وتووێژ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئازەربار سەبارەت بە بۆردومانی مقەڕی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات

وتووێژ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئازەربار سەبارەت بە بۆردومانی مقەڕی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات

ڕۆژانی ١٩ و ٢٠ی پووشپەڕ، تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی، بنکە و مقەڕەکانی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکانیان لە سنوورەکانی بەربەزین، کێلەشین و هەڵگورد، بۆردومان کرد کە بە هۆیەوە چەندین کەس لە خەڵکی مەدەنی ناوچەکە شەهید و برینداربوون و زەرەر و زیانێکی ماددی زۆریش بە زەوی و زار و باخاتی ناوچەکە گەیشت؛ بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵە لە سنووری بەربەزین بۆ ماوەی دوو ڕۆژی بەردەوام لە ژێر ئاگری تۆپ و ڕاکێتی فڕۆکەکانی کۆماری ئیسلامی دابوو کە خۆشبەختانە زەرەر و زیانی گیانیی بەدواوە نەبوو.

بۆ تاووتوێ کردنی زیاتری ئەم پرسە، ئاسۆی ڕۆژهەڵات وتووێژێکی تایبەتی لەگەڵ هاوڕێ عەبدوڵڵا ئازەربار، ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵە و بەرپرسی کۆمیسیۆنی نیزامیی ساز کردووە.

 

پرسیار: هاوڕێ عەبدوڵڵا هەر وەک ئاگادارن لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا، بنکە و بارەگای حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات زۆر بە چڕی بۆردومان کران، بەلەبەرچاوگرتنی ئەم هەلوومەرجەی ئێستا کە کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تێکەوتووە و زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی بە بەزاندنی سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان، دەیەوێ چ پەیامێک بگەیەنێت؟

وڵام: لەبەرەبەری دروستبوون و دەست بەکاربوونی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەک و لە لایەکی دیکەشەوە، سەرجەم، فشار دروستکردنی هەرێم بۆ سەر حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەمیشە یەکێک لە ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی بووە، بۆیە هاوکاتبوونی ئەو هێرشانە لەگەڵ دەستپێکردنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێ پەیام نیە؛ ئەگەر کۆماری ئیسلامی بیویستبوایە ئەو کارە بکات، دەیتوانی زووتر یان درەنگتر ئەو کارە بکات؛ هاوکاتبوونی ئەوە عەمدێکی تێدایە سەبارەت بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ و ئەوەش کە خەڵکی سڤیل و  ڕەزوو باخی خەڵکی کردوەتە ئامانج  ئەمەش لە لایەکەوە هەم فشار دروست کردنە لە ڕێگای خەڵکەوە بۆ سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەم لە لایەکی دیکەوە دەیەوێت بە هەرێم بڵێ: پەنادان و داڵدەدانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و پشتگیری و ساپۆڕت کردنیان و یا مانەوەیان، لێرە و لەو سنوور و لەم هەرێمە و چالاکی کردنیان هەزینەی بۆ ئەوانیش هەیە، ئەمە پەیامێکە کە کۆماری ئیسلامی دەیگەیەنێت.

لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی لەژێر زەخت و گوشارێکی زۆری نێونەتەوەیی دایە، لەو نێوەدا دەشیهەوێت چنگ و ددانێک نیشان بدات، حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، خەباتکارانی مەدەنی، ڕووناکبیران لە ناوخۆی وڵات، ئێن جی ئۆکان، ئەمانە لایەنهایەکن کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە هێرش‌کردن بۆسەریان کارێکی هاسانە، جوابێک وەرناگرێتەوە، و یان هەزینەیەکی زۆری نییە بۆی، بێجگە لە هەزینەی ئیعتباری و ئەوانە، هەزینەیەکی زۆری نییە، ئەگەر لە ئەمریکا بدات، ئەمریکا جوابی دەداتەوە، ئەگەر هێرش بکاتە سەر وڵاتانی دەورووبەر، قورستر بۆی تەواو دەبێت، بەڵام لە نەزەر خۆیەوە هەم چنگ و ددانێک نیشان دەدات بە بزووتنەوەی کوردستان  و بە هەڵسووڕاوان و بە چالاکان لە ناوخۆ، هەم لە لایەکی دیکەشەوە بەرپەرچدانەوەی ئەوانە، واکونشی ئەوان بۆ کۆماری ئیسلامی ئەوەندە قورس تەواو نابێ، بۆیە لە وەها باروودۆخێکدا کە لە دەرەوە، لە ژێر فشاردایە، زۆر دەست دەبات بۆ سەرکوت لە ناوخۆ و دەست وەشاندن لە حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات.

