دەستدرێژی سێکسی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی

دەستدرێژی سێکسی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی


ئا: مستەفا زاهیدی

تێبێنی: ئەوەی لە خوارەوە دەیخوێننەوە رانانە بۆ کتێبی (Aggression and Violent Behavior)کە باسکردنە لە توندووتیژی سێکسی، پێناسەکانی، جۆرەکان و کاریگەرییەکانی و هەروەها بە تایبەت توندووتیژی سێکسی لە لایەن شەریکە سێکسی یان جنسییەکانەوە. تا ئێستە ئەم باسە لە کۆمەڵگا کوردیدا زۆر کەم باسی لێوەکراوە. زۆرجار کە باسی توندووتیژی دەکرێت باس لە فۆڕمە جیاوازەکانیتری توندووتیژی دەکرێت، وەک توندووتیژی جەستەیی یان زارەکی و... کاتێکیش باس لە توندووتیژی سێکسی دەکرێت، زۆر کەم باس لەو فۆڕمە لە توندووتیژی سێکسی دەکرێت کە لە لایەن شەریکە سێکسییەکانەوە وەک هاوسەر و هاوژیان یان رەفیقەکوڕ (Boy Friend) ەوە ئەنجام دەدرێت. لەم رانانەدا باس لە چەمکی توندووتیژی سێکسی دەکرێت لە لایەن هاوژیانەکانەوە بۆ سەر ژنان.

ئەم رانانە بە زمانی فارسی و لە لایەن (عصمت صوفیە)وە ئەنجامدراوە. بەڵام بۆ زیاتر دەوڵەمەند کردنی باسەکە گەڕاوینەتەوە سەر کتێبەکە و چەند خوێندنەوەیەک کە بۆ ئەم کتێبە بە زمانی ئینگلیزی کراوەو بە کەڵک وەرگرتن لەو خوێندنەوەو رانانانە توانیومانە باسەکە دەوڵەمەندتر بکەین.

ئایا تا ئێستە دەستدێژیتان کراوەتە سەر. نەک ئەوەی لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە هێرش بکرێتە سەرتان. نەک ئەوەی لە شوێنی کار تەنها مابێتنەوە، هەرلێرە، لە ماڵی خۆتان، ژووری خەوەکەتان و تەنانەت لە سەر تەختی خەو، شەو، ئەو کاتەی کە لات وایە بە ئارامشەوە لای هاوسەرەکەت خەوت لێ دەکەوێت، لەگەڵ خواستە ناباوەکانی هاوسەرەکەت رووبەڕوو دەبیتەوەو رەنگە بەرگرییەکی بچووک ببێت بە هۆی بێتاقەتی هاوسەرەکەت و.... لە راستییدا تۆ دەستدرێژێت کراوەتە سەر. " دروستبوونی هەر جۆرە پەیوەندییەکی سێکسی لەگەڵ ژن کە بە رەزامەندی ژنەکە نەبێت بە دەستدرێژی دەژمێردریت." لەم وتارەدا نووسەرەکان دەست دەدەن بە لێکدانەوەوی دەستدرێژی سێکسی لە پەیوندی ژن و مێردایەتیدا وەک توندووتیژی خێزانی.

دەستدرێژی لە پەیوەندی ژن و مێردایەتیدا، ئەمڕۆکە بووە بە پرسێکی جیدی کۆمەڵایەتی و کێشەیەکە لە بواری تەندروستی گشتی و دەروونیدا. تا چەند ساڵ لەوە پێش تەنها لەهەندێ لە وڵاتان ئەویش بە شێوەی سنووردار باسی لێوە دەکرا . جگە لەوەی بە تاوان نەدەزانرا، بەڵکوو کەس ناوی دەستدرێژیشی لێ نەدەنا.

بە درێژایی مێژوو، ئەو پیاوانەی دەستدرێژیان کردۆتە سەر ژنەکانیان لە بەرامبەر سزای یاساییدا پارێزراو بوون. بە پێی یاسای دادوەری پلەبەرزی بەریتانیا لە سەدەی ١٧ی زایینیدا، ئاغای ویلیام هیک، ناکرێت مێرد سزا بدرێت لەبەری ئەوەی دەستدرێژی کردۆتە سەر ژنی خۆی. لەبەر ئەوەی بە پیی گریبەستی ژیانی هاوسەرێتی و بە رەزامەندی خی، ژنەکە خۆی بە تەواوی دەخاتە بەردەستی پیاو.

