جی ٢٠؛ ئیران مەترسییەکی هاوبەشە بۆ هەموو جیهان!

جی ٢٠؛ ئیران مەترسییەکی هاوبەشە بۆ هەموو جیهان!

ئاسۆی ڕۆژ

ڕۆژی هەینی لە شاری ئۆزاکا لە ژاپۆن هەفتەی ڕابردوو، بەهیزترین وڵاتانی ئابووری و پیشەسازی جیهان بەشدارییان کرد لە کۆبوونەوەی ساڵانەی گرووپی ٢٠ یان جی ٢٠ بەشدارییان کرد.

ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بازەرگانی ئازادی جیهانی و گوڕانی کەش و هەوای جیهانی، بابەتە سەرەکییەکانی ئەو دانیشتنەکانی جی ٢٠ بوون.

سکرتێری گشتنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو دانیشتنەدا خوازیاری خێرای کەم کردنەوە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بوو، لە بەرامبەردا دۆناڵد ترامپ وتی؛ "بۆ کەمکردنەوە گرژییەکان پەلەم نییە، چیم زۆر کات!"

ئاماژەی ترامپ بە دڵنیاییەتە بۆ مانەوەی لە پۆستی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ چوار ساڵی داهاتوو، لە کاتێکدا کە کەمپینی دیبەیتەکان بۆ دیاریکردنی کاندیداتۆری دێمۆکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٠ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. خاڵێک کە ئێرانییەکان زۆر لەمەوپێشەوە پلانیان بۆی بوو. تەنانەت ئێرانییەکان باسیان لەوە دەکرد کە ترامپ چوارساڵەی یەکەمی خولی سەرۆک کۆمارییەکەی تەواو ناکات و لە سەر کار لادەبرێت. وا دیارە ترامپ لە بردنەوەی کێبەرکێی هەڵبژاردنەکان داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا دڵنیایە.

ترامپ لە کۆبوونەوەی ساڵانەی جی ٢٠ کۆمەڵێک دیدار و چاوپێکەوتنی دوو لایەنە  و چەند لایەنەی ئەندام دا کە تێیدا باسی ئێران تەوەرەی باسەکانی بوون.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، شینزۆ ئابێ، دیداری کرد و سەبارەت بە هاوکاری دیپلۆماتیک لە بەرامبەر ئێراندا قسەیان کرد و جەختیان کردە سەر ئەو بەردەوامی هاوکارییە دوو لایەنەکانیان کردەوە.

دۆناڵد ترامپ هەروەها لە پەراوێزی دانیشتنەکاندا لەگەڵ وێلادێمێر پوتین کۆبوویەوە. لەو دانیشتنە لە نێوان دۆناڵد ترامپ و ولادێمێر پوتین، مەترسی و جارێکی دیکە هەڕەشەی ئێران یەکێک لە بابەتەکان بوو.

ئەو دوو سەرۆک کۆمارە ڕۆژی هەینی ٧ی پووشپەڕ لە ژاپۆن لە کاتێکدا دانیشتنیان کرد و کە ماڵپەڕی "هیڵ" لە زاری یەکێک لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا وتبووی، مەترسی و هەڕەشەی ئێران بۆ ناوچەکە و جیهان، بوونی هێزەکانی ڕووسیە لە وڵاتی ئۆکراین، سوریە و کۆنترۆڵ کردنی چەک و چۆڵ لە بابەتەکان ئەو دانیشتنە بووە.

لە ماوەی ڕابردوودا پەیوەندی دیپلۆماسی و ئامانجی و خەتی سیاسی واشنتن و مۆسکۆ زۆر نزیک بۆتەوە. لەم پەیوەندییەدا سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە هەندێک لە هەواڵنێران و ڕۆژنامەنووسانی وتووە کە: "ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان {لەگەڵ ڕووسیە} هەیە. ئێمە دەورانێکی باشمان پێکەوە دەبێت. شتی زۆر باش بە هۆی ئەم دانیشتنە ڕوو دەدات".

