چارەنووسی ئێران "سەرکەوتنی بێ شەڕ" دەبێ؟!

چارەنووسی ئێران
ئەردەڵان فەرەجی

٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لە پێکهێنانی گرووپێکی تایبەت بە ئێران لە ژێر ناوی "گرووپی کاری ئێران" کرد لە وەزارەتخانەکەی و "برایان هۆک"یشی وەک سەرۆکی ئەو گرووپە ناساند.
ئەم گرووپە بۆچی پێکهاتووە؟ ئامانج لەو گرووپە چییە؟ ئەرک و کارەکانی ئەم گرووپە چی دەبێت؟
بەر لە وڵامدانەوە بەو پرسیارانە پێویستە کۆی وێنە گشتییەکە ببینین و بزانین کە ئەم بابەتە خۆی لە پێکەوە لکانی کۆمەڵێک پازێلی پێوەنددار بەکەوە مانا پەیدا دەکات.
بە دوای هاتنە سەرکاری دۆناڵد ترامپ وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا، شێوەی هەڵسووکەوتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ جیهان و ڕەنگە بۆ ئێمە لەگەڵ ئێران گۆڕانی گەورەی بەخۆیەوە بینی. ئێمە شاهیدی ئەوە بووین بە دوای زنجیرە گەمارۆ کە لە لایەن ئەمریکا و ڕۆژئاوا و بە تایبەتی پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاڵمان، کۆماری ئیسلامی ناچار گەڕایەوە سەر مێزی گفت و گۆ و دان و ستان لە سەر دۆسییەی ناوکییەکەی. دواجار ڕێکەوتننامەیەک هاتە بەرهەم، بەڵام ترامپ ٨ی مەی ٢٠١٨ یەک لایەنە لە ڕێکەوتننامەکە (بەرجام) هاتەدەرێ و دوابەدوای ئەو ١٢ مەرج بۆ ئێران دیاری کرا بۆ ئەوەی کە وەک دەوڵەت و وڵاتێکی ئاسایی لەگەڵی هەڵسووکەوت بکرێت. 
لەم ماوەیەدا ڕۆژانە لە زاری یەکێک لە بەرپرسانی ئەمریکاوە لێدوان دەربارەی ئێران دراوە و ماوەیەکیش کار گەیشتە پێک هەڵپژان و "بە کلکی شێر کایە مەکەو!" و شتی وا. ترامپ لە وت و وێژێکی تەلەفزیۆنی ئامادەیی ئەمریکای بۆ دانیشتنی بێ مەرج ڕاگەیاند، پەمپێئۆ وتی بێ مەرجییەکەی ئەمریکا بۆ دانیشتن جێ بەجێ کردنی ئەو ١٢ خاڵەیە و ئێران هەڕەشەی تەنگەی هورمزی کرد و خامنەیی وت و وێژ لەگەڵ ئەمریکای وەک خومەینی قەدەغە کرد و لەو سەروبەندەدا دامەزراندنی ئەو گرووپی ئیقدامە بۆ ئێران ڕاگەیەنرا. هەڵبەت لەم وتارەدا زۆرتر ڕووکاری دەرەکی ئەم باسە دەخەینە ڕوو و کێشە و ململانێ ناوخۆییەکانی ناو باڵەکانی ڕژیم تەوەری سەرەکی باسەکە نابێت.

لە سەردەمی باراک ئۆباما سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا لە ساڵەکانی ٢٠١٠ و ٢٠١١ و تەنانەت مانگەکانی کۆتایی سەرۆک کۆماری جۆرج بووشی کور کۆمەڵێک هەوڵ بۆ چەسپاندنی گەمارۆ دژی ئێران لە وەزارەتی خەزانەداری ئەمریکا دەستی پێکردبوو. لەو سەردەمەدا زۆرێک لە وڵاتانی جیهان و بە تایبەتی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش هاوتەریب لەگەڵ ئەمریکا ئەو زنجیرە گەمارۆیانەیان دژی ئێران جێ بە جێ دەکرد. ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە ئەو تەحریمان چەند ساڵی خایاند تا چۆکی بە ئێران دادا و ناچاری کرد بێتە سەر مێزی گفت و گۆ.
ئاشکرایە کە جێ بەجێ کردنی بڕیاڕی گەمارۆ دژی وڵاتێک و بە تایبەتی وڵاتێکی وەک ئێران بە لە سەر کار بوونی ڕژیمێکی وەک کۆماری ئیسلامی، پرۆسە و کارێکی ئاڵۆز، تاقەت پرووکێن و قورسە. هاوئاهەنگی لە نێوان وڵاتان، کۆمپانیاکان و دەزگا ئەمنییەتییەکانی جیهان کاری گرانە.

