پێوەندی نێوان بزووتنەوەی نەتەوەيی و بزووتنەوەی ژنان

پێوەندی نێوان بزووتنەوەی نەتەوەيی و بزووتنەوەی ژنان

ن: م. زاهیدی

بۆ دۆزێنەوەی پێوەندی نێوان بزووتنەوە رزگاريخوازەكان و بزووتنەوەی فێمنيستی، بەتايبەت بزووتنەوە رزگاريخوازە نەتەوەييەكان و بزووتنەوەی فێمنيستی، بەرلەهەر شت پێويستە ئاوڕ لەبەستێنە مێژووييەكانی ئەم دوو بزووتنەوەيە واتە بزووتنەوەی ناسيۆناليستی و بزووتنەوەی ژنان بدەينەوە. دوای سەردەمی رەوشەنگەری و سەرهەڵدانی پيشەسازی، ئێمە شاهيدی ئەوەين بەشێك لە وڵاتانی ئەورووپايی لەوانە "پورتەگاڵ" و "ئيسپانيا" و "بەريتانيا" و "هولەند" و"فەرانسە"هێڵی سنووری دەسەڵاتدارێتی خۆيان لە چوارچێوەی وڵاتەكەيان و بەتايبەت ئەفريقا و ئاسيا درێژ دەكەنەوەو بەكەڵك وەرگرتن لە هێزی دەريايی بەرەو ئاسيا و ئەورووپا پەل دەكێشن.ئەمانە كۆمەڵێك دەسەڵاتی كۆلۆنياليستی لێدەكەوێتەوە كە دواتر دوو كۆلۆنياليستی "بەريتانيا" و فەرانسە" زياترين دەسەڵاتيان دەمێنێتەوە، بۆيە ئەو كاتەی دەوترا بەريتانيای گەورە ئەو هەرێمە بوو هيچكات خۆر لێی ئاوا نەدەبوو، فەرانسەش بەشێكی زۆر لە وڵاتانی ئەفريقايی داگيركرد. بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەم دۆخە دواتر بزووتنەوەيەك سەري هەڵدا كە بزووتنەوە "ناسيۆناليستی" و رزگاريخوازييەكان لە دونيا دەناسرێت. هەڵبەت ئەم بزووتنەوانە ئەوە نەبوو تەنها لە وڵاتانی كۆلۆنياليستيدا رەنگ بداتەوە، بەڵكوو شتێك بوو ناسيوناليسم وەك رەوتێك سەرجەم گۆی زەوی گرتەوە هەر لە ئەمريكای تازە پێگەيشتووەوە تا ئايرلەندی ژێر دەستەی بەريتانيا. بەگشتی بزووتنەوەی ناسيۆناليستی بزووتنەوەيەكە كە لەسەردەمی مۆدێرنەدا و بۆ رووبەڕوو بوونەوەی كۆلۆنياليزم و دەسەڵاتی داگيركەران سەريهەڵداوە. لە كوردستانيش بزووتنەوەی رزگاريخوازی كە زۆرجار بە بزووتنەوەيەكی ناسيۆناليستی ناوی لێبراوە بزووتنەوەيەكە لە سەردەمی مۆدێرنەدا و لە سەدەی بيستەمدا بيچم دەگرێت. بزووتنەوەی ناسيۆناليستی بەتايبەت لە كوردستان وەستانەوەيە دژ بە گوتارێكی نەريتی كە هەمووان لە چوارچێوەيەكی وەك "ئوممەی ئيسلامی"دا كۆدەبوونەوە. چون بزووتنەوەی ناسيۆناليستی و خواستی ناسيۆناليستی دياريكردنی فاكتەرێكيترە بۆ يەك بوونی ژمارەيەكی خەڵك لە چوارچێوەيەكی جوغرافيايی دياريكراودا بەدەر لە خواستێكی ئايينی. بەهەرحاڵ ئێمە ئەوە دەبينين كە بزووتنەوەی رزگاريخوازی و بزووتنەوە نەتەوەييەكان بزووتنەوەيەكن سەر بە سەردەمی مۆدێڕن و ئاخێزگەيەكی مۆدێڕنيان هەيە. لە كوردستانيش ئەمە بەدەر نييە لە هەمان چوارچێوەی مێژوويی دياريكراو.