ئەم بۆچوونەی ویلیام هیل کە وەک (دۆکترینی هیل) دەناسرێت، بە شێوەی فەرمی لە سیستەمی یاسایی بەریتانیا و ئەو وڵاتانەی کەداگیری کردبوون و هەروەها لە باکووری ئەمریکا کاری پێدەکرا. پێشتر کەسێک بە ناوی بلاک ستۆن وتبووی کە ژن بەشێکە لە مڵکی پیاو لەو ماوەیدا کە ژن و مێردن. بە پێی ئەم تێڕوانینە، مێرد تاوانبار نییەو بە هەر شێوەیەک بیهەوێت دەتوانێت لەگەڵ کاڵاکانی خۆیدا رەفتار و هەڵسووکەوت بکات و بەکاریان بێنێت. کەس بە هۆی دەستدرێژی و بەکار هێنان یان خەسار گەیاندن بە کاڵا و مڵکی خۆی بە تاوانبار نازانرێت.

چەمکی دەستدرێژی لە پەیوەندی ژن و مێرددا دەکرێت بڵێین تا سەردەمی "بزووتنەوەی ژنان بۆ گۆرینی سیستەمی یاسایی" لە دەیەی ١٩٧٠ بە جیدی نەهاتە بەر باس. بە هەوڵ و کۆششی چالاکانی بزووتنەوەی ژنان لە ئەمریکا و بەتایبەت خاتوونێک بە ناوی لارا ئێکس، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٧٩٧ لە ئەیالەتی کالیفۆڕنیا پیاوێک بە تاوانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنەکەی بە تاوانبار ناسرا. لە ئێستادا یاسای "قەدەغەبوونی دەستدرێژی سێکسی لە ژیانی هاوسەریدا" لە ئەمریکا و بەشێکی زۆری وڵاتادانی ئەورووپایی بە فەرمی ناسراوەو کاری پێ دەکرێت. بەفەرمی ناسینی ئەم یاسایە لە لایەن دەوڵەت و سیستەمی یاساییەوە لەم وڵاتانە بووە بە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتەکان بە شێوەی جیدیتر کێشەکانی تایبەت بەم بوارە لەبەرچاو بگرن و بوودجە و سەرمایە تەرخان دەکەن بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی و ئاکادێمیک لەم بوارەدا.

تیۆرییەکانی سەر بە فێمنیسم، بونیادگەرایی و دەوری جێندەر لە کۆمەڵایەتی بوونی کەسەکان، سێ تیۆری ئاوانگارد و پێشەنگن کە لە زۆریەک لە لێکۆڵئنەوە زانستی و ئاکادێمییەکانی تایبەت بە بە دەستدرێژی سێکسی لە پەیوەندی ژن و مێردایەتییەدا بەکار دەبرێن. بونیادگەرایانی کۆمەڵایەتی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە دەستدرێژی لە پەیوەندی ژن و مێرددا، رەنگدانەوەی حەزی پیاوە بۆ زاڵ بوون بە سەر ژندا و پاراستنی هێزی نەریتیانەیان بۆ پارێزگاری لە خۆیان و پارێزگاری لەو شتەی کە خاوەندارێتی دەکەن.

خاوەنڕایانی دەور و نەخشی جێندەر لە کۆمەڵایەتی بوونی کەس لە سەر ئەو باوەڕەن دەستدرێژی لە پەیوەندی ژن و مێرددا، لە داسەپاندن و قبووڵکردنی باوەرە نەریتییەکانەوە بۆ دەوری ژنەکان لە پەیوەندی سێکسیدا سەرچاوە دەگرێت. بە پێی ئەم روانینە، دەور و نەخشە نەریتییە جێندەرییەکان فێری پیاوان دەکات کە دەوری جێندەر یان رەگەزی بەهێزتر بگێڕن و بە زۆری هێرشبەر بن و بە پێچەوانەوە ژنان ملکەچ و بێ کردە بار دەهێنرێن.

پۆلێن بەندی کردنی دەستدرێژییە سێکسییەکان:

ئەزیەت و ئازار دانی سێکسی نافیزیکی

ئەمجۆرە ئازاردانە سێکسییە بە زۆری جۆرێک تووڕەبوون و هەڵچوونی زمانی و دەروونیە کە بە دوو فۆڕمی بنەڕەتی "ناچار کردنی کۆمەڵایەتی و نۆرمەکان" و " ناچارکردن بە پێی پەیوەندی نێوان کەسەکان/ ئەرباب و نۆکەر" روو دەدات. ناچارکردنی کۆمەڵایەتی و نۆرمەکان باوترین جۆرە لەم بەشەدا. لەم جۆرە لە ئازاری سێکسیدا، ئەرکی ژن ئەوەیە خزمەتی مێردەکەی بکات بە پێی ئەرکی ژن و مێردایەتی. ئەرکی سەرەکی ژن دابینکردن و دامرکاندنەوەی هەستی سێکسی مێردەکەیەتی، تەنانەت ئەگەر سێکس بە پێچەوانەی حەز و ویستی دەروونی ژن بێت.

