بە دەم جنێو دەدا و بە چاو دەڵێ وەرە!

بە دەم جنێو دەدا و بە چاو دەڵێ وەرە!


ئەردەڵان فەرەجی

بە دوای ئەوەی کە ئەمریکا نزیک بە ساڵێک لەمەوبەر لە ڕێکەوتننامەی ئەتۆمی ئێران و شەش وڵاتی زلهێزی جیهان یەک لایەنە هاتە دەرەوە و لە دوو قۆناغ دا گەمارۆکانی سەر ئێرانی کاراکردەوە و لە ماوەی دوو هەفتە لەمەوبەر سپای پاستارانی خستە لیستی گرووپە تیرۆریستییە نێونەتەوەییەکانەوە و ڕۆژی ٢٣ی ئاپریلیش لە زاری وەزیری دەوەرەی خۆی مایک پەمپێئۆ لێخۆشبوونە نەوتییەکانی بۆ ٨ وڵات لە پێناو بە چۆک داهێنانی ئێران بۆ قبووڵی خواست و داواکارییەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی نوێ نەکردەوە، هەوڵەکان بۆ بە سفر گەیاندنی ڕێژەی نەوتی هەناردە کراوی ئێران چڕتر بۆتەوە.

سەرەڕای هات و هاوار و هاژوو و هووژی بەرپرسانی ورد و درشتی کۆماری ئیسلامی، دوێنێ ٣ بەرپرسی باڵای ئێران لە ٣ شوێنی جیاجیا کاردانەوەیان بەرامبەر بەو دۆخە نواند.

جەوادی زەریف کۆبوونەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرووەکان ناڕەزایەتی بە چوونە دەرەوەی ئەمریکا و توندکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران دەربڕی و دواتر لە کۆبوونەوەیەک لە نیویۆرک لە ئەندیشکەدەی کۆمەڵگای ئاسیایی باسی لە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ ئەمریکا کرد.

حەسەن ڕووحانیش دوێنێ چوار شەممە لە دانیشتنی هەیئەتی دەوڵەت بەرامبەر بە گەمارۆکانی سەر ئێران تووڕە بوو و ڕەخنەی گرت لە هاوهەڵوێستی وڵاتانی عەرەبستانی سعوودی و ئیماراتی بۆ قەرەبووکردنەوەی بڕە کورت هێنانی نەوتی ئێران لە بازاڕە جیهانییەکان و وتی کە مانەوەی عەرەبستان و ئیمارات لە سایەی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بووە!

ڕووحانی لە بەشێک لە قسەکانیشی دا ئاماژەی بەوە دا کە ئێمە ئامادەی موزاکرەی مەرج دارین، بەڵام پیاوێکی موحتەرەم لەگەڵ لاتێک موزاکرە ناکات!

لە لایەکی دیکەشەوە عەلی خامنەیی لە کاردانەوە بەرامبەر بەو گەمارۆیانە کاردانەوەی نیشان دا هەڕەشەی کرد کە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بەربەست دانان بۆ فرۆشی نەوت بە ئەنجام ناگات و ئێران بە هەر ڕێژەیەک کە بیەوێت نەوتی خۆی دەفرۆشێت.

لێکدانەوەی ئەم لێدوانە هاوتەریب و دژ بە یەکانە دابەشکاری ئەرکە لە نێوان ئەم ٣ بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی و ڕێکخستنی شانۆیەکە بۆ ڕۆڵ نواندنی پوولیسی باش و پۆلیسە خراپەکە.

