بارزان محەممەدی گیانی لە مەترسیدایە

بارزان محەممەدی گیانی لە مەترسیدایە

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، بارزان محەممەدی چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خەڵکی سەوڵئاوا، لە زیندانی گەورەی تاران بە ناڕەزایەتی بە دۆخی مانەوەی لە زیندان ٦٠ رۆژە دەستی داوەتە مانگرتن.

بارزان محەممەدی لەدایکبووی ١٣٥٧ ، لە سەوڵ ئاوا، مانگی گەلاوێژی ١٣٩٦ دەستگیرکرا و بە تۆمەتی تێکدانی ئەمنییەتی وڵات سزای ٦ ساڵی بەسەردا داسەپا. دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا و لە رۆژی ٦ی رەشەممەی ١٣٩٧ سزاکەی کەم کرایەوە بۆ ٣ ساڵ و ٦ مانگ.

ناوبراو کە لە زیندانی گەورەی تاران دەستبەسەرە بە ناڕەزایەتی بە باروودخی مانەوەی لە زیندان لە رۆژی ٢٣ی رەشەممەی ١٣٩٧ەوە دەستی داوەتە مانگرتن .

چالاکانی کۆمەڵایەتی باس لەوە دەکەن ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بە هۆی درێژە کێشانی ماوەی مانگرتنەکەی کە ئێستا ٦٠ رۆژە لە زیندانە گیانی لە مەترسیدایە.

(د. م) کە کەسێکی نزیکە بەم بنەماڵەیە بە ئاسۆی رۆژی راگەیاندووە، کە باری تەندروستی ئەم چالاکە سیاسییە ناجێگیرەو سەرەڕای داواکاری بەردەوامی بنەماڵە و هەروەها کەسانی نزیکی بەڵام بارزان هەر سوورە لە سەر درێژەدان بە مانگرتنەکەی.

ئەم کەسە نزیکەی بنەماڵەی بارزان محەمەدی هەروەها وتی :" بارزان بە هۆی بەشداری فەراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی تایبەت بە ناڕەزایەتییەکان دەستگیرکراوە. بارزان سەر بە هیچ رەوت و لایەنێکی سیاسی نییە ."

ئەم کەسە نزیکە هەروەها دەرباری باری تەندرووستی بارزان رایگەیاند:" بە پێی ئەو زانیارییانەی بە ئێمە و بنەماڵەکەی گەیشتووە بارزان لەم ماوەیەدا نزیک بە ٢٣ کیلۆ کێشی دابەزیوەو ئێستا ٥٠ بۆ ٥١ کیلۆیە. هەروەها فشاری خوێنی دابەزیوەو فشاری لە نێوان ٧ بۆ ٥ دایە کە ئەمەش مەترسیدارە. "

چەند رۆژ لەوە پێش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەت لە تویتەر شەپۆلێکی فەراوانی پشتگیری کردن لەم زیندانییە سیاسییە کوردە دەستی پێکرد و داوا لە بارزان کرا کە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بێنێت. بەڵام تا ئێستا هەر سوورە لە سەر مانگرتنەکەی و مانگرتنەکەی نەشکاندوە، هەرچەند مەترسی گیانی لە سەرە.


ئه‌م بابه‌ته 53 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:37:12/05/2019