باسی ئێران و هەڕەشەکانی بەشێکی زۆری لە سیاسەتمەداران و نوێنەری وڵاتانی جی ٢٠ی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو، هەر لە پووتین و ترامپەوە بگرە تا بن سەلمان و ئابێ، مەکرۆن و مێرکێل و جانسۆن و مەی... زوربەی هەرە زۆری گرووپی ٢٠ لەگەڵ مەترسی ترامپ و ئەمریکا دەربارەی ئێران هاوڕا بوون، تەنیا ڕەنگە لە شێوازی بە گژداچوونەوە و ڕەواندنەوەی ئەو مەترسییە جیاواز بوون.

پاتریک شاناهان سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە لێدوانێکی دا دەڵێت؛ ئێران کێشەیەکی جیهانییە و بۆ چارەسەری ئەو کێشەیەش پێویستمان بە کۆ دەنگییەکی جیهانی هەیە. کۆبوونەوەی جی ٢٠ یەکێک لەو دەرفەتانە بوو کە ئەمریکا بتوانێت ئەم کۆدەنگییە جیهانییە پێک بێنێت، بۆیە ترامپ وێڕای ڕاوێژکاری سەربازی و ئابووری لەو کۆبوونەوانەدا تیمێکی بەهێزی دیپلۆماسیشی وەک یاوەری خۆی بردبوو بۆ ژاپۆن و ناسەرکەوتووش نەبوون. لە لایەکی دیکەوە "کاهێن" نوێنەری کاتی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی ئاژاوەگێڕییەکانی ئێران لە ناوچەکە هۆشداری داوەتە ئەو ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و خوازیاری کۆبوونەوەیەکی ئەو ئەنجوومەنە بووە بۆ لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە. سەرۆکی پێنتاگۆنیش چوو بۆ کۆبوونەوەی "ناتۆ" بۆ لەگەڵ خۆخستنی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بۆ بەرپرچ دانەوەی ئاژاوەگێڕییەکانی ئێران.

ئەمە جیا لەو پێشنیار و هەڕەشانەیە کە ئەمریکا بۆ یەکێتی ئۆرووپا دەربارەی ئێران هەیبووە.

 

یەکگرتوویی و هاوبەش بوونی ڕای کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە سەر هەڕەشەی ئێران

پەیوەندی نێوان ڕووسیە و ئەمریکا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا زۆر باش نەبووە و کەم و تا کورت ئاڵۆزیان لە نێواندا بووە، بەڵام هەڕەشەیەکی نوێ بە ناوی "ئیران" بۆتە هۆی هاوبیر و هاوسیاسەت بوونی مۆسکۆ و واشنتن.

ڕووسیە لە سەرەتاوە ڕخنەی لە دۆناڵد ترامپ و ئەمریکا بوو بۆ چوونەوە دەرەوە لە بەرجام و ئێستاش کەم تا کورتێک هەر ڕخنە لە ئەمریکا دەگرێت، بەڵام هەم ڕووسیە و هەم ئەمریکا سەبارەت بە مەترسیدار بوونی ئێران و پێشگیری کردنی لە ئێران بۆ گەیشتی بە چەکی ناوکی، تا ڕادەیەکی زۆر هاوبیرن.

جان بۆڵتۆن ٤ی پووشپەڕ لەگەڵ نیکلای پاترۆشۆف، ڕاوێژکاری باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی ڕوسییە لە ئیسرائیل دانیشتنێکیان کرد.

ڕاوێژکاری باڵای ئەمریکا پاش ئەو دانیشتنە وتی: "لەگەڵ ڕاوێژکارانی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئیسرائیل و ڕوسیە، سەربارەت بە شێوەکانی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکە و بەرنامەی پەرە پێدانی بە چالاکییە گوماناوییە ناوکییەکانی ڕاوێژی زۆر و ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانمان کرد" .

وەزیری درەوەی ئەمریکا لە کۆتاییەکان مانگی گوڵانی ئەمساڵ، لە کۆنفرانسێکی هەواڵی هاوبەش لەگەڵ سێرگی لاورۆف، وەزیری دەروەی ڕووسیە، ئاماژەی بە ستراتێژی ئەوپەڕی گوشاری ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە مەبەستی گۆڕینی کردەوەکانی ئێران کرد.

مایک پۆمپێئۆ وتی: "سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەربارەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ڕووسیە قسەم کردووە. ئێمە درێژە بە پلانی "ئەوپەڕی گوشار" بۆ سەر ئیران دەدەین. ئێمە هیوادارین کە کۆماری ئیسلامی هەڵسووکەوتی بگۆڕێ. ڕژیمی ئێران دەبێ ببێتە وڵاتێکی ئاسایی".

