ترامپ سپای پاسدارانی بە شێوەی فەرمی خستە لیستی تیرۆرەوە

ترامپ سپای پاسدارانی بە شێوەی فەرمی خستە لیستی تیرۆرەوە

ئا: ئاسۆی رۆژ

 

ئێوارەی رۆژی دووشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٨، دۆناڵدترامپ سەرکۆماری ئەمریکا لە ڕایگەیاندنێکدا بە شێوەی فەرمی سپای پاسدارانی خستە ناو لیستی تیرۆرەوە.

ئەمە یەکەمجارە کە ئەمریکا یەکەی سەربازی وڵاتێک بە شێوەی فەرمی دەخاتە لیستی تیرۆرەوە.

ترامپ لەم راگەیاندنەدا نووسیوە :" ئەمڕۆ من بە شێوەی فەرمی لە لایەن دەوڵەتەکەمەوە رایدەگەیەنم کە سپای پاسداری کۆماری ئیسلامی، سەرجەم ئەو هێزانەی سەر بە سپان وەک سپای قودس، بە پێی ماددی ٢١٩ یاسای کۆچ و مانەوە، دەخەمە لیستی تیرۆرەوە. ئەم کارە بێ وێنەیە کە وەزارەتی دەرەوە جێبەجێی دەکات، دەرخەری ئەو راستییەیە کە ئێران جگە لەوەی پشتوانی حکومەتی تیرۆریسمە، بەڵکوو سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی بە شێوەی چالاکانە بەشداری تیرۆریسم دەکات وەک ئامرازێکی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و پشتیوانی ماددی تیرۆرەوە پەرەی پێ دەدات."

هەروەها هەر لەم پەیوەندەدا دۆناڵد ترامپ جەختی لەوە کردۆتەوە کە :" سپای پاسدارنی شۆڕشی ئیسلامی کەرەسە و ئامرازی سەرەکی دەوڵەتی ئێرانە بۆ پەرەپێدان و برەودانی تیرۆریسمی نێودەوڵەتی ئەو رژیمە."

"جیسۆن بلازاکیس" کە تا ماوەیەک لەوە پێش بەرپرسی نووسینگەی وەستانەوە دژی تیرۆریسمی ئابووری و کاروباری گەمارۆکان بوو، بە واڵ ستریت جۆڕناڵی راگەیاندووە کە ئەمە یەکەمجارە سپای پاسداران وەک رێکخراوێکی دەرەکی تیرۆریستی ، بناسرێت و بخرێتە ئەم لیستەوە.

ئەو هەروەها وتوویەتی :" تا ئێستە نەبووە بەشێک لە دەوڵەتێک بخرێتە ئەم لیستەوە. ئەم کارە ئەنجامی قووڵی لێ دەکەوێتەوە لە داهاتوودا."

سپای پاسداران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران خەریکی دەستێوەردانە و بەردەوام دەست لە کاروباری وڵاتان وەردەدات و بەشێک لە سپای پاسدران لە سووریە، لوبنان و عێراق و یەمەن چالاکی هەیەو لە ژێر ناوی جیاوازدا خەریکی دەستێوەردانن لە کار و باری ئەم وڵاتانە. هەروەها لە ناوخۆی وڵاتیش، نیوەی ئابووری و هێزە سەربازی و ئەمنییەتییەکانی وڵات بەدەستی سپای پاسدارانە. بەشێکی زۆر لە بازرگانی ئێران قۆرخی ئەم ناوەندە سەربازییەیە. بەشێکی زۆر لە پرۆژەکانی وەک بەنداو دروستکردن، رێگاوبان، پرۆژەی دروستکردنی شارۆچکەکانی خانووبەرە، هەموان قۆرخی ئەم ناوەندە سەربازییەن کە وەک ئۆختاپووسێک دەستی بەسەر ئابووری ئێراندا گرتووە.

عەرەبستانی سعوودی و بەحرین مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٨ سپای پاسداران و بەرپرسانی سەربازی سپای قودسی خستە لیستی گەمارۆکان و هەروەها لیستی ئەو کەسانەوە کە دەستیان هەیە لە تیرۆردا.

ناوەندی هەواڵنێری روەیتەرز لەم بارەوە راپۆرتێکی بڵاو کردۆتەوەو نووسیویەتی :" ترامپ دەیهەوێت لە ساڵڕۆژی چوونەدەرەوە لە بەرجام ئەم بڕیارە راگەیەنێت."

ئەوەی کە سپای پاسدران وەک بەشێک لە دەوڵەت بخرێتە لیستی گەمارۆکان و لیستی تیرۆرەوە، کاریگەری زۆری دەبێت لە سەر کۆنتڕۆڵ کردنی دەستێوەردانی ئێران لە ناوچەکە. لە هەمانکاتدا گوشاری ئابووری دەخاتە سەر ئێران و رژیمی کۆماری ئیسلامی ناچار دەکات پشتیوانیەکانی لە هێزە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە کەم بکاتەوە.

