سینەمای نیۆڕیالیزم و كۆمەڵگا

سینەمای نیۆڕیالیزم و كۆمەڵگا
جەمشید بەهرامی

ئاماژە: ئەوەی كە لە درێژەدا دەیخوێنەوە ئاوڕدانەوەیەكی خێرایە لە بزووتنەوەی نیۆڕیالیزمی ئیتالیا و خاڵە گرنگ و جێ‌سەرنجەكانی ئەو بزووتنەیە و هەروەها ئاوڕ لە ویتۆریۆ دێسیكا و چوار بەرهەمی ئەو دەدەینەوە. دواتر بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵە جێ‌سەرنجانە هەوڵ دەدەین ئاوڕ لە سینەما و پرسی چینایەتی بدەینەوە.

نیۆڕیالیزمی ئیتالیا 
بزووتنەوەیەكی سینەمایی بوو كە دوای جەنگی جیهانیی دووهەم لە ئیتالیادا سەریهەڵدا و فیلم‌سازەكانی ئەم بزووتنەوەیە هەوڵیان ئەوە بوو كە زۆرتر بە نێو ڕاستییەكانی كۆمەڵگادا ڕۆبچن. ئاوڕدانەوە لە هەژاران، كرێكاران و جووتیاران و بەگشتی چینی چەوساوەی كۆمەڵگا یەكێك لە كەڵكەڵە سەرەكییەكانی فیلم‌سازانی ئەو شەپۆلە بوو. بێ‌گومان بەرهەمە سینەماییەكانی سەر بە قوتابخانەی نیۆڕیالیزم كاریگەریی لە سەر شەپۆلەكانی دواتر لە هەموو قوژبنەكانی دیكەی ئەم گۆی زەوییەدا هەبووە. نیۆڕێالیزم لە سەرەتادا هەوڵیك بوو بۆ نیشاندانی زۆرتری ڕاستییەكان و پێداگری لە سەر تەوەرەكانی سەردەم و بەتایبەتیی ژیانی چینی هەژار و زەحمەتكێشی كۆمەڵگا، بەڵام هەر ئەم چڕبوونەوە بووە هۆی سەرهەڵدانی هەوڵە ئافرێنەرەكانی فیلم‌سازانی ئەم بزووتنەوەیە لە فۆرمیشدا. بەرهەمەكانی سینەمای نیۆڕیالیستی لە ئیتالیادا چێرۆكەكانیان بەپێی وەردەكارییەكان و پشت‌بەستوو بە ڕووداوەكانی ڕۆژانەی ژیان بەرەوپێشەوە دەبەن، پێداگری لە سەر توخمی ڕووداو یەكێك لە سەرەكی‌ترین تایبەتمەندییەكانی ئەم سینەمایە و بەم شێوەیە زۆرتر لە ڕووداوە ڕاستەقینەكانی كۆمەڵگادا ڕۆدەچێت. ناسینی سینەمای نیۆڕیالیستیی ئیتالیا بۆ بینەری پڕۆفێشناڵ و بەتایبەتی فیلم‌سازی كورد پێویستییەكی سەرەكییە و لێرەدا هەوڵ دەدرێت باس لە كەسایەتی و بەرهەمەكانی یەكێك لە كەسایەتییە دیارەكانی ئەم بزووتنەوەیە واتە ویتۆریۆ دێ‌سیكا (Vittorio De Sica) دەرهێنەر و ئەكتەری بەناوبانگی ئیتالیایی، بكەین.
چوار فیلمی بەناوبانگی و سەركەوتووی دێ‌سیكا و تەنانەت بزووتنەوەی نیۆڕیالیزم بریتییە لە: بۆیاخچی، پاسكیل‌دزەكان، موعجیزەی میلان، ئۆمبێرتۆ دی.

