رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین لە کوردستانی رۆژهەڵات

رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین لە کوردستانی رۆژهەڵات


ن: ئاسۆی رۆژ

رۆژی ٢٢ی ئەپریل، بەرامبەرە لە گەڵ ساڵڕۆژی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی بە ناوی رۆژنامەی کوردستان، لە سەر دەستی بنەماڵەی بەدرخانییەکان لە قاهیرە لە ساڵی ١٨٩٨ . رۆژنامەی کوردستان کە رۆژنامەیەکی سیاسی- کەلتووری کۆمەڵایەتی بوو بۆ یەکەمجار لە سەر دەستی بەدرخانییەکان لە تاراوگە و لە میسر دەرچوو. دەستپێکێک کە دەتوانین بە سەرەتای رەوتی رۆژنامەگەری کوردی لە کوردستان دیاری بکەین. رەوتێک کە سەرەڕای هەموو بەرز و نزمییەکان، هەموو کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، درێژەی هەیە و بەردەوام بوونی ئەم رەوتە رازی مانەوەی ئەو شتەیە کە دەکرێت بە نەریتی رۆژنامەگەری کوردی لە کوردستان ناوی ببەین.

بێگومان رۆژنامەگەری و چەمکی رۆژنامەگەری، گرێدراوێتییەکی زۆری هەیە بە ئازادی و ئازادی ڕادەربڕینەوە. دەکرێت ئازادی رادەربڕین و ئازادی بە مەرجێک لە مەرجەکانی گەشەی رۆژنامەگەری بزانین. لە هەرکوێ سنوورەکانی ئازادی بەرفراوانتر و ئازادی زیاتر بووە، رۆژنامەگەری زیاتر توانیویەتی گەشە بکات و بوونی هەبێت، بە پێچەوانەوە سنووردار کردنی ئازادی و دیاریکردنی هێڵە سوورەکان مانای بەرتەسک کردنەوەی ئازادییە و سەرەنجام لێدانە لە رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین.

ئەوەی ئێمە دەمانهەوێت لێرەدا باسی بکەین پەیوەندی نێوان رۆژنامەگەری و ئازادییە. هەروەها جۆری ئەم پەیوەندییە لە کوردستانی رۆژهەڵات و ئێران . سەرەتا ئەوە بڵێین بە هەڵکەوت نییە یەکەم رۆژنامەی کوردی لە تاراوگە دەردەچێت و لە تاراوگە درێژە بە ژیانی خۆی دەدات و هەر ٣٠ ژمارەکەی ئەم رۆژنامەیە لە تاراوگەیە نەک لە جوگرافیای کوردستان. لەبەر ئەوەیە لە کوردستان ، ئازادی و ئازادی رادەربڕین بوونی نەبووەو بە تایبەت کارکردن بە زمانی کوردی لەم وڵاتانە قەدەغە بووە. بەدرخانییەکان هەڵدەستن و روودەکەنە قاهیرە لە میسر و لەوێ یەکەم رۆژنامە بە زمانی کوردی دەردەکەن بە ناوی "کوردستان" لەبەر ئەوەی لە لە کوردستان بۆی نەبووەو نەیتوانیوە ئەم کارە بکات.

