چوار وڵاتی زلهێزی ئورووپایی، سێ مەرجیان هەیە بۆ هاوکاری بازرگانی لەگەڵ ئێران

چوار وڵاتی زلهێزی ئورووپایی، سێ مەرجیان هەیە بۆ هاوکاری بازرگانی لەگەڵ ئێران

بە پێی هەواڵەکان: چوار وڵاتی گەورەی ئورووپایی، ئاڵمان، فەرانسە، ئیتالیا و ئینگلیس، لە دیدار لە گەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی، سێ مەرجیان دیاری کردووە وەک مەرجی هاوکاری کردنیان لەگەڵ ئێران.

ئەم چوار وڵاتە جەختیان لەوە کردۆتەوە بە مەرجێک ئامادەیی هاوکاری بازرگانیان هەیە لەگەڵ ئێران کە کۆماری ئیسلامی ئەم ٣ مەرجە جێبەجێ بکات. سێ مەرجەکە بریتین لە :

1-کۆماری ئیسلامی دەستبەرداری نانەوەی نائارامی و بشێوی بێت لە ناوچەکە لەوانە لوبنان، سووریە، عێراق و یەمەن

2-کۆماری ئیسلامی پێویستە بە تەواوەتی بەرنامە مووشەکییەکانی رابگرێت، بە تایبەت مووشەکی بالستیک

3-کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی لەناو بردنی ئیسرائیل نەکات.

شارەزایانی کاروباری سیاسەتی نێوەدەوڵەتی لەسەر ئەو باوەڕەن کە دانانی ئەم سێ مەرجە لە لایەن ٤ وڵاتی زلهێزی ئورووپاییەوە بۆ ئێران، نزیکتر بوونەوەی ئەم وڵاتانەیە لە هەڵوێستەکانی ئەمریکا بەوەی بەر بە سەرەڕۆییەکانی ئێران بگرن لە ناوچەکە.

ئەمە لە حاڵێکدایە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دروشمی مەرگ بۆ ئیسرائیل و مەرگ بۆ ئەمریکا دەڵێنەوە. هەروەها بەردەوام پاڵپشتی خۆیان لە گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە ناوچەکە دووپات دەکەنەوەو چەند رۆژ لەوە پێش زەریف باسی لەوە کرد ئێمە لە بەر خاتری فەلەستین سەختی زۆرمان چەشتووەو لە ئامادەین سەختی زیاتریش بچێژین.

هەروەها بەرپرسانی سپا و ناوەندە ئەمنییەتییەکان بەردەوام باس لە بردنە سەرەوەی توانا سەربازییەکان و توانا مووشەکییەکانی ئێران دەکەنەوە. بەم مانایە ئەتوانین بڵێین ئێران ملکەچی خواستەکانی ئورووپا نابێت و دەبێت چاوەڕوان بین کە بزانین هەڵوێستی دواتری ئەوان چی دەبێت.



ئه‌م بابه‌ته 299 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:02:29:06/03/2019