پرسیار: گەورە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا باسی بەردەوامی هەوڵەکانیان دەکەن بە دژی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات؛ بۆ نموونە: (نوێنەری خامنەیی لە ورمێ و بەرپرسی هێزی زەوینی سپای پاسداران)، لە ئەگەری بەردەوام بوونی ئەم هێرشانە، کاردانەوەی کۆمەڵە چی دەبێت؟

وڵام: کاردانەوەی ئێمە مەحکوم کردنیەتی، ئارایش دانە بەخۆمان، ئێمە لەئێستادا لە سەر خاکی هەرێمی کوردستان واردی ڕووبەڕووبوونەوەیەک نابین لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەردەوام بێ لە پێشێلکارییەکانی وە بە بەڵێنەکانی خۆی عەمەل نەکا، بێگومان لە داهاتوودا ئێمەش ڕێگایەکیتر دەگرینە بەر، بیر لە شتی دیکە دەکەینەوە، بەڵام تائێستا ئێمە ئەرکمان لەلایەک خۆپاراستن و پارێزگاری کردنە لە خۆمان و لەلایەکی دیکەوە لە هەرێمی کوردستان، ئێمە نامانەوێت هەرێمی کوردستان بکەینە ئەو مەیدانە و خەڵکی ئێرە بکەینە بەرپەڵی ئەم شەڕەی کە ئێمە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەمانە، ئەمە سیاسەتی ئێمە نییە و لە ئێستادا نامانەوێت کارێکی لەو جۆرە بکەین.

پرسیار: کۆماری ئیسلامی جیا لە بنکە و مقەڕەکانی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان، خەڵکی بێ تاوانی هەرێمی کوردستان و زەوی و زاری خەڵکیشی کردۆتە ئامانج، مەبەستی لەم کارە چیە؟

وڵام: کۆماری ئیسلامی بە ئامانج گرتنی خەڵکی سڤیل و بێ‌تاوان و زەرەروزیان لێدانیان، جارێکی دیکە نیشانی داوە کە هیچ بایەخێک بۆ ئەم خەڵکە دانانێت، لەلایەکەوە، ئەگەر مەبەستی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە کە بە بیانووی ئەوانەوە ئەو کارە دەکات، بۆخۆی ئیدیعای زۆر لەوانە زیاترە، شتی نوقتەزەنی هەیە، ئەو (شەلم، کوێرم ناپارێزم)، تەنانەت لە زۆر جێگا کە ئێمە و هیچ حزبێکی دیکەی کوردستانیش حزووری نیە ئەوکارە دەکات؛ دیارە بۆ ئەو مەسرەفێکی دیکەی غەیری ئەوە هەیە تا زەربەلێدان و کوشتن و بریندار کردن و سوتاندنی مقەڕ و بنکەکانی ئێمە؛ کەڵکێکی دیکە و ئیستفادەیەکی دیکەی هەیە و بەمەبەستێکی دیکە سوود وەردەگرێ لەو هێرشانە.

پرسیار: پێتان وایە بەردەوامی ئەم گرژیانە بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات و ڕێبەرایەتییە سیاسیەکەی دەباتە قۆناغێکی تازەوە؟

وڵام: درێژەدانی ئەم گرژیانە و ئەگەر کۆماری ئیسلامی بڕیار بدات شێوەیەکی دیکە بەکار بێنێ، ساڵانێکی زۆرە بەشێوەی ڕانەگەیەندراو، دەستپارێزییەک لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان هەم لەلایەن ئەوانەوە بە نیسبەت حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، هەم لە لایەن حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە بۆ سەر ئامانج و بنکەکانیان و مەساڵحی ئەوان لە هەرێمی کوردستان نەبووە، چونکە ئێمە نەمانویستووە هەرێمی کوردستان بکەینە ئەو مەیدانی جەنگەی مەسافی بەینی خۆمان و کۆماری ئیسلامی، ئەوە کۆماری ئیسلامی بووە لەساڵانی ڕابردوودا بە تیرۆر کردنی تێکۆشەرانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە کوردستانی باشوور،  بە بۆمب دانان بۆ بنکە و مقەڕەکانی کۆمەڵە و دیموکرات، بە دەست‌وەشاندن، بە هەڕەشە و تەهدید، بەموشەک باران‌کردن و بە هەموو ئەوانە خەریکە نەقزی ئەو ڕەوییە دەکات کە لەلایەن بەنێوبژیوانی حکوومەتی هەرێم و حیزبەکانی باشوور ڕەعایەت کردنی پڕۆتۆکۆڵێکی نەنوسراو هەبوو کە ئێمە ئێرە نەکەینە ئەو مەیدانی جەنگە، بەڵام ئەوە کۆماری ئیسلامیە لە ساڵانی ڕابردوودا پێشێلکاری کردووە، و ئەگەر ئەو پێشێلکاریانە بە بەردەوامی بکات، حەتمەن ڕەویەی کاری ئێمەش دەگۆڕدرێ؛ هەم ڕەویەی دیفاعیمان، هەم ڕەویەی دیکەمان بەرامبەر ئەم سیاسەتە نوێیانەیەوە.


ئه‌م بابه‌ته 765 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:12:02:13/07/2019