زەریف لە کاری عەمەلیاتی و دیپلۆماسی ئەم شانۆیەی لە ئەستۆیە و نەرمترە لە هەمووان و هەوڵی ماکیاج کردنی سیمای دزێۆ و ناشیرینی کۆماری ئیسلامی و بە ڕێژەیەکیش مەزڵووم نەماییە و حەسەنی ڕووحانیش هاوتەریب لەگەڵ هەڕەشە و هات و هاوار بەرامبەر بە عەرەبستان و ئیمارات و لە لایەکی دیکەشەوە سیگناڵ دەنێرێت و پێشنیاری وت و وێژ و موزاکرەی دا بە ئەمریکا. لە عورفی دیپلۆماسی پێشنیاری موزاکرەی "مەرجدار"، پێشنیاری موزاکرەیە. جا چ "مەرجدار" بێت یان "مەرجدار" نەبێت. خولی پێشووی موزاکرەکانی ئێران و ٦ زلهێزەکەی جیهانیش هەر سەرەتا بە پێشنیاری وت و وێژی مەرجدارەوە دەستی پێکرد و دواتر وای لێهات بێ مەرجیش ئێرانناچار گەڕایەوە بۆ سەر مێزی موزاکرە.

عەلی خامنەییش وەک هەمیشە خەریکی هات و هاوار و هەڕەشە و کوشتن و بڕینە و لەم یارییەدا ڕۆڵی پولیسە خراپەکە دەگێڕێت.

کۆماری ئیسلامی وەک نیزامێكی دیکتاتۆری تۆتالیتار بەڵام فایشیست لە باری ئیدئۆلۆژییەوە بۆ مانەوەی خۆی ئامادەیە باجی گەرە بدات. هەموو هەوڵی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا ڕەچاوکردنی سیاسەتی لەم ستوونەوە بۆ ئەستوون فەرەجێک و کڕینی کاتە. بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی و لە سەروو هەموویانەوە ڕووحانی بە ئاشکرا وتی کە "ترامپ دەڕوات"، مەبەستی ڕووحانی ئەوە بوو کە ئەوان هەموو هەوڵیان دەدەن خۆیان ڕاگرن و بە ڕێکخستنی ئەم شانۆیە لە هەوڵی کاتن تا هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەمریکا و دڵیان خۆشە بەوەی کە ترامپ بۆ جاری دووهەم نەتوانێت ببێتەوە بە سەرۆک کۆماری و پاش ئەو بکەونە فەرعانەیەک. ئەمە هەموو سیاسەتی ئێران لەم قۆناغەدا. بۆ ئەو مەبەستەش لە نێو خۆیاندا دابەشکارییان کردووە.

بەڵام بۆ هەمووان و لە سەروو هەموویانەوە بۆ ئەمریکا ڕوونە کە ئەم "حەرەکەیە کۆنە"!. کاتی خۆشی کە ئەمریکا ٣ وڵاتی کورەی باکوور و عێراق و ئێران بە سێ کوچکەی شەرارەت و شەڕەنگیزی وەسف کرد و بە دوای دا هێرش کرایە سەر عێراق، ئێران تێلێگرافێکی بۆ باڵوێزخانەی سوویس کە ڕۆڵی پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لە تاران لە ئەستۆیە، نارد و لە ترسی ئەوەی کە هێرشی داهاتووی دوای عێراق بۆ سەر ئێرانە، ئامادە قبووڵی هەموو خواست و داواکارییەکانی ئەمریکا بوون و تەنانەت ئامادەش بوون کە ئیسرائیل بە ڕەسمی بناسن. بەڵام دوای ڕوانەوەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران، دیسانەوە دەستیان کردەوە بە ئاژاوە نانەوە و کوشت و بڕ لە ناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی خۆی.

کۆماری ئیسلامی زیاتر لە چل ساڵە بە عەرەبەکان وەک تەحقیر و سووکایەتی دەڵێت: "عەرەبی کولـلە خۆر" بەڵام ئەمڕۆژانە لە مینبەری مزگەوتەکان و لە ڕۆژنامە و میدیاکانەوە بە دوای ئەو ڕەزالەتەی کە تووشی خەڵکی ئێرانیان کردووە، بە سفارشی دکتۆر و پسپۆری خۆراک باس لە سوودەکانی کولـلە دەکەن و پێشنیار دەکەن بۆ دەرباز بوون لە قەیرانی خۆراک، کولـلە بخۆن.