بۆیاخچی
یەكەمین بەرهەمی بەناوبانگی دێ‌سیكایە، چیرۆكی ئەم بەرهەمە باس لە كێشەكانی دوو مێرمنداڵی بۆیاخچی دەداتەوە كە دەیانەوێت ئەسپێكی سپی بكڕن و لە ئاكامدا سەر لە زیندانەوە دەردێنن. ئەم فیلمە بە یەكێك لە یەكەمین فیلمە نیۆڕیالیستییەكان دادەنرێت كە ساڵێك دوای جەنگی جیهانیی دووهەم بەرهەم هاتووە و دێ‌سیكا بۆ ئەم فیلمە خەڵاتی ئۆسكاری فەخریی وەرگرت.

پاسكیل‌دزەكان
بەناوبانگترین بەرهەمی دێ‌سیكا فیلمی "پاسكیل‌دزەكان / The Bicycle Thief "ـە كە ئیقتباسێكی سینەماییە لە ڕۆمانێكی لۆییجی باتۆلینی، هەر بەو نێوە. پاڵەوانی چیرۆكی ئەم فیلمە، كرێكارێكە بە ناوی "ئانتۆنیۆ ڕیچی" كە دوای ماوەیەكی زۆر بێ‌كاری كارێك دەدۆزێتەوە و دەبێت پۆستەر و ڕێكلامە بازرگانییەكان هەڵواسێت. لە یەكەمین ڕۆژی كاركردنیدا پاسكیلەكەی لەلایەن لاوێكەوە دەدزرێت. ئانتۆنیۆ ناچار دەبێت هەموو شەقامەكانی شار بگەڕێت بۆ ئەوەی پاسكیلەكەی بدۆزێتەوە چونكوو لە ئەگەری نەدۆزینەوەی پاسكیلەكەیدا، كارەكەی لەدەست دەدات. ئەم فیلمە لە ساڵی 1950دا خەڵاتی فەخریی ئۆسكار و هەروەها گۆڵدن گڵۆپی وەرگرت.
 
موعجیزە لە میلاندا
جیاوزترین و لە دوایین فیلمەكانی نیۆڕیالیزم، فیلمی موعجیزە لە میلاندا (Miracle in Milan/ Miracolo a Milano )  بەرهەمی دێ‌سیكایە و زۆركەس پێیان وایە ئەم فیلمە وەفادار نەبووە بە تایبەتمەندییەكانی نیۆڕێالیزم هەر بۆیە لەم بازنەیەدا جێگیر نابێت. تۆتۆ كاتێك كۆرپەیەك بووە دۆزراوەتەوە و پیرەژنێك بەخێوی كردووە، دوای مەرگی پیرەژنەكە تۆتۆ دەسپێرنە هەتیوخانە و دواتر گەورە دەبێت و بەناچاری دەبێت لە گەڕەكە پەراوێزنشینەكانی شاردا بژی...
ئەم بەرهەمەی دێ‌سیكا لە جیاتی ئەوەی پێداگری لە سەر ڕاستەقینە بكات، پێداگری لە سەر خەیاڵ دەكات، واتە بە پێچەوانەی نیۆڕیالیزم و تەنانەت بەرهەمی پێشتری دێ‌سیكا، كە جەخت لەسەر ڕاستەقینە دەكات و تاكە ڕێگای ڕزگاری لە بەرجەستەكردنەوەی ڕاستییەكانی كۆمەڵگا بەو شێوەیەی كە هەیە، دەزانێت، دێ‌سیكا لەم بەرهەمەدا بەو قەناعەتە دەگات كە چیتر لەسەر گۆی زەویدا جێگایەك بۆ هەژاران بەدی ناكرێت چونكوو چەوسێنەران هەموو دنیایان داگیر كردووە هەر بۆیە پەنا دەباتە بەر خەیاڵ و پاڵەوانی فیلمەكە سواری گسكێك دەبێت و دەفڕێت و وەك بڵێی لە دەستی ستەمكارانی سەر عەرز پەنا دەباتە ئاسمان.

