بێ‌باوەڕی، شكست و مەرگ لای داستایۆڤسكی

بێ‌باوەڕی، شكست و مەرگ لای داستایۆڤسكی
سەلاح بەهرامی

گەر بمانەوێت بەپێی ڕۆمانەكانی گەمژە، برایانی كارامازۆڤ، تاوان و سزا  بەرهەمەكانی داستایۆڤسكی شرۆڤە بكەین دەبێت بڵێین كە مرۆڤی ئەو سەردەمە وەكوو حەزێكی غەریزی هەوڵی گەیشتن بە دەسەڵات و پارە دەدات و لەو پێناوەدا هەموو بنەما و پێوەر و بەهاكان پێشێل دەكات. هەموو بەرهەمەكانی داستایۆڤسكی وەكوو كەسایەتیی خۆی، چیرۆكی كەسانێكی یاخی، ئاڵۆز، نەخۆش و لە ڕووی دەروونییەوە تێكشكاون كە هەموو كەسایەتییەكانی ناو ڕۆمانەكانی ڕەنگدانەوەی ژیانی شەخسیی داستایۆڤسكین. بۆ نموونە، حەزكردن لە یاریی ڕۆلت لە ڕۆمانی قومارباز، فێ، كەسایەتیی ناستازیا فیلیپۆنا، سێدارە لە گەمژە و كەسایەتیی باوك لە ڕومانی برایانی كارامازۆڤ یان كاتێك كە بە وردی چاو لە بەشە سەرەتاییەكانی ڕۆمانی گەمژە دەكەین، لەوێدا كە داستایۆڤسكی ئاماژە بە بنەما لەرزۆكەكانی ژیانی گەمژە دەكات كە هەمووی ترس و ناحەزییە دەبینین كە باشترین كەسایەتییەكانی سۆڤیەت چ لە ڕوانگەی تاك یان پێگەی كۆمەڵایەتییەوە دان بە ناحەزترین و قیزەونترین كرداری ئینسانیدا دەنێن و تا ئەو جێگا دەچێتە پێشەوە كە هەموو خەڵكی سۆڤیەت وەكوو تاوانبار و سەرۆكی سۆڤیەت وەكوو تاوانباری یەكەم و خۆیشی وەكوو دادوەر و خوێنەرانیش وەكوو لێژنەی دادوەران هەموو سۆڤیەت بە دە جار بەندی هەتاهەتایی و كاری زۆرەملی سزا دەدات. 
داستایۆڤسكی لە ۲٦ ڕۆژدا ڕۆمانی قومارباز دەنووسێت و ڕۆمانی بێ‌وێنەی گەمژە لە بارودخی نەخۆشی و قەرزی فراوان بە هۆی یاریی ڕۆلت و دابین‌كردنی تێچووی ژیانی براژنی و برازاكەی دەنووسێت. داستایۆڤسكی بە گشتی سێزدە بەرهەمی هەیە كە بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین كە چوار لەو بەرهەمانە لە پازدە بەرهەمی نموونەیی ئەدەبی جیهانیدا جێگایان دەبێتەوە. سەبارەت بە خودی داستایۆڤسكیش گابرێل گارسیا ماركێز پێیوایە داستایۆڤسكی پاشای هەموو نووسەرانە.
بیرۆكەی سەرەكیی ڕۆمانی گەمژە هەروا كە خودی داستایۆڤسكی ئاماژەی پێ‌دەكات نیشاندانی وێنەی تەواوی مرۆڤێكی جوان و ڕازاوەیە. پرەنس میشكین گەمژەیەكی پیرۆزی سۆڤییەتە و قارەمانێكە لە جۆری دۆن كیشۆت، جۆرێك لە مەسیح لە دونیایەكی نامەسیحیدا. گەمژە بە پێچەوانەی بەرهەمەكانی دیكەی داستایۆڤسكی لە دیاسپۆڕادا نووسراوە و لەم كاتەدا بوو كە داستایۆڤسكی تا ئاستی خۆكوژی قوماری دەكرد و تووشی فێ دەهات. پرەنسی گەمژە لە یەكەم نووسراوەكانی داستایۆڤسكیدا بە كەسێكی لووتبەرز و شەیتانی ناو براوە و كەسێكە دەستدرێژی دەكاتە سەر زڕخوشكی و بە ڕێكخستنی سناریۆی ئاگركەوتنەوە، ژنەكەی خۆی دەكوژێت. بەم پێیە، سەرەتای ڕومانەكە داڕشتنێكی قاییمی هەیە بەڵام لە درێژەدا داستایۆڤسكی سەركەوتوو نەبووە . 
