ژاکان باران بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

 ژاکان باران بە دانانی بارمتە ئازاد کرا


بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی هەواڵی رۆژهەڵات گەیشتووە، ژاکان باران شاعیر و چالاکی کەلتووری خەڵکی ئیلام کە خاوەن پێداویستی تایبەتە، رۆژی یەکشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

حوسێن باقری (ژاکان باران) شاعیر و چالاکی کەلتووری خەڵکی شاری ئیلامە. ناوبراو لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی چالاکییە کەلتووری و ئەدەبییەکانییەوە چەندین جار بانگ کراوەتە ئیتلاعاتی شاری ئیلام و دەستگیر کراوە.

ئەم شاعیرە کوردە پێش نەورۆز و رۆژی ٢٨ی رەشەممەی ١٣٩٧ و لە کاتێکدا ژمارەیەک لە چالاکانی کەلتووری و مەدەنی شارەکە خەریکی خۆئامادەکردن بوون بۆ بەڕێوەبردنی رێ و رەسمی نەورۆز دەستگیرکرا.

جێگەی ئاماژەیە ناوبراو ماوەی زیاتر لە ١ هەفتە و لە رۆژی ١ی خاکەلێوەوە بە ناڕەزایەتی بە هەڵسووکەوتی نەشیاوی بەرپرسانی زیندان و ئیتلاعاتی ئیلام دەستی دابووە مانگرتن .


ئه‌م بابه‌ته 737 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:07:08/04/2019