هەر لەم پەیوەندەدا، رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز رۆژی ٢٨ی مارچی ٢٠١٩ رایگەیاند کە دوابەدوای گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران پشتیوانی ماددی ئەم رژیمە لە گرووپە ئیسلامییەکانی ناوچەکە کەمتر بۆتەوە.بە پێی ئەم ڕاپۆرتەی نیۆیۆرک تایمز، حەسەن نەسروڵڵا دانی بەوەدا ناوە کە پشتیوانییە مادییەکانی ئێران کەم بۆتەوەو ئەمەش کاریگەری بووە لەسەر ئەوان. بە پێی زانیارییەکانی نیۆیۆرک تایمز، حیزب اللە ی لوبنان لە مانگی جێنیڤەری ٢٠١٩ەوە نەیتوانی مووچەی هێزەکانی بدات. هێزەکانی حیزب اللەی لوبنان و ئەو هێزەسەربازییانەی فەلەستین کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن ، گۆشت نییە بیخۆن و تەنها ڕوویان کردۆتە خواردنی پەتاتە. لە سووریەش هێزە میلیشیاکان و هێزە سەربازییەکانی سەر بە ئێران ٣ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.

هەر لەم پەیوەندەدا "بێن ساس" سێناتۆری کۆماریخوازی ئەیالەتی "نەبراسکا" لەسەر ئەو باوەرەیە کە ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرینگییە بۆ گوشارزۆرتر خستنە سەر ئێران- گەورەترین پشتیوانی تیرۆریسم و هۆکاری نائارامی ناوچەکە- و بەم شێوەیە ئەم کارەی ترامپی بە کارێکی کاریگەر و دروست زانیوە.

هەروەها مایک گالاگەر، ئەندامی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا لە تویتێکدا لە تویتەری خۆی نووسیویەتی :"ئەمە زۆر شتێکی باشە کە دەوڵەتی سەرکۆمار ترامپ دەیهەوێت کە سپای پاسدارن بخاتە لیستی تیرۆرەوە. ئێمەش دەبێت لە کۆنگرە کارێکی وەها بکەین."

پێشتر ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئەوەی کە راگەیەندرابوو کە رۆژی دووشەممە ١٩ی خاکەلێوە، سپای پاسداران دەکەوێتە لیستی تیرۆرەوە هەڵویستیان نیشاندابوو. بۆوێنە بەرپرسی گشتی سپای پاسداران هەڕەشەی کردبوو کە ئەگەر ئەمریکا سپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە :" ئەرتەش و هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای ئاسیا ئەو ئارامشەیان نابێت کە ئێستا هەیانە."

بەتیرۆریست ناوزەدکردنی سپای پاسداران و ئەوەی کە ئەم ناوەندە سەرکەوتگەرە سەربازییە دەستی لە سەرچاوە مادییەکانی کورت بێتەوە یان لانیکەم بەشێکی لە داهاتەکانی ببڕدرێت جگە لەوەی دەستێوەردانی رژیم و سپا لە ناوچەکە کورتتر دەکاتەوە لە هەمانکاتدا لە لایەکەوە دڵگەرمی و پشتیوانییە بۆ بزووتنەوەی جەماوەری و سیاسی لە ئێران و کوردستان و لە لایەکیترەوە سپا و رژیم ئیتر ئەو توانا ماددی و ئابوورییەیان نابێت کە بتوانن بە زۆری پارە خەڵک بۆلای خۆیان رابکێشن و لە هەژاری خەڵک کەڵک وەربگرن لە بەرژەوەندی خۆیاندا بۆ زیاتر کردنی هێزی چەکدار و ناچەکداری سەر بە سپا و بەسیج.

سپای پاسداران کە هەر لەسەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامییەوە بە مەبەستی ئەو شتەی کە خۆیان ناویان دەنا پارێزگاری لە بنەماکانی حکوومەتی ئیسلامی دامەزراوە، وەک باسکی سەربازی رژیم کاری کردوە بۆ جێبەجێ کردنی سیاسەتی "هەناردەکردنی ئیسلام" بۆ دەرەوەی سنوورەکان. کە لە راستیدا هەمان سیاسەتی هەناردەکردن و پەرەپێدانی تیرۆریسم و نانەوەی ئاژاوەو بشێوییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سپای پاسداران گەورەترین پشتیوانی "حیزب اللە لوبنان"، " حەشدی شەعبی عێراق"، "حەماسی فەلەستین"، "حووسیەکانی یەمەن" و رژیمی ئەسەد و میلیشیاکانی پشتیوانی ئەسەدە. ئەمە بەو مانایە کە ترامپ و دەوڵەتەکەی جیدین لەسەر ئەوەی دەستی ئێران لە ناوچەکە کورت بکەنەوەو بەر بە سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران بگرن لە ناوچەکە.