لە جۆری دووهەمدا، مێردەکە بە کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەو ئیمکانە مادییەکان یان هێزی خۆی، وا لە ژنەکەی دەکەت ملکەچی خواستە سێکسییەکانی ئەو بێت: بۆ وێنە لە بەرامبەر پارەدا وا لە ژنەکەی دەکات ملکەچی خواستی سێکسی پیاوەکەی بێت، تەنانەت ئەگەر کردەی سێکس بە پێچەوانەی حەز و ویستی ژنەکە بێت و ئازار بچێژێت یان هەست بە سووکایەتی بکات.

‌‌هەڕەشە یان ناچارکردنی سێکسی

ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە ترسی ئاکامەکانی بەرگری کردن لە بەرامبەر ئازاری سێکسی مێرد یان شەریکی سێکسیان، مل ئەدەن بە پەیوەندییەکی سێکسی نەخوازراو. ئەوان لە پەرچەکرداری نێگەتیڤی شەریکە سێکسییەکەیان یان مێردەکەیان دەترسێن. ئەم پەرچەکردارە نێگەتیڤە زۆربەی کات وەک هەڵچوون و تووڕەیی زمانی و دەروونی یان شەڕ و لێدانی جەستیی خۆی دەردەخات. ئەم وتەزایە خۆی بە سێ بەش دابەش دەبێت

لێدان و ئازار دان

دەستدرێژیەک کە لێدان و ئازاردانی لەگەڵدایە و زۆربەی کات توندووتیژی زمانی و فیزیکیشی لەگەڵدایە.

دەستدرێژی فیزییکی و بە زۆر

ئەم جۆرە دەستدرێژییە بە هۆی کێشەی بەردەوامی ژن و پیاوە لە سەر جۆر و شێوەو فۆڕمی سێکس. لەم جۆرە دەستدرێژییەدا، کەسی دەستدرێژیکەر تا ئەو کاتەی ئەتوانێت ئەو شێوەو فۆڕمە سێکسەی کە خۆی دەیهەوێت ئەنجام بدات، کەڵک لەم جۆرە توندووتیژییە وەر دەگرێت و بەزۆر و بە لێدان بەرامبەر ناچار ئەکات بەوەی ملکەچی خواستی ئەو بێت.

دەستدرێژی سادیستی و گرێیانە

ئەمجۆرە دەستدرێژییە زۆربەی بە ئەنجامدانی جۆرێکی ناباوی سیکس دەردەکەوێت. ئەو کارە ناعەقڵانی و لادەرانەی کە وا دەکات قوربانی ئازاری پێ بگات لە کاتی سێکسدا. ئەمجۆرە دەستدرێژی سێکسی لە لایەن پیاوەوە زۆربەی کات بۆ ئەوە نییە ژن یان شەریکە سێکسیەکەی خۆی کۆنتڕۆڵ بکات و ملکەچی بێت، بەڵکوو بە مەبەستی زیاتر ورووژانی سێکسی خۆی بەکاری دەبات.

لێکۆڵینەوەی زۆر کراوە لە سەر ئەنجام و کاریگەرییەکانی توندووتیژی جەستەیی و سێکسی بۆ سەر ژنان لە لایەن هاوسەر و شەریکە سێکسییەکانیانەوە. ئەنجامەکان بە گشتی دەرخەری ئەوەن کە توندووتیژی جەستەیی و هەروەها تووندووتیژی و ئازاردانی سێکسی کاریگەری زۆر خراپی دەروونی و جەستەییان هەیە لە سەر ژنانی قوربانی. بەڵام ئەو ژنانەی کە توندووتیژی و ئازاری سێکسیان بەرامبەر ئەنجام دراوەو ئەزموونی وەها جۆرە دەستدرێژییەکیان هەیە، زۆر زیاتر لەو ژنانەی کە توندووتیژی جەستەییان بەرامبەر کراوە، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی فیزیکیان لە سەرە.

لێرەدا و بە پێی ئەوەی لە کتێبەکەدا پۆلێن بەندی کراوە باس لە کاریگەتییە جەستەیی و دەروونییەکانی توندووتیژی سێکسی دەکەین بەرامبەر بە ژنان، چ لە لایەن کەسانی نزیکی خۆیانەوە، واتە هاوسەر و هاوژیانەکانیانەوەو چ لە لایەن کەسانیترەوە. بەڵام ئەم کتێبە زیاتر باس لە توندووتیژی سێکسی دەکات بۆ سەر ژنان لە لایەن شەریکە سێکسییەکانەوە.

