مەرگی کارگێڕی باڵوێزی ئەمریکا لە تاران لە سەردەمی بارمتەگیرییەکەی کۆماری ئیسلامی

مەرگی کارگێڕی باڵوێزی ئەمریکا لە تاران لە سەردەمی بارمتەگیرییەکەی کۆماری ئیسلامی

برووس لینگێن، دوایین کارگێڕی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران لە تەمەنی ٩٦ ساڵی بە هۆی نەخۆشییەوە مرد.

ئەو لە زومرەی ئەو ٥٢ بارمتە ئەمریکاییە بوو کە بە دوای هێرش خوێندکارانی پەیڕەوی خەتی خومەینی بۆ باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران لە ١٣ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ لە ئێران دەست بە سەر بوو

بە پێی ڕاپۆرتی ئاسۆشەیتێد پرێس، یەکێک لە منداڵەکانی برووس لینگێن وتوویەتی کە ڕۆژی دوو شەممە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی دەورووبەری واشینتۆن بە هۆی نەخۆشی پارکینسۆن بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان کردووە

قەیرانی بارمتەگیری کە چەند مانگ پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ ڕوویدا، خاڵی کۆتایی لە سەر مێژووی یەک سەدە پێوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا بوو

برووس لینگێن پێشووتر لە وت و وێژێکدا وتبووی کە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٥٨ پاش وت و وێژ لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە کاتی چوونە دەرەوە لە بینای وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە باغی نەتەوەیی و سوار بوونی لە لیمۆزینی باڵوێزخانە بوو کە هەواڵی داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا بوو لە لایەن خوێندکارەکانی پەیڕەوی خەتی خومەینی.

لینگێن وتبووی کە بۆ بینای وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەڕاوەتەوە تا لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی بۆ کۆتایی هێنان بە بارمتەگیرییەکان وت و وێژ بکات، بەڵام هەوڵەکانی بێ ئەنجام ماوە چوونکا دەوڵەتی کاتی مێهدی بازەرگان توانای بەرەوڕوو بوونەوەی لەگەڵ باڵەکانی دیکەی دەسەڵاتی نەبووە و سبەینێ ئەو ڕۆژە دەوڵەتەکەی ڕووخا.

برووس لینگێن لە کارنامەی ژیانی خۆیدا دوو جار بۆ تاران ڕاسپیردرا؛ ماوەیەک پاش کۆدەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ و جاری دووەم پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٨ و بوو بە کارگێڕی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تارن و بوو بە جێگری ویلیام سۆلیوان، باڵوێزی ئەوکاتی وڵاتەکەی لە تاران

لینگێن ٦ی ئاگۆستی ساڵی ١٩٢٢ لە مەزرایەک لە باشووری ویلایەتی مینە سووتا لە نزیک شاری باترفیلید لە دایک بوو

برووس لینگێن لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم لە هێزی دەریایی ئەمریکادا بوو. ئەو ساڵی ١٩٤٩ ماستەری لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لە زانستگای مینە سووتا وەرگرت

برووس لینگێن ساڵی ١٩٥٠ تا ١٩٨٧ لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دامەزرا بوو و پێش دوایین سەفەری بۆ تاران لە ساڵی ١٣٥٨ لە وڵاتانی ئاڵمان، ئێران، پاکستان و ئەفغانستان چالاکی دیپلۆماتیک بوو.


ئه‌م بابه‌ته 121 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:06:11:20/07/2019