بە بۆچوونی جان جونز ئەم رومانە تەنیا بەرهەمی داستایۆڤسكییە كە بێ‌بەشە لە زمانی قورس و یاری و تەكنیكە زمانییەكان. بەشێك لە ڕەخنەگران گلەیی لەوە دەكەن كە پرەنسی گەمژە، ژیانی هەموو تێك‌دەدات و دەسكەوتیشی نییە و كەس نازانێت كە دەبێت چۆن هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكرێت. لە ڕومانی گەمژەدا داستایۆڤسكی بیرۆكە سیاسی و ئایینییەكان پێكەوە بەكار دێنێت و هەوڵ دەدات كە ئاراستەی خۆی لە كەشێكی گوتیك (ترس و عەشق) بەرەو ژیانی ئایینی بگۆڕێت. ئەوەی كە بایەخی ئەم بەرهەمە زۆرتر دەكات كەسایەتیی پرەنس و ڕووبەڕووبوونەوەی بەهێزیەتی لەگەڵ مەرگ. تەوەری سەرەكیی گەمژە، بوون و نزیك‌بوونی مەترسیی مەرگ و لەناوچوونە، چوارچێوەی ڕۆمانەكە بەپێی قووڵ‌ترین نیگەرانییەكانی داستایۆڤسكی داڕێژراوە. واتای مەرگ لەم ڕۆمانەدا گرێدراوی سێدارەیە و لە گەمژەدا باسی لەسێدارەدانی بكوژێكی فەرەنسی بە گیوتین دەكرێت، میشكین ئێمە ڕووبەڕووی مەترسیی بوونی مەرگ سەرەڕای تەندرووستیی جەستەیی و ڕۆحی دەكاتەوە كە لە ئەزموونی شەخسی خودی داستایۆڤسكییەوە سەرچاوەی گرتووە. داستایۆڤسكی خۆی بە لەسێدرەدان تاوانبار كرابوو بەڵام بە هۆی بڕیارێكی كوتوپڕی دیوانی باڵاوە ڕزگاری دەبێت و ئەمە لە كاتێكدا بووە كە لە بەردەمیدا هاوڕێكەی لەسێدارە دەدرێت و نووسینی ئەم ڕومانە لە شاری فلۆرانس كۆتایی پێ‌هاتووە.
تەوەر و فەلسەفەی سەرەكیی ڕۆمانی برایانی كارامازۆڤ بریتییە لە دژایەتیی نێوان باوەڕ و گومان، ئەم شەڕە بەرهەمی پرسی توانای هەڵبژاردنی مرۆڤە واتە مرۆڤ ئازاده بڕوای بە خودا هەبێت یا نەبێت. داستایۆڤسكی ئاماژە بەوە دەكات كە باوەڕ یان گومان هەڵسوكەوتی بە تەواوی جیاوازی لێ‌دەكەوێتەوە، بۆ نموونە عەشقی زوسیما و ئالیوشا بە خودا دەبێتە هۆی عەشق و خۆشەویستی بەرامبەر بە مرۆڤ و ئەوان عەشقێكیان هەیە كە خۆشەویستی و لێبوردەیی و خۆپاراستن لە دادوەریی دەورووبەر و كەم‌كردنەوەی ڕەنج و مەینەتی خەڵك لە خۆ دەگرێت. لە لایەكی دیكەوە، ئیڤان كەسێكی لۆژیكییە كە گومانی لە بوونی خودا هەیە و بە بۆچوونی ئەو تەنیا هۆكاری چاكەی خەڵك، ترسی ڕۆژی دواییە و هەروەها بڕوای بە چاكە و خراپە نییە و بڕوای بەوە هەیە كە ئەگەری هەموو شتێك هەیە. ئیڤانی گوماناوی هیچ بڕوا یان عەشقێكی بەرامبەر بە مرۆڤ یان خودا نییە كە ئەم گومانە دەبێتە هۆی تەنیا مانەوەی بە ڕادەیەك كە بەرەو شێتی دەیبات. تێكچوونی ئیڤان جۆرێكە لە ڕەت‌كردنەوەی فەلسەفەی بێ‌باوەڕی و گومان لە لایەن نووسەرەوە كە بە بڕوای ئەو گومان تەنیا ڕەنج و ئاڵۆزی دێنێت بە جۆرێك كە لە كۆتایی ڕومانەكەدا بوونی هیوا و ورە لە ئیڤاندا بە هۆی ئەو عەشقەوەیە كە كاترین بەرامبەری نیشانی دەدات.
لە ڕومانی تاوان و سزادا جەخت دەكرێتە سەر ئەوەی كە ئایا دەكرێ مرۆڤ به بێ ئەوەی كە خەیاڵ و ئاواتی سەیری هەبێت ژیانێكی ئاسایی بكات یان نا، ئایا مرۆڤ دەتوانێت لە وەهمی خۆی دەرباز بێت، ئایا مرۆڤ بەبێ ئامانجیش هەر مرۆڤە یان دەبێت ئەرك و ئامانجێكی هەبێت و ئایا ژیان خۆی لە خۆیدا دەتوانێت جوان بێت ئەگەر كوشتنی پیرەژنێكی سووخۆر ئەرك و ئامانجی ڕاسكولینكۆڤ بووە هۆكاری گومان و دڵەراوكێ و پێكدادانی دەروونیی ئەو چییە و بۆ دەشڵەژێت و بۆ لیزاوتا خۆشكی پیرەژنەكەش دەكوژێت خۆ ئەو بێتاوان بووە. ڕاسكولینكۆڤ لە كۆتاییدا بەوە دەگات كە مەزنایەتی لە ژیانی ئاساییشدا دەكرێت هەبێت و دەكرێ بەبێ وەهم و خەیاڵی گەورە ژیانێكی شكۆدار و مەزنت هەبێت.


ئه‌م بابه‌ته 711 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:09:13:16/09/2018