بەیاننامەی چالاکوانانی ناڕازی بە دۆخی هەبوو لە ئاست کوشتنی ژنان

بەیاننامەی چالاکوانانی ناڕازی بە دۆخی هەبوو لە ئاست کوشتنی ژنان


بەڕێزان هەروەک دەزانن لە ماوەی چەن مانگی ڕابردوودا ڕێژەیەکی زۆر لە ژنان تووشی خۆکوژی یان کوشتن بەدەستی کەسوکاریان هاتوون. ژنانی ئەم وڵاتە سەدان ساڵە بوونەتە قوربانی کولتوورێکی سەقەت و چەوتی پیاوسالارانە و ڕۆژ و سات نییە لەژێر ئەم کولتوور و یاسایەدا نەچەوسێنەوە و نەکەونە بەر ڕق و توندوتیژی پیاوسالارانە!

لە سەرەتای ساڵی نوێوە تاکوو ئێستا زیاتر لە ٦۰ کەس لە شارەکانی مەریوان، سنە، کامێران، سەردەشت، و زۆرێک شوێنی تر بوونەتە قوربانی خۆکوژی و ژن کوژی؛ کە زۆرینەی هۆکارەکانی ئەم ڕووداو و تاوانانە بریتین لە کێشەی نێو بنەماڵە، کێشەی ئابووری، پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی بە زۆرەملی و لەژێر هەڕەشە و لە تەمەنی منداڵیدا و بە دەیان هۆکاری چەوسێنەرانە و ژیان ئەستێنەرەوانەی دیکە! ئەویش لە ژێر دەسەڵات و وڵاتێکدا کە جاڕی ئەمنیەت و ئاسایش بۆ شارۆمەندان لێ دەدا، ئاوا بە ئاسانی کوژران و تاوان ڕوو بدەن! با بوەستێ ڕێژەی ڕوو لە زیادی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی منداڵانی کار ، خەڵکی نەدار، کۆڵبەر، کرێکار و ڕێژەی ڕوو لە زیادی بێکاری و دەیان قەیرانی کارەساتاوی و جنایەتی دیکە لە ناو خەڵکی بێدەروەست و بێپەنادا؛ کە دۆخێکی ترسێنەری ساز کردووە و کارەسات بەدوای کارەساتدا دەقۆمێنێت؛ ئایا ئەمە نیشاندەر و دەرخەری ناکارامەبوونی یاسا و پەروەردە نییە؟! ئەو ئەمنیەتەی لە میدیاکاندا باسی لێوە دەکەن بۆ چ کەسانێکە؟ ئەم دادپەروەری و هێزە لە کوێیە کە هێشتاکە لەم وڵاتە شوێنێک نییە بۆ ئەو ژنانەی کە هەست بە مەترسی ئەکەن و ژیانیان لەژێر هەڕەشەی ڕۆژانەدایە پەنای بۆ ببەن؟

بەڕێزان، ئەو شتەی هەموو ئێمەی لێرە کۆ کردووەتەوە هەست بەم بەرپرسیاریەتییەیە بەرانبەر بەم تاوانە ناخۆش و جەرگبڕانە و ناڕەزایەتیەکی بچووکە ڕوو لە پێکهێنەرانی سەرەکی ئەم دۆخە.

پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین کە ئێمە خۆکوژی بەڕێگەچارە نازانین و بڕوامەندین کە هەواڵی خۆکوژی یا کوشتنەکانی دڵنیا، ئەسرین، شەیدا، سەحەر و نەرمینەکان ئیتر ئەبێ ڕامان چڵەکێنن بۆ بەگژداچوونەوەی تاوانبارانی ئەم دۆخە نائینسانییە و نامرۆڤانەیە. هیچ مرۆڤێکی ئازادیخواز و یەکسانی خواز ناتوانێ گوێ لەم تاوانە نامرۆڤانانەیە بخەوێنێ و بێدەنگ بێت.

بۆیە ئێمە وەکوو مرۆڤانێکی یەکسانیخواز و دژ بە هەر جۆرە هەڵاواردن و چەوساندنەوەیەک، پەیامی خۆمان بە هەموو لایەن و خاوەن دەسەڵات، ڕێکخراوە و دامەزراوەکان، و هەروەها ڕوو لە هەر مرۆڤێکی پیاوسالار و هەر یاسایەکی پیاوسالار ڕادەگەیەنین کە بەرانبەر بە کوشتن و چەوساندنەوەی ژنان بێدەنگ نابین و داواکارین لە کۆمەڵگای مەدەنی و مافی مرۆڤییەکان، خوێندکاران، مامۆستایان و هەموو چین و توێژەکان بەرانبەر بەم تاوانانە بێدەنگ نەبن و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی بەگژداچوونەوە و بەرهەڵست وەستانەوە بدەن و درێژە بە هەوڵ بۆ ڕزگاری هەموو ئینسانەکان لەژێر زوڵم و چەوسانەوە بدەن.

دیارە ڕێگای شەڕ بۆ ژیان و یەکسانیخوازی درێژەی ئەبێ و پڕ ڕێبوار!

۲٦ی گوڵانی ۹٨ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و یەکسانیخوازی مەریوان


ئه‌م بابه‌ته 34 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:07:26:16/05/2019