ئۆمبێرتۆ دی 
ڕەخنەگرانی فیلم ئەم فیلمە بە یەكێك لە باشترین فیلمەكانی میژووی سینەما پێناسە دەكەن. ئەم فیلمە چیرۆكی پیرەپیاوێكی خانەنشینە كە تەمەن نەبوەتە هۆی تەنیایی و دەست‌كورتی و پەراوێزنشین بوونی، بەڵكوو ئەوە كۆمەڵگای پیشەییە كە فڕێی داوەتە سووچێكەوە و دەبێت لە تەنیایی خۆیدا بە ئازارەكانیەوە بناڵێنێت. تەنیاییەك كە ناچاری دەكات لەسەر هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەردا ڕاكشێت و كۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت بەڵام لە كۆتاییدا سەگەكەیەتی كە ڕزگاری دەكات و درێژە بە ژیانی پڕچەرمەسەریی دەداتەوە. وەك بڵێی فیلم‌ساز دەیەوێت بە بینەر بڵێت لەم كۆمەڵگایەدا بەس ئاژەڵەكانن دەتوانن یارمەتیدەر و وەفاداری مرۆڤ بن، بەڵام مرۆڤ خۆی هەر چەشنە ئەخلاقێكی مرۆڤانەی لە بیر بردووەتەوە.
ئەم فیلمە یەكێك لە سەركەتووترین ئەزموونەكانی دێ‌سیكا و زاواتینی‌یە لە پانتایی نیۆڕیالیزمدا، زاواتینی دەڵێت ئەم فیلمە بەسەرهاتی كەسێكە كە هیچ شتێك لە ژیانیدا ڕوونادات و پێی وایە هیچ ئامرازێك بەقەد سینەما توانستی بەرجەستەكردنەوەی ژیانی دووپاتە و تاقەت‌پڕووكێنی ڕۆژانەی نییە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، لێزانیی و ئاگاهیی فیلم‌سازە كە لە پشتی چۆنیەتیی بەرجەستەكردنەوەی ئەم ژیانە ڕۆژانە و لە هەمان كاتدا تاقەتپڕووكێنەدا خۆی حەشارداوە؛ هەر ئەم لێزانیەیە ئەم بەرهەمە دەكاتە بەرهەمێكی دیاری مێژووی سینەما.
ئۆمبێرتۆ دی یەكێك لە بەرهەمە بەرجەستەكانی سینەمای نیۆڕێالیزمە و بە بەرهەمی پرشنگدار و كۆتایی ئەم شەپۆلە سینەماییە دەستنیشان دەكرێت. دێ‌سیكا بەپشت‌بەستن بە ژیانی ڕۆژانەی باوكی خۆی وەك فەرمانبەرێكی حكوومی، ئەم بەرهەمەی ئافراندووە و هەروەها كە لە سەرەتای فیلمەكەیشدا ئاماژەی پێ‌دەكرێت: "ئەم فیلمە پێشكەش دەكەم بە باوكم"، جگە لەوەیش ناوی باوكی دێ‌سیكا "ئۆمبێرتۆ" بووە. ئۆمبێرتۆ دی پەردە لە سەر پێوەندییە ساردوسڕە مرۆییەكان هەڵدەداتەوە. هەموو كەسێك خۆی لە ئۆمبێرتۆ دوور دەخاتەوە و ئومبێرتۆ وەك مرۆڤێكی گولە، هەرجارە و داوای یارمەتی لە كەسێك دەكات و كەس بە هانایەوە نایەت، تەنانەت كاتێك دەیەوێت سەگەكەی بدات بە كچە بچكۆلەكە، پەرستاری كچەكە پێی وایە ئۆمبێرتۆ ئامانجێكی دیكەی هەیە و خۆی لێ دوور دەخاتەوە.
پاڵەوانەكانی ئەم چوار فیلمە كرێكار، خانەنشین، منداڵانی كارن. واتە، ئەو خەڵكانەی كۆمەڵگا كە زۆرترین زەختیان لەسەرە و كەمترین سەرنجیشیان پێدەدرێت و هیچ كە لایەن دەسەڵاتەوە زۆر بێ‌ڕەحمانە دەچەوسێنەوە، تەنانەت گیرۆدەی دەست‌درێژیی و بێ‌حورمەتیی خەڵكانی دیكەی كۆمەڵگاشن. بەگشتی، دێ‌سیكا لەو چوار فیلمەدا ئاوڕ لە چینێك دەداتەوە كە خەریكە لە نێو زەلكاوی دۆخی داسەپاوی دەسەڵاتدا پەلەقاژە دەكات و بەبێ ئەوەی هەوڵێكی كارا بۆ گۆڕان و دەرچوون لەو بارودخە بەدی بكات.