ئەمریکا بە دوای کۆدەنگییەکی جیهانی بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ مەترسی ئێران بۆ ناوچە کە و جیهانە. هەتا ئێستا یەکێتی ئورووپا وڵامێکی ڕوونی نەداوەتەوە بەڵام ئەوانیش سەبارەت بە "پێشگیری کردن لە ئێران بۆ گەیشتن بە هێزی ناوکی" هاوبیرن.

یەکێتی ئورووپا لە ماوەی ڕابردوودا لە حاڵی چالاک کردنی سازوکارێک بە ناوی "ئینستێکس" (سازوکارێک بۆ دەور لێ دانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا دژ بە ئیران) بووە کە لە بواری ئابوورییەوە یارمەتی ئێران دەکات.

ئێران هەڕەشەی کردبووکە ئەگەر ئورووپا بە زوویی هەنگاوێک بۆ ئابووری ئێران هەڵنەهێنیت،  پیتاندنی یۆرانیۆم لە ٣٠٠ کیلۆگرام زیاتر دەکات و ئەوەش بە واتە شکاندنی یەکێک لە بەندەکانی ڕێکەوتننامەی بەرجامە. کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی ٧ی خەرمانانی وڵاتانی بەرجامی لە ڤییەنی پایتەختی ئۆتریش بە دڵی ئێرانییەکان نەبوو. کۆماری ئیسلامی بە ڕێکخستنی ئینستێکس ڕازی نەبوو و بڕیاری زیاد کردنی ڕێژەی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی وەک ناڕەزایەتییەک بە ئەنجامی دانیشتنەکەی وڵاتە بەرجامییەکان دەکرد.

کۆماری ئیسلامی ئێران ٥٩ ڕۆژ لەمەوبەر مۆڵەتێکی ٦٠ ڕۆژەی بە ئۆرووپاییەکان دابوو کە ئەگەر هەوڵی جیددی بۆ زیندوو کردنەوەی بەرجام نەدەن، بە شێنەیی لە بەرجام دەکشێنەوە. سبەینی ئەم مۆڵەتە کۆتایی دێت و ئێران بەنیازە لە قۆناغی دووەمی هەڕەشەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمەکەی لە ٣٠٠ کیلۆوە بەرز بکاتەوە. خاوەندارییەتی ٣٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە مەترسی دەست پێڕاگەیشتنی ئەو وڵاتە بە چەکی ناوکی زۆر دەکات کە ئەمە بۆ ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆمەڵگای جیهانی قبووڵ نەکراوە.

لە بەرامبەر ئەو ناڕەزایەتییەی کۆماری ئیسلامی دیپلۆماتە ئورووپاییەکان ڕاگەیاندووە کە ئورووپا یارمەتی ئێران دەکات، بەڵام ئیران ئەرکدارە کە بە بەڵێنەکانی سەبارەت بە بەرجام پابەند بمێنێتەوە.

یەکێک لە دیپلۆماتە باڵاکانی ئورووپا بە رۆیتێرزی وتبوو: "ئەمە بۆ ئێران دووپات دەکەینەوە کە کاروباری هێزی ناوکی بۆ قسە کردن نابیت. ئێمە داواکاری ئەوەین کە لە بەرجامدا بمێننەوە، بەڵام قبوڵی ناکەین کە کایەمان پێبکەین".

سەرۆک کۆماری فەڕانسە پێش دەستپێکردنی دانیشتنی گرووپی ٢٠ وتبووی؛ کە دەیەوێت داوا لە دۆناڵد ترامپ بکات گەمارۆکانن بۆ سەر ئێران کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی کە دان و ستانەکان باشتر بەروپێش بچن. ئێمانۆئێل مەکرۆن هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەو داواکارییەی بە مەبستی ئاسان کاری بۆ وەدی هێنانی ڕێککەوتنێک لە نێوان ئێران و ئەمریکا کردووە.

