هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رژیم لە مامۆستایانی سەقز

هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رژیم لە مامۆستایانی سەقز

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕۆژهەڵات، دوا بە دوای مانگرتنی دەوری سێهەمی مامۆستاکانی شارەکانی کوردستان و بەشداری چالاکانی مامۆستایانی سەقز لەو مانگرتنانەدا کە بە پێی زانیارییەکانی ئاسۆی رۆژ مامۆستایان لە زیاتر لە ٧٠ قوتابخانە بەشدارییان لە مانگرتنەکاندا کردوە، لەم پەیوەندەدا ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رژیم و حەراسەتی پەروەردە و بارهێنان هەڕەشەی ئەوەیان لە مامۆستایان کردوە کە دۆسیەی ئەمنییەتیان بۆ دەکەنەوەو پرسەکەیان بە ئەمنییەتی دەکەن.

لەم پەیوەندەدا مامۆستایەکی قوتابخانەکانی سەقز بە ئاسۆی رۆژی راگەیاند:" دروستکردنی دۆسیەی ئەمنییەتی بۆ مامۆستایان لە راستیدا کارێکی نایاساییە و هەوڵی هاوبەشی پەروەردە و بارهێنان و ناوەندە ئەمنییەتییەکانە بۆ ئەوەی بەر بە هەرچەشنە ناڕەزایەتییەکی پیشەیی مامۆستایان بگرن لە ئێران و کوردستان."

ئەم مامۆستایە هەروەها لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا:" ناڕەزایەتییەکانی ئێمە پیشەیین. باشتر کردنی دۆخی ژیانی مامۆستایان، ئازاد کردنی هاوکارە دەستگیرکراوەکانمان، جێبەجێ کردنی خواستە پیشەییەکانمان وەک مامۆستا. کۆمەڵێک داخوازی ئێمەن. ئێمە خوازیاری ئەوەین بژیوی ژیانمان باشتر بێت بۆ ئەوەی بە خەیاڵی ئاسوودەتر خزمەتی مناڵانی ئەم کۆمەڵگایە بکەین."

ئەم مامۆستایە لە بەشێکتر لە قسەکانیدا هەروەها وتی :" یەکێکیتر لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی ئێمەی مامۆستایان، ئەوەیە سیستەمی پەروەردە و خوێندن لە ئێران لە بەشێکی زۆر لە شارەکان بووە بە سیستەمێک کە پارە بڕیار دەدات تێیدا. مناڵانی بنەماڵە هەبووەکان لە قوتابخانە تایبەتەکان بە پارەیەکی خەیاڵی دەخوێنن. لە باشترین ئیمکانات کەڵک وەردەگرن. مناڵانیتر، مناڵانی بنەماڵە هەژارەکان، لە ئیمکانات بێبەرین. ئێمە خوازیاری ئەوەین سیستەمی خوێندن بە پارە نەمێنێت. دەبێت عەداڵەت لە سیستەمی خوێندندا هەبێت."

ئەم مامۆستایە کە لەبەر باری ئەمنییەتی ناوی لاوی ئاسۆی رۆژ پارێزراوە هەروەها وتی :" حەقدەستی مامۆستایان لە چاو کارمەندەکانیتری کەرتی حکوومەتی زۆر کەمترە. ئێمە خوازیاری ئەوەین عەداڵەت ببێت و حەقدەست و مووچەی ئێمەش باشتر بکرێت. بەردەوام لە لایەن کۆمەڵگاوە گلەییمان لێدەکرێت کە بۆچی مامۆستاکان خەریکی کاری دووهەم و سێهەمن. ئێمە لە ڕووی ناچارییەوە دوای تەواو بوونی کاتی خوێندن، خەریکی کاری دووهەم و سێهەم دەبین. ناچارین بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانمان ئەو کارە بکەین. بەڵام دەزانین ئەوەی لەو ناوەدا زەرەرمەندە، مناڵان و سیستەمی پەروەردەیە. بۆیە ئێمە ناڕازین و خوازیاری باشتر بوونی دۆخی ژیانمانین. "

دەوری سێهەمی مانگرتنی مامۆستایان لە رۆژانی ١٢ و ١٣ و ١٤ ی رەشەممە هاوکات لە بەشێکی زۆر لە شارەکانی ئێران و کوردستان بەڕێوەچوو و مامۆستایانی شارە کوردنشینەکان لەوانە، کرماشان، سەقز، مەدیوان، سنە، شنۆ، پاوە، شاهاباد و دێولان و... بەشداری چالاکانەیان تێدا هەبوو.


ئه‌م بابه‌ته 415 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:09:07/03/2019