2

بزووتنەوەی ژنان بە شێوەيەك خاڵێكی گرينگ و هاوبەشی هەيە لە گەڵ بزووتنەوەی ناسيۆناليستی. ئەويش ئەوەيە ئەم دوو بزووتنەوەيە هەردووكيان سەربە سەردەمێ مۆدێرنن .پێش سەردەمی رەوشەنگەری دەسەڵاتی ئايينی و دەسەڵات و دەسەڵاتێكی باوكسالاری زاڵ بووە. لەچوارچێوەی ئەم جۆرە بيركردنەوەدا هەمووان گرێدراوی گوتەزايەكی ئايينی بوون و پێويست بوو هەمووان لە قەبارەی "ئوممەيەكی ئايينی"دا بژين. يانی بيركردنەوەی لەوەی كە تۆ ژێرمەن"ی يان "عەرەب"ی يان "تورك"ی جۆرێك دژايەتی كردنی ئايين بوو لەبەر ئەوەی لادان بو لە چوارچێوەی بيركردنەوەی "ئووممەی ئايينی". بەڵام سەردەمی رەوشەنگەری و دواتر مۆدێرنيتيە چەمكێكی لەگەڵ خۆی هێنا بەناو "ناسيۆناليسمی نەتەوەيی". كە ئەمە جياوازە لە گوتەزای "ئوومەی ئايينی". لەلايەكيترەوە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئايينيدا ژنان لەكەمترين مافە سەرەتاييەكانی خۆيان بێبەری بوون. لەبەر ئەوەی سەرجەم ئايينەكان ستراكتۆرێكی پياوسالارانەيان هەيە هەرچەشنە قسەكردنێك دەربارەی مافی تاك و مافی ژن جۆرێك دژايەتيكردنی ديسكۆرسی ئايينی بوو. بەڵام سەردەمی رەوشەنگەری كەهات بەشێوەيەك ئەو چوارچێوە فيكرييەی بردە ژێر پرسيارەوەو بەرلەهەر شت پرسێك هاتە ئاراوە بە ناوی تاك و مافی تاك. چون لە چوارچێوەی بيركردنەوەی ئايينيدا پياوانيش وەك تاك ئيزنی بيركردنەوەو بوونی وەك خۆيان نەبوو. ئەوان دەبا بە گوێرەی ئەو فەرمانانە بسووڕايەتنەوە كە كەنيسە و دەسەڵاتی ئايينی دەريان دەكرد. ئەو كاتەی تاك جياواز بيردەكاتەوەو ئەڵێت :"من بيردەكەمەوە كەوايە هەم" ئەو كاتەيە كە بەشێوەيەك "تاك" دەبێت بە سەنتەر و چەق. لێرەوەيە دەسەڵاتی ئايينی دەكەوێتە پەراوێزەوە. بزووتنەوەی ژنانيش بەرهەمی سەردەمی مۆدێرنيتەيە. سەرهەڵدانی شەپۆلی يەكەمی فێمنيسم لە سەدەی 19 و سەرەتای سەدەی بيستەمدا دەركەوتەی هەوڵدانی تاكە لە سەردەمی رەشەنگەريدا بۆ گەيشتن بەمافی رەوای خۆی. ئێمە دەبينين شەپۆلی يەكەمی فێمنيسم لە وڵاتانی "بەريتانيا"، "كەنەدا" و "هۆڵەندا" و "ئەمريكا" سەرهەڵدەدەن. واتە ئەو شوێنانەی كە پيشەيی بوونەتەوەو ژيانی پيشەيی تێياندا سەريهەڵداوە. بۆيە دەبينين مۆدێرنيزاسيۆن لە گەڵ خۆيدا مۆدێرنيتە دەهێنێت.شەپۆلی يەكەمی فێمنيسم زياتر جەختی لە سەر نايەكسانی ماف دەكردەوە. هەوڵيدەدا بەوەی ئەو مافانانەی لە چوارچێوەی كلتووری پياوسالاری و بيركردنەوەی ئايينيدا لە ژنان زەوت كراوە بە دەست بهێنێتەوە لەوانە مافی دەنگدان و خواستی بەشداری ژنان لە كردەی سياسيدا. دواتر دەبينين بە پێی لەگەڵ بەرەو پێشچوون خواستی ژنانيش بەرينتر دەبيتەوە كە لە شەپۆلەكانيتری فێمنيسم و لەوانە شەپۆلی دووهەم و سێهەمی فێمنيسمدا رەنگ دەداتەوە. هەمان بەرەو پێش چوون لە بزووتنەوەی نەتەوەييشدا لە ئاستی دونيادا دەبينين. بەشێوەيەك كە لە دەرچوون لە ژێردەستی گەورە كۆلۆنيالیستەكانەوە