کۆڵبەری کارێک لە لێواری مەرگ

کۆڵبەری کارێک لە لێواری مەرگ


ن: ئاسۆی رۆژ

بە پێی ئەو راپۆرت و هەواڵانەی بڵاو کراونەتەوە لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوییدا، لە سنوورەکانی کوردستان ٢٥٦ کۆڵبەر و کاسبکاری سەرسنوورەکان، هەر لە ماکۆوە بگرە تا ئیلام، بە تەقەی راستەوخۆی هێزەچەکدارەکانی رژیم ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی و هەرەس و ڕنووە بەفر و سەرما و...بوون بە قوربانی کە لەو ژمارەیە ٨٦ کەس گیانیان لە دەستداوەو ١٧٠ کەس بریندار بوون.

ژیانی کۆڵبەرەکان، قوربانی بوونیان لە سەر سنوورەکان بۆ بەدەست هێنانی نانی رۆژانە، یەکێک لەو بابەتانەیە کە ئەمڕۆکە لە میدیاکان زۆر باسی لێوە دەکرێت و بەداخەوە هەواڵی قوربانی بوونیان بووە بە هەواڵێکی رۆژانە. ململانێی مەرگ و ژیان لە سەر سنوورەکان بۆ بەدەست هێنانی بژیوی ژیان، ململانێیەکی رۆژانەیە کە لە سنوورەکان دووبارە دەبێتەوە. خەڵکی ناوچە سنوورییەکان لە نەبوونی دەرفەتی کار، نەبوونی کارگە و شوێنی پیشەسازی و بە هۆی بێکارییەوەو لە ڕووی ناچارییەوە تەنها بۆ ئەوەی بتوانین موحتاجی کەس نەبن و بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی رۆژانەی خۆیان پەنا بۆ کاری پڕمەترسی و دژواری کۆڵبەری دەبەن. کارێک کە بە هیچ پێوەرێک ناتوانین بە کارێکی شایستەی ئەو مرۆڤانەی بزانین کە لە ڕووی ناچارییەوە سنوورەکان دەبڕن.

کۆڵبەرەکان لەم ململانێی پەیدا کردنی بژیوی ژیان و مەرگەدا ڕووبەڕووی چەندین مەترسی دەبنەوەو هەردەم مەترسییەکان لەسەر ڕێگایانە، وەک ئەوەی ڕێگای نان دەرهێنانی ئەوان لە تۆنێلی مەرگەوە گوزەر بکات، بە توناوتوونەکانی مەرگدا تێپەڕێت و بۆ ئەوەی لەم یاری مەرگ و ژیانەدا براوە بیت پێویستە بەم توناوتوون و تۆنێلەدا پەڕیتەوە.

یەکێک لە گەورەترین و دیارترین مەترسی بەردەم کۆڵبەرەکان و کاسبکارەکانی سەر سنوور تەقەی راستەوخۆی هێزەچەکدارەکانی رژیمە لە کۆڵبەرەکان لە سەر سنوور، بە شێوەیەک دەتوانین تەقەی چەکدارەکان لە کۆڵبەرەکان و مەترسییەکانی بە سەرچاوەی سەرەکی قوربانی بوونی کۆڵبەرەکان بزانین.

بە پێی کۆنڤانسیۆن و ڕێکەوتنامە نێونەتەوەییەکان هێزەچەکدارەکان بۆیان نییە تەقەی راستەوخۆ لە کەسانی مەدەنی بکەن، کەسانێک کە چەکدار نین. بەڵام دەبینین هێزەچەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لەدەرەوەی هەر پەیماننامە و کۆنڤانسیۆنێکی نێونەتەوەیی، کۆڵبەرەکان کە کەسانێکی مەدەنین و تەنها تاوانیان هەوڵدانە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان دەکەن بە قوربانی و راستەوخۆ بە قەستی کوشت تەقەیان لێدەکەن. بەرپرسانی رژیمیش بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئیزنی تەقە کردن بە هێزەچەکدارەکان دەدەن. تەنانەت هەندێجاریش تەنها بۆ پەردەپۆش کردن یان مەشرووعییەتدان بە تەقەی هێزەچەکدارەکان لە کۆڵبەرەکان، نکۆڵی لە وەها دیاردەیەک دەکەن و کۆڵبەرەکان بە قاچاخچی ناودەبەن. بۆ وێنە لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوییدا سەعید مونتەزر ئەلمەهدی» وتەبێژی هێزە ئینتزامییەکانی رژیم، لە پێوەند لە گەڵ مەرگی کۆڵبەرانی سەر سنوور رایگەیاند» :مەرگی کۆڵبەرەکان لە سەر سنوورەکانی رۆژئاوای ئێران –ناوچە کوردنشینەکان- درۆی راگەیاندنەکانی رۆژئاوایە و لە ساڵی ١٣٩٤ هیچ کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان نەکوژراوە. «