ناتوانن نەوتەکەیان هەناردە بکەن، پووڵ و پارەیان لێ بڕاوە، سپاکەیان خستۆتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە، سێلاو هاتووە و بە پێی خودی ئامارەکانی ڕژیم زیاتر لە ٥٣ هەزار میلیارد تمەنی زەرە گەیاندۆتە خەڵک، نەخۆشی کوشندەی گوازراو بەڕێوەیە، گرانی و قات و قڕی چاوەڕوان دەکرێت و لە هەمان کاتیش دا شۆڕش و ڕاپەڕینی خەڵک بۆ تێکەوە پێچانی نیزامی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەر کات و سەردەمێکی تر چاوەڕوان کراوە، جارێکی دیکە لە ترسی خەڵکەکەی خۆیان بە ڕەزالەتەوە ئامادەی خۆیان بۆ وت و وێژ لەگەڵ ئەمریکا ڕادەگەیەنن.

ئەمریکا بە پێی بەرنامە و سیاسەتی پێشوەختی خۆی، ئەم دۆخەی بۆ کۆماری ئیسلامی خولقاندووە و باشتر لە هەر لایەکی تر ئاگاداری دۆخی ناوخۆی ئێران و باڵ و لایەن و جیناحەکانی ڕژیمە. دەشزانێت لە لایەن خودی ئەمریکاوە کۆمەڵێک سیگناڵ بۆ ئێران ڕەوانە دەکرێت کە خۆیان ڕاگرن تا ترامپ دەڕوات، بەڵام دەبێ چاوەڕوانی کاردانەوەی ئەمریکا بین بۆ پرسی دان و ستان و موزاکرە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.

ئەمریکا پێشووتر ١٢ مەرجی بۆ ڕازی بوون بە دانیشتن و وت و وێژ لەگەڵ ئێران داناوە. دەست هەڵگرتن لە پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکان، کە نەک ئێران دەستی لێ هەڵنەگرتوون بەڵکوو بردوونیشی بۆ ناو خاکی ئێران، هەڵپەساردنی تەواوی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، کە بە پێی بەڵگەکان ئێران دۆری لەگەڵ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کردووە، ڕاگرتنی ئازمایشە موشەکە بالیستیکییەکان کە هەر وا لێی بەردەوام و "سەلامی" کە خۆی بە پسپۆری ئەو بووارە دەزانێت بۆتە فەرماندەی سپا، پاشەکشێ لە سوریە و عێراق و یەمەن و ڕێزگرتن لە سەروەری خاکی دراوسێکانی کە لەوکارەش بەردەوامە و چەندی مەرجی دیکە.

خاڵی یەکەم بۆ وت و وێژ جێ بەجێ کردنی مەرجەکانی ئەمریکایە و ئەمریکاش وتوویەتی کە ئەم مەرجانە پەکەیجێکن و ناکرێ ئێران تەنیا یەکدانە یان چەند دانەی جێ بەجێ بکات، ئەمە لە حاڵێکدایە کە جێ بەجێ کردنی ئەم مەرجانە کۆماری ئیسلامی لە ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامی پووچەڵ دەکاتەوە و ڕەنگە ئەو دەم زیاتر لە هەر کاتێکی تر ئەرکی خەڵک بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئاسانتر بێتەوە.

کۆماری ئیسلامی لە مەرگی خۆی نزیک دەبێتەوە و هەموو ئەمانەش دوایین پەلەقاژەکانی ئەم ڕژیمەیە بۆ مانەوە، بەڵام چارەنووسی مەحتوومی هەموو دیکتاتۆرێک ڕووخان و لەناوچوونە و کۆماری ئیسلامیش ئەوندەی نەماوە.


ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:11:54:25/04/2019