بزووتنەوەكە تەنانەت بزووتنەوە "ئيتنيكی" يان "قەومی"يەكانيش دەگرێتەوە، لەوانە "كێبێك". و لە هەمانكاتدا نەتەوەكانی چوارچێوەی وڵاتێكی دياريكراويش هەوڵ دەدەن بە شێوەی جياواز بە مافی نەتەوەيی خۆيان بگەن لەوانە بزووتنەوەی كورد لە چوارپارچەی كوردستان كە بە رەوتی فيكری جياوازەوە هەوڵ دەدەن بۆ گەيشتن بە خواستی نەتەوەيی بە فۆڕمی جياواز. هەر لە سەربەخۆييەوە بگرە تا فێدراليزم و ئۆتۆنۆمی و. ... بەگشتی دوو بزووتنەوەی نەتەوەيی و رزگاريخوازی و بزووتنەوەی ژنان دوو بزووتنەوەن بۆ وەستانەوە دژ بە زوڵم و زۆر. دەكرێت جۆرێك دان وستان و پەیوەندی لە نێوان ئەم دوو بزووتنەوەيەدا ببێت. وەك چۆن لە پێشتريشدا لە ئاستی جيهانی و ناخۆيشدا بوونی بووە. چۆن دەبينين فێمنيستێكی وەك "سيمۆن دووبۆڤار" دەبێت بە يەكێك لە ئەكتيڤيستەكانی بزووتنەوەی رزگاری خوازی فەرانسە دژ بە ئەڵمانيا دوای جەنگی دووهەمی جيهانی، يان پشتيوانی بزووتنەوەی رزگاريخوازی ئەلجەزاير دەكات دژ بە داگيركاری فەرانسە. بەڵام سيمۆن دووبۆڤار وەك سيمۆن دووبۆڤارێكی ژن بەشداری ئەو بزاڤانە دەكات. نەك وەك روخسارێكی پياوانە كە بەداخەوە زۆرجار لە بزووتنەوەی كوردستاندا دەبينين. ژنان بەشداری بزووتنەوەكەيان كردووە بەڵام كەمتر وەك ژن و ئەكتيڤيستێكی ژن دەركەوتوون. ئەوان يان وەك ناسيۆناليستێكی كورد دەركەوتوون يان وەك چالاكێكی چەپ لە كوردستان. بۆيە ئەمە رەخنەيەكە لە بەشداری ژنان لە بزووتنەوەی رزگاريخوازی كورد، دەكرێت جۆرێك هاوسەنگی دروست بكرێت و لەهەمانكاتدا روانگەيەكيتر و ديدێكيتر دروست بێت لە سەر هەردوو بزووتنەوەكە. يانی بەجۆرێك روانينيتر بۆيەكتر بڕوانن. لەلايەكيترەوە بزووتنەوەی نەتەوەخوازی و رزگاريخوازی كوردستان،-لێرەدا كە ئەڵێم بزووتنەوەی نەتەوە خوازی چەپی كورديش لەو بزووتنەوە دوور ناخەمەوە چون وەك چۆن رەفيق سابير باسی لێدەكات لە كتێبی ناسيۆناليزم و كلتووردا بزووتنەوەی چەپی هەر وڵاتێك بەشێكە لە ناسيۆناليزمی ئەو وڵاتە بزووتنەوەی چەپی كورديش زۆر بەروونی بەشێك بووە لە ناسيۆناليزمی كوردی، لەبەر ئەوەی هەموو جار خواستێكی نەتەوەيی لە پشت خواستی چينايەتييانەوە بووە- دەبێت روانينی خۆی بۆ ژنان بگۆڕێت و ئەو ديدە پياوسالارييە بخاتە لاوەوە. ژنی كورديش ئەبێت هەوڵبدات وەك ژن بەشداری لەو بزووتنەوەيەدا بكات. لێرەدا پێويستە چەمێكێك باس لێبكەم كە لای فيلسووفی چەپی فەرەنسەويی و مامۆستای زانكۆی سۆربۆن –شانتاڵ مووف- باسی لێوە دەكرێت. ئەويش چەمكی "هێژەمۆنی"ييە كە ئەم چەمكە لای مووفە و ئەرنێستۆ لاك لائۆ لە ئانتۆنی گرامشی بەقەرز وەرگيراوە. بەڵام بۆ پرۆژەی ديمۆكراسی راديكاڵ يان ديمۆكراسی گشت گير بەكاری دەبەن. مەبەست لە چەمكی هێژمۆنی لای شانتاڵ مووف و ئەرنێستۆ لاك لائۆ، هێژمۆنی توێژە جياوازەكانی كۆمەڵگايەوە هاوئاهەنگييانە پێكەوە دژ بە دەسەڵاتی سەرمايەداری و ناديمۆكرات بە مەبەستی