نیۆڕێالیزم و پەراوێزنشینەكان
لەو سەردەمەدا ڕەخنەگرانی ئیتالیایی نیۆڕیالیزم، پێیان وابوو كە ئەم شەپۆلە سینەماییە خەریكە دیمەنێكی خراپ و ڕەش لە ئیتالیا پیشان دەدات و لە ڕاستیدا لەگەڵ ڕاستەقینەی سەرجەم كۆمەڵگای ئیتالیا نایەتەوە. ڕەش‌پیشاندان، ژیانی ڕاستەقینەی چینی خوارەوەی كۆمەڵگا، بێ‌عەداڵەتی، فەحشا، دزی، دەس‌كورتی، تەنیایی و... ئەمانە ڕاستیی كۆمەڵگا بوون، بەڵام فاشیستەكان پێیان وابوو پیشاندانی ئەم تەوەرانە بینەر تووشی هەڵسەنگاندنی هەڵە دەكات و ئەو دیمەنانە بە سەر هەموو ئیتالیادا دەگشتێنێت. بێ‌گومان ئەگەر فیلم‌سازانی ئەم شەپۆلە ئاوڕیان لە پەراوێزنشینەكان و هەژارەكان نەدایەتەوە، ڕەخنەگران قەت ئەو پرسە بۆیان ئەوەندە بەرجەستە نەدەبووەوە. ئەگەر ئەركی سەرەكی و ئەخلاقیی سینەما ڕۆشنگەرییە، بێ‌گومان بەرجەستەكردنەوەی كێشەكانی چینەكانی خوارەوەی كۆمەڵگا، كە لێیان ڕانامێنن و لێیان ورد نابنەوە، پێویستییەكی حاشا هەڵنەگرە و ئاوڕدانەوە لەوان ڕێك خودی ڕۆشنگەرییە. هەڵبەت ئەم ڕەخنەیە تەنیا ئیتالیا ناگرێتەوە، لە هەموو وڵاتاندا تەنانەت فیلم‌سازە لیبڕاڵەكان و حكوومییەكانیش هەمیشە دژایەتییان لەگەل ڕەش‌پیشاندان و ڕەش‌نواندنی كۆمەڵگادا كردووە. لە زۆربەی وڵاتاندا لە جیاتی ئاوڕدانەوە لە چینی خوارەوەی كۆمەڵگا، ئەوە چینی مام ناوەندە كە دەبێتە پرس و بە شێوەیەكی ڕۆمانتیك كەڵكەڵەكانی چینی مام‌ناوەند لە فیلمەكاندا بەرجەستە دەكرێتەوە و دەسەڵاتیش ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ڕێ‌خۆشكەر دەبێت و بەرهەمهێنانی فیلم بە تەوەرەی سەرەكیی چینی مام ناوەندی كۆمەڵگاوە، چونكوو لە بنەڕەتدا ئەم چینە ئەو هێزە شاراوەیەی تێدا بەدی ناكرێت كە هەوڵ بۆ گۆڕانكاری لە سیستمی داسەپاودا بدات و تەوەرەكانی تایبەت بەم چینە بە هیچ چەشنێك بڤە نییە و بگرە لە بواری گەڕانەوەی سەرمایە و قازانجی مادیی بەرهەمهێنانیش زۆر لەبارە، بۆ وێنە لە ئێراندا ئەسغەر فەرهادی، یەكێكە لە نموونەكانی دیاری ئەم چەشنە فیلم‌سازانەیە.