وتەبێژی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی، کۆڵبەران و زەحمەتکێشانی سەر سنووری بە قاچاخچی ناو بردو بوونی ئەوانی بە مەترسی زانی بۆ سەر حکومەت و رایگەیاند :» میدیا رۆژئاواییەکان بە ئەنقەست قاچاخچیەکان بە کۆڵبەر ناو لێ دەبەن کە شەوانە لە سنوورەکانەوە دزە دەکەن . میدیا رۆژئاواییەکان بەم شێوەیە دەیانهەوێت هەڕەشە بۆ سەر سنوورەکان دروست بکەن.

مونتەزر ئەلمەهدی لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەدا :» ئەوانەی وەک کۆڵبەر دەناسرێن، قاچاخچی چەک و چۆڵ و تەقەمەنی و مادەسڕکەرەکانن و دەیانهەوێت ئەمنیەتی ئێران بخەنە مەترسییەوە.

ئەم چەشنە لێدوانانە بەردەوام دووبارەو چەندبارە دەبێتەوەو مەبەست لەم چەشنە وتانە مەشرووعیەتی راستەوخۆیە بە تەقە کردن لە کۆڵبەرەکان لە لایەن هێزەچەکدارەکانی رژیمەوە. هەرچەند رەنگە ئێستا رژیم نەتوانێت نکۆڵی لە بوونی دیاردەیەک بکات بە ناوی کۆڵبەری و باس لە کۆمەڵێک گەڵاڵە دەکەن بۆ نەهێشتنی کۆڵبەری، یان دەرکردنی کارتی کۆڵبەری و... ، بەڵام بە ئێستاشەوە بەقوربانی بوون و تەقە کردن لە کۆڵبەرەکان لە لایەن هێزە چەکدارەکانەوە هەر بوونی هەیە و لە چاو ساڵانی پێشتر کەم نەبۆتەوە، بەڵکوو زیاتریش بووە بە شێوەیەک کە تەنها لە مانگی مارسی ٢٠١٩دا، ١٧ کۆڵبەر بوون بە قوربانی کە لەو ژمارەیە ١١ کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزەچەکدارەکان کوژران و بریندار بوون، کە ١ کەسیان گیانی لە دەستداوەو ١٠ کەس بریندار بوون. بە ڕووداوی سروشتی وەک رنووە بەفر، سەرما و کەوتنە خوارەوە ٦ کەس بوون بە قوربانی کە ٥ کەسیان گیانیان لە دەستداوەو ١ کەس بریندار بوون. بە گشتی ئامارەکان ئاماژەن بەوەی کە تا دێت بەداخەوە رێژەی بەقوربانی بوونی کۆڵبەرەکان زیاتر دەبێت و ئەمەش ئاماژەیە بۆ دەستکراوە بوونی زیاتری هێزە چەکدارەکانی رژیم بەرامبەر بە کۆڵبەرەکان.

یەکێکیتر لە مەترسییەکانی بەردەم کۆڵبەرەکان کە زۆرجار کۆڵبەرەکان دەکات بە قوربانی ئەو مینانەیە کە رژیم لە سەر سنوورەکان دایناوە. بە پێی ئامارەکان ناوچە سنوورییە کوردنشینەکان زیاتر لە ١٦ میلیۆن مینیان تێدایە کە ئەمە ئامارێکی زۆرەو جێی سەرنجە. بەشێکی زۆری ئەم مینانە پاشماوەکانی جەنگی ٨ ساڵەی عێراق- ئێرانن یان بەو چەشنە مینانە ناویان لێدەبرێت، کەچی دوای ٣ دەیە لە کۆتایی هاتنی ئەم جەنگە ماڵوێرانکەرە هێشتا مین و پاشماوەکانیتری ئەم جەنگە هەڵنەگیراونەتەوە، یان باشتر بڵێین رژیم مەبەستی نییە هەڵی بگرێتەوە. هەرچەند تەنها ناوچە سنوورییەکان نین کە مین رێژ کراون، بەڵکوو زۆر شوێنیتر کە پێشتر بنکە و مۆڵگەی هێزە چەکدارەکانی رژیم بووە یان ئێستە بنکەیانە مین رێژ کراون و خاوێن نەکراونەتەوە یان نایانهەوێت خاوێنیان بکەنەوە. لە حاڵێکدا رژیم زۆرجار بانگەشەی ئەوە دەکات کە ناوچە سنوورییەکانی لە مین خاوێن کردۆتەوەو تەنانەت جێژنی خاوێنکردنەوەی ژینگەی کوردستانی لە مین گرتووە، بەڵام هەموان دەزانن ئەمە بەس درۆیە و دوورە لە راستییەوە.