دامەزرانی دەسەڵاتێكی ديمۆكراتيك. لێرەدا چەمكی "توێژ" يان "قشر" بەكار دەبرێت نەك چەمكی "چين" يان "تەبەقە" كە لەئەدەبياتی ماركسيستی كلاسيكدا بەكار دەبرا. كە ئەمەش باسێكيتر دينێتە پێش كە گۆڕينی چەمكی "ئانتاگۆنيسم"ە لای چەپی مۆدێڕن و بەتايبەت قوتابخانەی فرانكفۆرت و پاش فرانكفۆرتييەكان. ئەگەر لەچەپی كلاسيك يان ماركسيسمی ئۆرتۆدۆكسدا ئانتاگونيسم، بريتی بوو لە ئانتاگونيسمی نێوان دوو چينی پرۆلتەر و بۆرژوا، لای چەپی نوێ و چەپی پاش فرانكفۆرتييەكان بە تايبەت لای مووفە و لاك لائۆ، ئانتاگونيسم بريتييە لە ئانتاگونيسمی دەسەڵاتی تۆتاليتەر و سەرمايەدار لەگەڵ توێژە جياوازەكانی كۆمەڵگا. واتە ئەبێت هێژەمۆنييەك دروست بێت لەلايەن توێژەجياوازەكانی كۆمەڵگاوە دژ بە دەسەڵاتی ديكتاتۆر و تۆتاليتەر. پێويستە لە كوردستانيش ئەم چەمكە ئيشی پێ بكرێت، واتە هێژەمۆنييەك لە لايەن توێژەكانی كۆمەڵگادا دروست بێت دژ بە دەسەڵاتی ديكتاتۆر. لە هەمانكاتدا هاوئاهەنگی ببێت لە نێوانياندا. بەشداری كردنی ژنان لە بزووتنەوەی رزگاريخوازی كورددا، دەتوانێت قودرەت و هێز ببەخشێت بەم بزووتنەوەيە. وەك كورد گوتەنی :"مەل بە باڵێ نافڕێت." بەڵام پێويستە ئەم هاوئاهەنگييە دولايەنە بێت، واتە بزووتنەوەی ناسيۆناليزمی كورديش وەك ستراتيژييەكی بنەڕەتی ئەوە لەبەرچاو بگرێت كە پێويستە پێگەيەكی تايبەتيان ببێت لەناو بزووتنەوەی كورددا، لە ئێستا و داهاتووشدا. دامەزرانی سيستەمێكی ديمۆكراتيك پەيوەستە بە دامەزرانی سيكۆلاريزم لەو وڵاتە و لەهەمانكاتدا وەك چۆن لێنين باسی لێوەدەكات پەيوەستە بە پێگەی ژنەوە لەو سيستەمە حكوومەتييەدا. ئەگەر بزووتنەوەی نەتەوەيی و رزگاريخوازی كورد خۆی بە بزووتنەوەيەكی رزگاريخواز و ديمۆكراتيك ئەزانێت، پێويستە گۆڕان لە ديدی خۆيدا بەرامبەر بە ژن و بەشداری ژنان لە ناو سياسەت و ئەمری سياسيدا بكات. ژنانيش ئەبێ بتوانن وەك ژن پێگەی سياسی خۆيان لە ناو ئەو بزووتنەوەيەدا دەستەبەر بكەن. دابڕانی ئەم دوو بزووتنەوەيە لە يەكتر لەبەرژوەندی هيچ لايەنێكدا نييە. بوونی ئەم هاوئاهەنگی و پێكەوە كاركردنە ئەمرێكی پێويستە.لە هەمانكاتدا ژنان كاتێك دەتوانن كاريگەری لە سەر كۆمەڵگاكەی خۆيان دابنێين كە لە ئێستا و لە داهاتووشدا وەك ژن، تەئكيد دەكەمەوە، وەك ژن لە هەرەمی دەسەڵاتدا بن نەك وەك پياو يان بەشێك لە سيستەمی پياوسالاری. بۆ بوونی ئەم تەعاعوول و هاوئاهەنگييە لە نێوان دوو بزووتنەوەی فێمنيستی و بزووتنەوەی ژناندا چەند خاڵ لازمە كە باسی لێوە دەكەم.

١- گۆڕينی روانگەی دوو لايەن بەرامبەر بە يەكتر

٢- گۆڕينی روانگەی پياوسالاری لە بزووتنەوەی نەتەوەيی كوردا

٣- خۆ تەيار كردنی ژنان بە ئايديا و بيركردنەوەو ئامادە بوونيان لە سيستەمی ياسا و بنەما

دارێژی بزووتنەوەو وڵاتدا .



ئه‌م بابه‌ته 197 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:09:55:11/06/2019