە گوماناوییەکانی ئیران تۆمەتی جەلالی بوون کە لە لایەن دادگای ئینقلابەوە درابوونە پاڵی.
سزای جەلالی و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانەکانی ڕەخنەی زۆری دامەزراوە مافی مرۆییەکان و کارناسای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە بواری مافی مرۆڤی لێ کەوتەوە.
دامەزراوە مافی مرۆییەکان پێیان وایە کە کۆماری ئیسلامی بە شێوەی دادپەروەرانە تۆمەتەکان تاوتوێ ناکات. زاڵ بوونی بۆچوونی وەزارەتە ئەمنییەتییەکان و لەوانە وەزارەتی ئیتلاعات بە سەر دەزگای دادوەری هۆکاری سەرەکی ئەم نادادپەروەرانەیە.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٠ ساڵی لە سەر کاربوونی دەیان هەزار کەسی لە دادگایی چەند خولەکی بە ئیعدام مەحکووم کردووە.
ئهم بابهته 911
جار خوێنراوهتهوه