یەکەم رۆژنە لە کوردستانی رۆژهەڵات ٨ ساڵ دوای دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی چاپ دەبێت. ٨ ساڵ دوای بڵابوونەوەی رۆژنامەی کوردستان و ماوەیەکی کورت دوای فەرمانی مەشرووتە لە ساڵی ١٩٠٦، یەکەم رۆژنامە لە کوردستانی رۆژهەڵات بە ناوی "شهاب ثاقب" بە شێوەی نهێنی و لە لایەن عەبدولکەریم غیرەت کرماشانی، کە شاعێرێکی بەتوانا و لە هەمانکاتدا خەتاتێکی بێ وێنە بووە چاپ و بڵاو کراوەتوە. ئەمەش هەر بە هەڵکەوت نییە کە یەکەم رۆژنامەی کوردی لە کوردستانی ئێران بە شێوەی نهێنی و شارەو چاپ و بڵاو دەبێتەوە. ساڵێک دوای رۆژنامەی "شهاب ثاقب" رۆژنامەی بێستوون لە ساڵی ١٩٠٧، لە لایەن ئەبولقاسمی لاهووتی و فەرەجوڵڵا کاویانییەوە لە کرماشان چاپ و بڵاو دەبێتەوە. هەرچەند هەندێ سەرچاوە بێستوون بە یەکەم رۆژنامەی کوردی لە کوردستانی رۆژهەڵات ناو دەبەن، بەڵام لە راستییدا بێستوون دوای "شهاب ثاقب" چاپ بووە. لە ساڵەکانی ١٩٠٦ بۆ ١٩٢١ و لە ماوەی ١٥ ساڵدا ، ١٤ بڵاوکراوە لەکرماشان چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەمە سەرەتای رۆژنامەگەری کوردی بووە لە کوردستانی رۆژهەڵات. سەرەتایەک کە لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی مەشرووتە دەست پێدەکات و لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە سەردەمی پاشایەتی بە لوتکە دەگات. لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا ٨ بڵاوکراوە لە مەهاباد و دەورووبەی چاپ دەبوون لەوانە، رۆژنامەی کوردستان، گۆڤاری کوردستان، هەڵاڵە، گڕووگاڵی مناڵان و... . بەڵام دوای ڕووخانی کۆمار، ئەم بڵاوکراوانەش تەمەنیان وەک تەمەنی کۆمار تەواو بوو. هەرچەند ژمارەیەکی دیاریکراوی بڵاوکراوەی کوردی- فارسی بوونیان هەبوو، کە زیاتر لە ژێر چاودێری ساواکدا و بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدیاکانی خۆیان بڵاو دەبۆوە. لە دوای رووخانی رژیمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، جگە لە سەردەمێکی کورت نەبێت کە حیزبەکان لە خاکی خۆیان بوون و شارەکان بە دەستیانەوە بوو، ناتوانین رەوتێک ببینین کە رۆژنامەگەری ئازاد بوونی بووبێت لە کوردستان. هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارەوە رژیم بۆ پڕووپاگەندە دەستی دایە بلاوکردنەوەی ژمارەیەک بڵاوکراوە وەک ئەسحابی ئینقلاب و ئامانج. بەڵام ئەم بڵاوکراوانە کە لە لایەن سپاوە زیاتر دەردەکران. لە سەردەمی سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیدا، تەنها ئەو کاتانەی کە شارەکانی کوردستان بە دەست حیزبەکانەوە بوون ئەتوانین بڵێین ئازادی مانای بووەو رۆژنامەگەری بە مانای ئازاد بوونی هەبووە. دواتر سەرجەم ئەو رۆژنامە و گۆڤارانەی کە دەردەکران هەر لە سروەوە بگرە تا ئاوێنە و زرێبار و ئاویەر و سیروان و مەهاباد و رۆژهەڵات و ئاسۆ و ئاشتی و .... هیچیان رۆژنامەیەک نەبوون کە لە فەزای ئازاددا بوونیان بووبێت. نامهەوێت لێرەدا بچمە سەر تایبەتمەندی هەرکام لەو بڵاوکراوەو رۆژنامانە. بێگومان هەرکام لەو بڵاوکراوانە کە لە سەردەمی جیاوازدا چاپ و بڵاو بوونەتەوە تایبەتمەندی جیاوازیان هەبووە. بەشێکیان قەڵەمە جیدییەکانی کۆمەڵگا تێیاندا نووسیوەو ناکرێت حاشا لە بوونیان بکرێت وەک بەشێک لە رۆژنامەگەری کوردی. بەڵام هەمووان لە یەک خاڵی هاوبەشدا شەریکن ، ئەویش ئەوەیە هەموان لە ژێر تیغی سانسۆر و لە ژێرچاودێری ناوەندە حکوومەتییەکاندا دەردەچوون کە بەزاندنی هێڵی سووری سانسۆر دەبوو بە هۆی لێپرسینەوە لێیان و داخستن و رەنگە زیندانی کردنی نووسەران و بەڕێوەبەرانی ئەو بڵاوکراوانە. لە قۆناغە جیاوازەکاندا دەرفەتدان بە بڵاوکراوەکان لانیکەم لە ئاستی ئەژمار و ژمارەوە لە ناوچە کوردنشینەکان جیاواز بووەو هەیە. سەردەمانێک بە هەموو سانسۆرەکانەوە، سەرەڕای هەموو بەربەستەکان ئیزنیان ئەدا بەوەی چەند بڵاوکراوەیەک هاوکات لە شارەکان دەربچن و جۆرێکیش پێشبڕكێ لە سەر راکێشانی نووسەرەکان بۆ لای خۆیان لە ناو هەفتەنامەکاندا سەریهەڵدابوو، سەردەمانێکیتر بەریان بەو ترووسکایانەش گرت و رۆژنامەکانیان داخست. بە گشتی ئەوەی بووە ئەم بڵاوکراوانە لە ژێر تیغی سانسۆر و لە نەبوونی ئازادی رادەربڕین و ئازادی دوای رادەربڕیندا چاپ بوون و کاریان کردوەو ئێستاش هەندێکیان کار دەکەن. لەم ڕووەوە بە هەموو هەوڵەکانیشەوە ناتوانین بڵێین رەوتێک هەیە لە کوردستانی رۆژهەڵات بە ناوی رەوتی رۆژنامەگەری کوردی، لەبەر ئەوەی رۆژنامەگەری پەیوەستە بە ئازادییەوەو نەبوونی ئازادی و ئازادی رادەربڕین بەر بە بوونی وەها رەوتێک دەگرێت.