کاریگەرییە دەروونییەکان:

خەمۆکی بوون (Depression)یەکێکە لە کاریگەرییە دەروونییەکانی دەستدرێژی لە پێوەندی سێکسیدا. قوربانییەکان تووشی کۆمەڵێک کێشەی قووڵ دەبنەوە لەوانە، خەمۆکی بوون، تێکچوونی باری دەروونی دوای رووداوەکە ترس لە کۆمەڵگا، تێکچوونی رەفتاری سێکسی. هەروەها قوربانییەکان تووشی کۆمەڵێک کێشەیتر دەبنەوە وەک سەرکۆنە کردن و خۆبەتاوانبار زانین، هاتنەخوارەوەی متمانە بە خۆ و بە جەستەی خۆ، نەبوونی بڕوا بە خۆ بوون ، بێزاربوون لە پیاوان و پەیوەندی سێکسی . ژمارەیەکی زۆری لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو ژنانەی کە رووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە لە لایەن شەریکە سێکسییەکانیانەوە ، زۆر کەمتر لەو ژنانەی دەستدرێژی جەستەییان کراوەتە سەر متمانەیان بە خۆیان هەیە. ئەو ژنەی دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر متمانەی بە خۆی نامێنێت نەبوونی بڕوابەخۆبوون (Self- Confidence) هۆکارە بۆ گۆشەگیری و خۆپراوێزخستن. هەروەها لێکۆڵینەوەکان دەرخەری ئەو راستییەن کە دەستدرێژی سێکسی لە پەیوەندی ژن و مێردایەتیدا، یان لە پەیوەند لەگەڵ شەریکە سێکسییەکان، دەبێت بە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکە لە لای قوربانی.

کاریگەرییە فیزیکی و جەستەییەکان

ئەو ژنانەی کە لە لایەن هاوسەر یان شەریکە سێکسییەکانی خۆیان وەک رەفێقە کوڕ (Boy Friend) دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەریان، باری دەستدرێژییەکە زۆر قورسترە لە سەریان لە چاو ئەو ژانەنی کە لە لایەن کەسانی نەناسراو و بێگانەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەریان. جیاوازی لە ئاستی توندووتیژییەکە و جۆری ئازارێکە کە پێیان دەگات. ئەو کەسانەی کە لەلایەن هاوسەر و شەریکە سێکسییەکانیانەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەریان، زیاتر لە بەردەم مەترسی ئازاری جەستەیی و ئازار گەیشتن بە شوێنە هەستیارە سێکسییەکانی جەستەیاندان. زیاتر لە ژنانیتر کە لە لایەن بێگانەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەریان نیشانە و ئاسەواری دڕین، بریندار بوون و... بە جەستەیانەوە دیارەو هەندێجار پێستیان بریندار دەبێت و بەم شێوەیە رووبەڕووی ئازاری جەستەیی دەبنەوە کە کاریگەری رۆحی هەیە لە سەریان.

ژمارەیەکی زۆر لە ئازارە جەستەییەکان وەک سک ئێشە، ئازارە باوەکانی تایبەت بە نەخۆشیە ژنانەکان، ئازاری سمت، خوێن بەربوونی زێ (Vagina)، پەیوەندی سێکسی بە ئێش و ئازارەوە، لەبار بردنی مناڵ، ئیلتهابی میزڵدان، بەئازارەوە میز کردن، خوێن بەبوونی دواوە (Seat) و نەخۆشییە باوەکانی ریخۆڵە لەو ژنانەدا بینراوە کە لە لایەن کەسانی نزیکەوە ، واتە شەریکە سێکسییەکانەوە دەستدرێژییان کراوەتە سەر. ئەوان لە بەردەم هەڕەشەی ژمارەیەک نەخۆشی مەترسیداردان وەک شێرپەنجەی مناڵدان و ئەو نەخۆشیانەی کە بەهۆی پەیوەندی سێکسیەوە دەگوازرێنەوە.

هەروەها بینراوە ژمارەیەک لەو ژنانەی دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەریان دەستیان داوەتە خۆکوژی، یان لە لایەن دەستدرێژی کارەوە کوژراون.

سەرچاوەکان:

1- https://tableaumag.com/1392/10/%D8%AA%D8%AC%D8%A7%D9%88%D8%B2-%D8%AF%D8%B1-%D8%B1%D8%A7%D8%A8%D8%B7%D9%87%E2%80%8C%DB%8C-%D8%B2%D9%86%D8%A7%D8%B4%D9%88%DB%8C%DB%8C/

2- https://www.journals.elsevier.com/aggression-and-violent-behavior

٣- https://www.sciencedirect.com/science/article/pii/S135917891830168X


ئه‌م بابه‌ته 532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:08:14:20/12/2018