چینەكانی كۆمەڵگا و سینەما
لە ڕوانگەی چیانیەتییەوە، ماركس لە هەندێ لە نووسراوەكانیدا كۆمەڵگا بەسەر سێ چیندا دابەش دەكات و لە هەندێك نووسراوەیشدا باس لە دوو چین دەكات، واتە چینی كرێكار و چێنی بورژوا و گرووپگەلێك كە لەم نێوان ئەم دوو چینەدان و بە چینی مام‌ناوەند ناودەبرێن. چینی مام‌ناوەند چینێكی لەرزۆكە و بەپێی بەرژەوەندیی خۆی هەر جارەو بەرەو یەكێك لە دوو چینەكەی دیكە دائەكشێت. چینی مام‌ناوەند زۆرتر لە خزمەتی سیستمی بوورژوازیدایە و هیچ كات لە پێگەیەكدا نابێت كە بتوانێت گۆڕانكاری درووست بكات. چڕبوونەوە  لەسەر چێنی مام‌ناوەندی شاری، ناڕاستەوخۆ دەچێتە خزمەتی دەسەڵات و چینی داپڵۆسێنەرەوە و بەجۆرێك فیلم‌سازانی لیبڕاڵ و حكوومی، سینەما وەك میدیۆمێكی سەرقاڵكەر دەبینن و ئامانجەكانیان ناڕاستەوخۆ لە خزمەتی ڕاگرتنی دۆخی هەنووكەییدایە: واتە خزمەت بە درێژەی دەسەڵاتی داسەپاو. بەڵام ئامانجی فیلم‌سازانی دیكە، كە جەخت لەسەر چینی دەس‌كورت و هەژار و كرێكاری كۆمەڵگا دەكەن زۆرتر دەچێتە خانەی هاندان و ڕۆشنگەرییە بۆ تێگەیشتن لە ڕاستییەكان و لە دەرەنجامدا هەوڵدان بۆ گۆڕینی دۆخی داسەپاو.
ئەگەر ئاوڕێك لە كوردستان بدەینەوە، بە هۆی ژێرنەخشی كۆمەڵگای كوردستان و مەودای جیاوازیی چینایەتی، بۆمان دەردەكەوێت زۆربەی فیلم‌سازە كوردەكان هیچ چارەیەكیان نییە جگە لەوەی ئاوڕ لە ڕووی ڕاستەقینە و ڕاستییە ڕەشەكانی كۆمەڵگا بدەنەوە. سەرەڕای ئەمانەش دیسانەوە لە كوردستانیشدا بە هەمان شێوە ئەو ڕخنەیە ڕووبەڕووی فیلم‌سازانی كورد دەكرێتەوە كە بۆچی ڕەش‌پیشاندانی كۆمەڵگای كوردستان لە فیلمەكاندا بۆتە دیاردە؛ بۆ وێنە سەرەكی‌ترین ڕەخنە لە بەهمەن قوبادی، هەر ئەو ڕەش‌پیشاندانەی كوردستانە، بەڵام ئەو ڕەخنەگرانە ئەوەش لە بیر دەكەن كە دەبێت دان بەوەشدا بنێین كە گەلۆ فیلم‌سازی كورد جگە لە بەرجەستەكردنەوەی ڕووی ڕاستەقینە و ڕاستییە ڕەشەكانی كۆمەڵگا چ ئەركێكی هەیە؟

ئه‌م بابه‌ته 646 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:09:11:16/09/2018