کۆماری ئیسلامی هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکارییەوە بەری بە هەرچەشنە بیرجیاوازییەک گرت. داخستنی رۆژنامەکان، داخستنی زانکۆکان، زیندانی کردنی بیرجیاوازان و ئیعدامکردنیان ، ناچارکردنی هونەرمەندان و نووسەران و رووناکبیران بەوەی کە یان دەبێت بێدەنگە هەڵبژێرن یان وڵات بەجێ بهێڵن ناسنامەی ئەم رژیمەیە. دوای ٤٠ ساڵیش بە هەمان شێوە دەچێتە پێش. بۆیە دەتوانین بڵێین سەرکەوتی ئازادیخوازان بەشێکە لە ناسنامەی ئەم رژیمە. ئاستی ئەم سەرکوتە لە کوردستان چەند قاتی شوێنەکانیتری ئێران بووەو هەیە. رژیم بەردەوام بە چاویلکەیەکی ئەمنیەتییەوە لە کوردستانی ڕوانیوەو دەڕوانێت. لەم روانگەوە ئەتوانین بڵێین سنووری ئازادی لە کوردستان زۆر بەرتەسکتر بووە لە چاو ناوچەکانیتری ئێران.

هەواڵنێرانی بێ سنوور و چاودێرانی مافی مرۆڤ و هەوو لایەنگرانی ئازادی، ئێران بە یەکێک لەگەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسان دەزانن و دوای چین گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسانە. وڵاتێک کە بەگەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسەکان ناسرابێت ناتوانیت چاوەڕوانی ئازادی رادەبڕینی تێدا بکەیت. لە وەها دۆخێکدا بوونی رۆژنامەنووس بە مانای کەسێک کە دەسەڵاتی چوارەمی بە دەستە، دەچێتە ژێر پرسیارەوە.

بە کورتی لە وەها دۆخێکدا دەتوانین بڵێین لە کوردستانی رۆژهەڵات بە تایبەت رۆژنامەگەری بە مانا ئەمڕۆییەکەی، واتە دەسەڵاتی چوارەم، بوونی نییە. ئەوەی هەیە چەند هەوڵێکە کە نەیتوانیوە ببێت بە ڕەوت یا پرۆسەیەکی هەمیشەیی و بەردەوام. لە ئێستادا رژیم جگە لەوەی بەر بە بوونی رۆژنامە و رۆژنامەگەری دەگرێت، تەنانەت هەوڵی فیلتەرکردنی ماڵپەڕەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەدات. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و چالاکانی میدیایی بەهۆی چالاکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیرکراون و سزای زیندانیان بەسەردا داسەپاوە. بە پێی ئامارەکان لە ماوەی ساڵێکدا لە ئێران لانیکەم ١٨ چالاکی میدیایی و رۆژنامەنووسی، بانگ کراونەتە ئیتلاعات و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوەو هەروەها ١١ چالاک و میدیاکاری کورد دوای دادگایی کردن سزای زیندانیان بەسەردا داسەپاوەو بە گشتی سزای ١٠ ساڵ و ٢ مانگ بەسەر ئەو چالاکانەدا داسەپاوە. هەروەها ئەم چالاکانە بە گشتی سزای ٢٢٤ قەمچیان بەسەردا داسەپاوە. ئەمە جگەلەوەیە کە سزای ئابووری دراون.

رۆژنامەنووسەکان لە کوردستان نە لەباری ماددییەوە سەربەخۆن کە بتوانن بێخەم بتوانن کار بکەن، نە لە باری سیاسییەوە ئازادی کارکردنیان هەیە. ئەم دۆخە کە دروستکراوە دۆخی سەرکوتە نەک ئازادی. دۆخی بەرگرتنە بە رۆژنامە و رۆژنامەگەری نەک فرسەتی کار کردن.

بە گشتی ناتوانین لە وەها ژینگەیەکدا باس لە بوونی رۆژنامەگەری بکەین و دەتوانین بڵێین رۆژنامەگەری لە کوردستانی رۆژهەڵات چ بە شێوەی چاپکراو و چ بە شێوەی ئانلاین، بوونی نییە وەک رەوتێک. ئەوەی هەیە هەوڵی تاکەکەسەکانە و نەیتوانیوە ببێت بە پرۆسە.


ئه‌م بابه‌ته 366 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:01:11:23/04/2019