یەکێکیتر لە مەترسییەکانی بەردەم کۆڵبەرەکان سەرما و ڕنووە بەفر یان کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەوەیە. ئەمە ئەو شتەیە کە بە ڕووداوی سروشتی ناسراوە. بەڵام لە راستییدا هۆکاری سەرەکی قوربانی بوونی کۆڵبەرەکان بەم ڕووداوانە بۆ تەقەی هێزەچەکدارەکانی رژیم و ترس لە تەقەی هێزە چەکدارەکانی رژیم دەگەڕێتەوە. کۆڵبەرەکان لە ترسی تەقەی هێزەچەکدارەکان کوێرە ڕێ و رێگای سەخت و دژوار دەگرنەبەر، یان کاتی تەقەی هێزەچەکدارەکان بڵاو دەکەن و رێگایان لێ ون دەبێت کە دەبێت بە هۆی رێ دەرنەکردن و ون بوونیان، یان رەق بوونەوەیان لە سەرما، یان لەبەرزاییەوە بە هۆی دژواری ڕێگا بەر دەبنەوە، یان دەکەونە ژێر بەفر. بەڵام لە حاڵەتی ئاسایی و ئەگەر مەترسی هێزە چەکدارەکان نەبێت ئەوان تووشی وەها ڕووداوگەلێکن نابن. کەوایە ئەو شتەی کە بە ڕووداوی سروشتی و مەترسی سروشت بۆ سەر کۆڵبەرەکان ناوی دەبەن لە راستییدا ناسروشتییەو بەهۆی ترس لە تەقەی هێزەچەکدارەکانی رژیمەوەیە.

بەداخەوە هەندێجاریش شاهیدی ئەوەین کە کۆڵبەرێک لە کاتی گواستنەوەی کاڵاکەی تووشی جەڵدەی دڵ دەبێت و گیانی لە دەستدەدات. بێگومان بۆ ئەمجۆرە ڕووداوانەش دوو هۆکاری سەرەکی هەیە. یەکەمیان باری قورس و دژواری رێگایە کە گوشارێکی جەستەیی دەخاتە سەر کۆڵبەرەکان. کۆڵبەرێک ناچارە بارێکی نزیک بە ١٠٠ کیلۆیی هەڵبگرێت بێگومان ئەمە قورساییەکی جەستەیی دەخاتە سەری و مەترسییە بۆی. بەڵام بەدەر لەمەش سترێس و دڵەڕاوکەیەک کە هەیە هۆکارە بۆ جەڵدەی دڵ. سترێس لەوەی کە هێزە چەکدارەکان نەڕژێنە سەریان، دڵەڕواکەی ئەوەی کە بتوانێت بارەکەی بە سەلامەت بگەیەنێت. نەکەوێتە بۆسەی چەکدارەکانەوە کە چما بۆ هێزێکی پڕچەک بۆسە دادەنێن نەک بۆ کۆمەڵێک زەحمەتکێشی سەر سنوور. بۆیە قورسایی جەستەیی و قورساییەکی رۆحی کە سترێسە یەک دەگرن و هۆکارە بۆ ئەوەی کۆڵبەرێک لە سەر سنوورەکان لە کاتی کارکردندا تووشی جەڵدەی دڵ ببێت و گیانی لەدەست بدات.

بەگشتی دەتوانین لەسەرجەم ئەو هۆکارانەدا کە دەبن بە هۆی مەرگ و قوربانی کۆڵبەرەکان بوونی هێزەچەکدارەکانی رژیم و کۆماری ئیسلامی ببینین. بێگومان هۆکاری مەرگی کۆڵبەرەکان لە سەر سنوور رژیم و هێزەچەکدارەکانی رژیمە. ئەوەشمان بینیوە کە چەندینجار خەڵکی شارە جیاوازەکانی کوردستان بە ناڕەزایەتی بە مەرگی کۆڵبەرەکان دەستیان داوەتە مانگرتن و ناڕەزایەتییان دەربڕێوە زۆر باش ئاگادارن کە هۆکاری مەرگی کۆڵبەرەکان رژیم و دەست و پەیوەندییەکانییەتی.

ئەوەی دەبێت پێداگری لەسەر بکرێت نەمانی کۆڵبەری و بوونی ژیانێکی شایستەو کارێکی شایستەیە بۆ کۆڵبەرەکان نەک ئەوەی بە ناچاری پەنا بۆ کارێک ببەن کە شیاوی ئەوان نییە.


ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:11:41:03/04/2019