گراهام؛ گەمارۆکان دەبێ بەردەوام بن

گراهام؛ گەمارۆکان دەبێ بەردەوام بن

ئاسۆی ڕۆژ

لیندزی گراهام سێناتۆری باڵای ئەمریکا سەبارەت بە پێشنیاری وت و وێژی لە لایەن حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێرانەوە بە مەرجی هەڵوەشاندنەوە و لابردنی گەمارۆکانی سەری کۆماری ئیسلامی وتی کە گەمارۆکان دەبێت بەردەوام بن و ئەگەر ئێران بیەوێت ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرز و بەرزتر بکاتەوە، ئیتر ئەگەری هەر هەنگاوێک لە ئارادایە.

لیندزی گراهام سێناتۆری کۆماریخوازی ویلایەتی کارولینای باشوور ڕۆژی دوو شەممە ٢٤ی پووشپەڕ لە وت و وێژ لەگەڵ کانانی تەلەفزیۆنی فاکس نیوز وتی؛ "لە ئێستادا دوو لەمپەر پێشیان بە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی گرتووە کە بریتین لە؛ یەکەم ئیسرائیل و دووەم پریزێدێنت دۆناڵد ترامپە. ئۆرووپاییەکان بە کەڵک هیچ نایەن. ئەوان لە لایەکەوە هەڕەشە لە ئێران دەکەن و لە لایەکی دیکەوە دەیانهەوێت لەگەڵ ئێران دان و ستان بکەن. ئەگەر ئەوان پیتاندنی یۆرانیۆم لەو ئاستەی کە قسەیان لێکردووە بەردەوام بن، ڕێگەیەک تر جگە لە پێدادانی سەربازی بۆ ئیسرائیل نامێنێتەوە، مەگەر ئەوەی کە ئێران دەست لەم پلانەی هەڵگرێت.

سێناتۆ گراهام وتی؛ "کاتێک ئایەتوڵڵاکان دەڵێن مەرگ بۆ ئیسرائیل، بە گاڵتەیان نییە. کاتێک لە سەر موشەکەکانیان دەنووسن مەرگ بۆ ئیسرائیل، بەڕاستی مەبەستیانە ئیسرائیل لە ناو بەن. کاتێك دەڵێن مەرگ بۆ ئەمریکا، بەڕاستی مەبەستیانە ئەوەیە. ئەو (خامنەیی) نازییەکی مەزهەبییە… و ئەگەر بتوانێت بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات، لە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل کەڵکی لێ وەردەگرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێکەوتنی ناوکی بەرجام بەری بە ئێران بۆ دروست کردنی بۆمبەی ئەتۆمی نەدەگرت، تەنیا بۆ کاتێکی کورت وەدوادەخست.

جێی ئاماژەیە کە بنیامین نتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕ لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەشێک لە هێزی سەربازی وڵاتەکەی باسی لەوە کردبوو کە تەنیا ئەرتەشی ئیسرائیل دەتوانێت لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران شەڕ بکات.



ئه‌م بابه‌ته 70 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:04:10:16/07/2019