ئێران لەگەڵ کەمی پزیشک بەرەوڕووە

ئێران لەگەڵ کەمی پزیشک بەرەوڕووە

بە پێی ئامارەکانی خودی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کەمی پزیشک دناڵێنێت. لە لایەکی دیکەوە جێگری گشتی وەزارەتی تەندروستی ئێران دەڵێت؛ پزیشکەکان بە هۆی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە لە کاتی کونکوور دا وەریان گرتووە دەبێت ٣ ئەوندەی ماوەی تەمەنی خوێندنیان لە ناوچە بێ بەش و مەحروومەکان بە پێی بەڵێنی خۆیان، خزمەت بکەن.

جێگری گشتی وەزارەتی بێهداشتی ئێران دەڵێت؛ کە ئێران لە چاو باقی وڵاتانی جیهان کەمی پزیشکی هەیە و بە پێی لێکدانەوەکانیان بۆ داهاتوو تا ساڵی ١٤٠٤ پێویستیان بە ٥٢ هەزار و ١١٣ پزیشکی پسپۆر هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ئێران بۆ هەر ١٠٠٠٠ کەس تەنیا ١١ بۆ ١٦ پزیشک بوونی هەیە و لە ناوچە بێ بەشەکان ئەم ڕێژەیە بۆ یەک لە سەر سێ دادەبەزێت، واتە بۆ هەر ١٠ هەزار کەس تەنیا ٤ پزیشک بوونی دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە وڵاتێکی وەک ڕووسیا لە بۆ هەر ١٠ هەزار کەس ٤٢ پزیشک و لە وڵاتی سوئێد بۆ هەر ١٠ هەزار کەس ٥٢ پزیشک بوونی هەیە.

نەبوونی پزیشکی پێویست وا دەکات کە پزیشکێکی ئاسایی لە ئێران ڕۆژانە لە پاش کاتی ئیداری لە نەخۆشخانەکان، چاوی بە ١٢٠ نەخۆش بکەوێت کە ئەمە بە پێی هیچ ستانداردێک ڕێگە پێدراو نییە و لەم ماوەکەدا هیچ پزیشکێک ناتوانێت پشکنینێکی ورد بۆ نەخۆشەکەی بکات.

سەرباری ئەوانەش بە هۆی بوومەلەرزەکەی ساڵی پار لە کرماشان و ناوچەکانی دەورووبەری و هەروەها لافاو و سێڵاوەکەی بەهاری ئەمساڵ خەڵکی ئەو ناوچانە لە بەردەم تووش بوون بە نەخۆشی مەترسیدارن کە زۆربەی ناوچە سێڵاو لێدراوەکانیش لە ناوچە بێ بەشەکانی ئێران هەڵکەوتوون.

لە ئێران دا بە ڕەسمی هەندێک ناوچە بە ناوچەی بێ بەش ناوزەد دەکرێن کە دەسەڵات بە ڕەسمی خۆی لە بەرامبەر ئەو ناوچانەدا بێ بەرپرسیار دەبینێت و هەر چەشنە دۆخێکی نالەباری ئابووری و سڵامەتی و پێشکەوتووی، بە پاساوی ناوچەی بێ بەش یان مەحرووم خۆی دەدزێتەوە. 



ئه‌م بابه‌ته 138 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:04:55:19/07/2019