لەم چەند ساڵەی دواییدا بە هۆی کێشەی ئابوورییەوە سپا هەوڵیداوە لە کوردستان خەڵک بۆلای خۆی راکێشێت و لەو باروودۆخە لە بەرژەوەندی خۆی کەڵک وەربگرێت. بەڵام ئەم بڕیارە لە سەر سپا بەشێکی زۆر لە سەرچاوە داراییەکانی رژیم کەم دەکاتەوەو ئیتر ناتوانێت بەو شێوەیە خەڵک بۆ لای خۆی رابکێشێت. نەک تەنها خەڵکی کوردستان و ناوچەکانیتری ئێران، سپا لە رێی ئەو سەرمایەوە کە دەستی دەکەوت هێزی وەک "لەشکری فاطمیون"ی دروست کردبوو لە سوورییە و لە دۆخی خراپی ئابووری خەڵکی ئەفغانستان کەڵکی وەردەگرت بۆ ئەوەی بیان نێرێتە بەرەی شەڕ لە سوورییە. ئەم بڕیارە دەستی سپا لە ناوخۆی ئێران و دەرەوەی ئێران کورتتر دەکاتەوەو سەرەنجام دەتوانێت لە خزمەت بزووتنەوەی جەماوەری خەڵکدا بێت لە ئێران و ناوچەکەش.

بە کورتی ئەتوانین بڵێین تیرۆریسمی ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێدانێکی گەورەی بەرکەوتووە، هەڕەشەو گوڕەشەکانی بەرپرسانی ئێرانی و لەوانە بەرپرسانی سپای پاسداران لە ئەمریکا و هێزەکانی ئەمریکاش هەر لە چوارچێوەی هەڕەشەدا دەمێنێتەوە. لە چەند ساڵی رابردوودا هێزەکانی ئیسرائیل لە سووریە زۆر جاران بنکەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیان بۆمباران کردوەو ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سەر بە سپایان کوشتووە. بەڵام ئێران نەیتوانیوە هیچ پەرچەکردارێک نیشان بدات و تەنانەت ژمارەی کوژراوەکانی خۆی شاردۆتەوەو هەواڵەکانیشی پەردەپۆش کردوە.

بەچوونە ناو لیستی تیرۆرەوەی سپای پاسداران ئابووری ڕووخاوی ئێران زیاتر بەرەو ڕووخان دەبات لەبەر ئەوەی سپای پاسداران دەستی بەسەر بازرگانی ئێراندا گرتووە. بەشێکی زۆر لە بازرگانی ناوخۆیی و دەرەوەی وڵاتی ئیران قۆرخی سپای پاسدارانە. هەر لەم پەیوەدەداو بە دەرک کردن لەم بابەتە ترامپ لە راگەیاندنەکەی ئەمڕۆیدا وتی :" ئەگەر لەگەڵ سپای پاسداران مامەڵە بکەن واتە سەرمایەی تیرۆریسم ئامادە دەکەن. ئەم بڕیارە هەڵگری پەیامێکی روونە بۆ تاران کە پشتیوانی کردنی لە تیرۆریسم ئەنجامی خراپی دەبێت بۆی. ئێمە گوشارە ئابوورییەکانی خۆمان بۆ سەر رژیمی ئێران زیاتر دەکەین ، بۆ ئەوەی پشتیوانی تیرۆریسم بۆ ئێران قورستر تەواو بێت و تێچوویەکی زیاتری ببێت. ئێمە پەرە بەم گوشارانە دەدەین تا ئەو کاتەی کە تاران دەستبەرداری نانەوەی ئاژاوەو یاخیگەری دەبێت."

لەگەڵ راگەیاندنی ئەوەی کە سپای کەوتۆتە ناو لیستی گەمارۆکانەوە، نرخی دۆلاری ئەمریکا و زێڕ بەرامبەر بە تمەن بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی بە شێوەیەک کە کاریگەرییەکانی بە بازاڕەوە دیارە.

خەڵکی ئێران لەم چەند ساڵەی رابردوودا لە باری ئابوورییەوە، بە تایبەت لە یەک ساڵی رابردوودا باجی زۆری سەرەڕۆییەکانی رژیمیان داوەو ئەم گوشارە ئابوورییانەی کە بەهۆی سیاسەتەکانی رژیمەوەیە ژیانی خەڵکی لە ئیران قورستر کردوە.



ئه‌م بابه‌ته 206 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:07:41:08/04/2019