گەمارۆکانی ئەمریکا کێشەی بۆ کەشتییەکانی ئێران ناوەتەوە

گەمارۆکانی ئەمریکا کێشەی بۆ کەشتییەکانی ئێران ناوەتەوە

دوو کەشتی بارهەڵگری کۆماری ئیسلامی بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە، ماوەی چەند هەفتەیەکە لە لایەن برێزیلەوە ڕاگیراون و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئێران.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، دوو کەشتییەکەی کۆماری ئیسلامی بە ناوەکانی "باوەند” و "ترمە” لە ئێستادا لە برێزیلن، بەڵام دەوڵەتی ئەم وڵاتە بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی لە دانی سووتەمەنی بەو کەشتییانە خۆی بواردووە. 

بەرپرسانی بەندەری پاراناگوا، ئەو شوێنەی کە ئەو کەشتییە لێی وەستاون، بە ڕۆیتیرزیان وتووە کە ئەم دوو کەشتییە هەڵگری جۆرێک ماددەی شیمیایی بە ناوی "ئوورە” بوون. "ئوورە” لە زومرەی ئەو ماددانەیە کە لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادان. بڕیار بوو ئەم دوو کەشتییە بە باری "گەنمەشامییەوە” بۆ ئێران بگەڕێنەوە. کەشتی باوەند ٥٠ هەزار تۆنی گەنمەشامی بارکردووە و کەشتی تێرمەش بڕیارە ٦٦ هەزر تۆن گەنمەشامی تر بار بکات.

لە لایەکی دیکەوە دیوانی باڵای ناوچەی جەبەلولتاریقیش ڕاگرتنی نەوتهەڵگری "گریس ١”ی بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژ کردۆتەوە. 

ڕۆیتێرز لە زاری دادستانی گشتی ناوچەی جەبەلولتاریق نووسیویەتی کە دیوانی باڵای ئەو ناوچەیە ڕاگرتنی ئەو نەوتهەڵگرەی تا ١٨ی ئاگۆست واتە ٢٤ی گەلاوێژ درێژ کردۆتەوە. 

نەوتهەڵگری "گریس ١” کە بە وتەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دوو میلیۆن بۆشکەی نەوت پێ بووە، ڕۆژی ١٣ی پووشپەڕ لە لایەن بەرپرسانی جەبەلولتارق و هێزە دەریاییەکانی بریتانیاوە ڕاگیراوە. 



ئه‌م بابه‌ته 402 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:04:35:19/07/2019