برایان هۆک؛ هیچ بەرپرسێکی ئەمریکایی چاوی بە زەریف ناکەوێت

برایان هۆک؛ هیچ بەرپرسێکی ئەمریکایی چاوی بە زەریف ناکەوێت


ئاسۆی ڕۆژ
برایان هۆک، بەرپرسی ژووری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی کە لە ماوەی مانەوەی جەوادی زەریف لە نیۆیۆرک، هیچ بەرپرسێکی ئەمریکا لەگەڵ ئەو چاوپێکەوتنی نابێت. هۆک لە میانەی گفت و گۆ لەگەڵ تەلەفزیۆنی فاکس نیوز بە ئاماژە بەوەی کە "هیچ گفت و گۆیەکی پشت پەردە لە نێوان ئەمریکا و ڕژیمی ئێران بوونی نییە” وتی؛ " هەموو ئەو شتانەی کە دەبووایە بوترابایەن پێشووتر لە لایەن سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە شێوی ڕاشکاوانە و بە ئاشکرا وتراون.”

نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە دەوڵەتی ئەمریکا بە هۆی بەڵێنەکانی بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دیپلۆماتەکان و لەوانە بۆ زەریف ویزای دەرکردووە، بەڵام "ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە ئیزنی هات و چۆی ئازادانە بە دیپلۆماتە ئێرانییەکان لە شاری نیویۆرک بدەین.”

مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشووتر ڕۆژی دوو شەممە بە واشینتۆن پۆستی وتبوو کە زەریف و هەیئەتی هاوڕێی "تەنیا بۆیان هەیە لە نێوان ناوچەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و شوێنی حەوانەوەی هەیئەتی ئێرانی هات و چۆ بکەن.”

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر کات دیپلۆماتە ئەمریکاییەکان بتوانن ئازادانە بچن بۆ ئێران و تاران، دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامیش دەتوانن ئازادانە لە وڵاتە یەکگرتووەکان بسووڕێنەوە. 

هەیئەتێکی ئێران بە سەرپەرشتی جەوادی زەریف بە مەبەستی بەشداری کردن لە کۆبوونەوەیەکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی شەڕ و برسییەتی و گۆڕانی کەش و هەوا ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە نیۆیۆرک.


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:04:47:16/07/2019