سەرۆک کۆماری فەڕانسە هەروەها لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا بە سەرۆک کۆماری ئێران، حەسەن ڕۆحانی وتووە وتووە: "هەرجۆرێک چوونەوە دەرەوە لە بەرجام، هەڵەیە و ناردنی نیشانەی چوونە دەرەوە (هەڕەشەی کشانەوە) لە بەرجامیش هەڵە دەبیت" .

یەکێتی ئورووپا هەتا ئێستا زۆرترین هەوڵی خۆی داوە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئێران و ئینستێکس و داواکاری ئێمانۆئێل مەکرۆن لە ئەمریکا بۆ کەم کردنەوەی گەمارۆکان دوایین هەوڵەکان ئورووپا بۆ ڕاگرتن پەوەندی لەگەڵ ئێرانە.

مایک پۆمپێئۆ سەبارەت بە ئینستێکس وتوویەتی: "ئەمریکا لەگەڵ بازرگانی کردنی ئەو کاڵایانە کە گەمارۆیان لەسەر نییە، بۆ یارمەتی مرۆڤ دۆستانە بۆ ئیران، ئاساییە".

لە یەکێک لە دیدارەکانی شاندی ئەمریکا بەشدار لە جی ٢٠ لەگەڵ هەیئەتی ئۆرسترالیایی، سەرۆکی ئۆسترالیا هاوپشتی خۆی بۆ ئەمریکا و هەوڵەکانی دژ بە ئێران دوو پات کردەوە و ئێسکات مۆریسۆن بەڵێنی داوە کە ئۆسترالیا وەک ئەکتەرێکی گرنگی ئابووری جیهانی، گەمارۆ بخاتە سەر ئێران.

دۆناڵد ترامپ پاش هاتنە سەر کاری وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی ناسراو بە "بەرجام" یەک لایەنە هاتە دەرێ و سەر لە نوێ ئەو گەمارۆیانەی کە پێش بەرجام بە سەر ئێراندا سەپابوون، کارای کردەوە و جگە لەوانەش کۆمەڵێک گەمارۆی نوێی خستە سەر ئێران و بەرپرسانی باڵانی کۆماری ئیسلامی.

لە ماوەی ٢ مانگی ڕابردوو، سپای پاسدارانی خستە لیستی گرووپە تیرۆریستییە بیانییەکانی ئەمریکاوە، بەشی فلزات و پێترۆشیمی لە لیستی گەمارۆکانی هاویشت و هەفتەی ڕابردووش لە کاردانەوە بە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکای خامنەیی و دارودەستەکانی و ئۆفیس و هەموو ئەو کەسانەی لە لایەن خامنەیی و بەردەستانییەوە دادەمەزرێنی خستە لیستی گەمارۆکانییەوە.

گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتۆتە زۆرترین ئاستی خۆی. لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ئەمریکا تا وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران ڕۆیشتە پێشێ کە بە وتەی ترامپ تەنیا چەند خولەک بەر لە دەست پێکی هێرشەکە، لە بڕیارەکەی پەشیمان بۆتەوە و ڕایگرتووە.

بە دوای سەپاندنی گەمارۆ قورسی ئابووری لە لایەن ئەمریکاوە کە ئابووری ئێرانی تەواو تووشی شەلەل کردووە و لە لایەکی دیکەوە پێشنیاری دان و ستان و ڕاگەیاندنی ١٢ پێش مەرج بۆ وت ووێژ و واژۆکردنی ڕێکەوتننامەیەکی نوێ لە لایەن ئەمریکاوە، لە لایەکی دیکەوە هەڕەشەی سەربازی و ڕاگواستنی چەک و چۆڵی قورس بۆ ناوچەکە سەری لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی شێواندووە. خامنەیی نە شەڕ نە وت و وێژ، بەڵکوو بەرەنگاری ڕاگەیاندووە. و دەڵێت؛ "وت و وێژ لەگەڵ ئەمریکا ژەهرە"!

ئەمریکا هەنووکە بە دوای کۆدەنگییەکی جیهانی لە هەمبەر کۆماری ئیسلامی دایە. ڕووسیە، ئورووپا هەتا ئێستا هابیر بوونی خۆیان سەبارەت بە بەرگری لە ئێران بۆ پاڵپشتی تێرۆریسم و ڕاگرتنی ئێران لە پڕۆگرام ناوکی ڕاگەیاندووە.


ئه‌م بابه‌ته 119 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:44:30/06/2019