لە ئێستادا دانانی گرووپێکی لەو شێوە بۆ ئێران لە لایەن وەزارەتی دەروەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی برایان هۆک گرنگ و چارەنووس سازە. بە تایبەتەی کە لە ئێستادا وەک دەورەی پێشوو ئەو ئیجماعە گشتییە بۆ سەپاندنی گەمارۆکان دژی ئێران لە ئارادا نییە و هەندێک لە وڵاتانی ئۆرووپای منگە منگیان تێخستووە. سەرەکی ترین ئەرکی ئەم گرووپە هاوئاهەنگی کردنی هەموو بەشەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە بگرە تا وەزارەتی خەزانەداری و وەزارەتی دەرەوە و دەزگا ئەمنییەتییەکان بۆ جێ بەجێ کردنی گوشاری دیاریکراو (حداکثری) بۆ سەر ئێران و پاشەکشە پێکردنی لە سیاسەتە چەوت و ڕەفتارە نائاساییەکانیەتی. بیرمان نەچێت کە پێشووتر وەزارەتی خەزانەداری ئەرکی هەماهەنگی و جێ بەجێ کردنی گەمارۆکانی لە ئەستۆ بوو، بەڵام لە ئێستادا کەیسی ئێران و گەمارۆکانی خراوەتە چوارچێوەی چالاکییەکانی وەزارەتی دەروە. لەو ڕووەوە کە برایان هۆک پێشووتر ڕاوێژکار و جێگری جان بۆڵتن بووە ئەو کاتەی کە نوێنەری ئەمریکا بوو لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێ دەچێت جگە لە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خەزێنەداری و ناوندە ئەمنییەتی و کۆمپانیا و باقی بەشەکان دیکەی دەوڵەتی ئەمریکا، هاوئاهەنگیش بکات لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی ئامریکا کە ئێستا جان بۆڵتن سەرۆکایەتی دەکات.
بڕیارە ٤ی نوامبر (١٣ی ئابان) گەمارۆی دووەم دژ بە ئێران جێ بە جێ بکرێت و ئەویش تەحریم کردنی نەوت و گازی ئێران بۆ بە سفر کردنی ڕێژەی فرۆشی نەوت و داهاتی ئێران کە ئەمە گرنگترین بەش کە گەمارۆکانی ئەمریکایە، لەم بوارەدا تەنیا ڕاکێشانی پشتیوانی و هاوتەریبی وڵاتانی ئۆرووپایی و کۆمپانیا بۆ جێ بە جێ کردنی ئەوپەڕی گەمارۆی کاریگەر نییە بە بێ بوونی کارزار و کەمپینێکی تەبلیغی و ڕاگەیاندن لەو ئاراستەیەدایە.
هێشتا چەند مانگی بۆ جێ بە جێ کردنی خولی دووەمی گەمارۆکان ماوە، ڕاگەیاندن و میدیاکانی نزیک لە ئ

Ka Ardalan, [05.09.18 13:15]
ێران لە ڕێگەی لۆبییەکانیان دەستیان کردووە بە هات و هاوار هەر لە سی ئێن ئێن و گاردییەنەوە بۆ ئەوەی کە خەڵک کەوتوونەتە فەلاکەت و نان نییە و ئاو نییە و دەواو دەرمان نییە لە پێناو کاریگەری دانان لە سەر ڕای گشتی بۆ ڕاکێشانی سۆزیان دژ بە ترامپ و تیمەکە بۆ جێ بە جێ نەکردنی گەمارۆکان، بۆیە ناکرێ ئەو جۆرە لە گەمارۆی بە وتەی خۆیان حەدی ئەکسەری بسەپێنی دژ بە کۆماری ئیسلامی بە بێ بوونی کەمپین و ڕێبەری کردنێکی دروست و کاریگەر بۆ ڕوونکردنەوەی ڕای گشتی لە سەر چەواشەکارییەکانی لایەنی ئەو بەر.
دەبێ شان بە شانی ئەو گەمارۆیان بۆ ڕای گشتی ئەمریکایی و جیهانی ڕوون بکرێتەوە کە نووکی ئەو گەمارۆیان دڵی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کردۆتە نیشانە و سەرەنجامیش سست و لاواز کردنی ئەو ڕژیمە لە بەرژەوەندی و جۆرێک خزمەت کردنە بە خەڵک و گەلانی ئێران و ئەمەش بە بێ بوونی کارزارێکی پلان بۆ داڕێژراو بەدی نایات و بڕیارە برایان هۆک و تیمەکەی هەستن بە ئەنجامی ئەو کارە.
بۆ جێ بە جێ کردنی گوشاری حەدی ئەکسەری دژی ئێران و بە چۆک داهێنانی ڕەنگە تاق کەوتنی ئەمریکا دەرفەت و کەلەبەری زۆر دەورلێدانەوەی گەمارۆکان بۆ ئێران دەستەبەر بکات، بۆیە ئەمریکا ناچارە لە ئاستی باڵادا لەگەڵ زل هێزەکانی جیهان و لەوانە چین و ڕوسیە و یەکێتی ئۆرووپا و دراوسێکانی ئێران لەوانە تورکیە و عێراقەوە دان و ستان بکات. بۆ وێنە هێڵی گازێک لە ئێرانەوە دەچێت بۆ تورکیە و لە خولی پێشووی گەمارۆکان ئەمریکا و ئەنجومەنی ئاسایش چونکا داهاتێکی ئەوتۆی بۆ ئێران نەبوو، چاوپۆشییان کردن لەو لوولەیە، بەڵام لەو ڕێگەیەوە باندی گەورەی پووڵشووی دروست بوو کە بە هاوئاهەنگی دەوڵەتی تورکیە لە ناو چوون، یان خود چین لە خولی پێشوو لەگەڵ ئەمریکا ڕێک کەوت ڕێژەی نەوت لە ئێران کەمتر بکڕێت و ئەگەریش کڕی پارەکەی بۆ نەگەڕێنێتەوە و ڕووسیەش بە هەمان شێوە. ئەم جۆرە لە دان و ستانە سیاسیانە لە بەرزترین ئاستی وڵاتان ئەنجام دەدرێت و بۆ سەر سووکی و ئامادەکاری بۆ بەرزترین ئاستی دەوڵەتی ئەمریکا "گرووپی ئیقدام" ئەم ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ.
جێی ئاماژەیە ئەم گرووپە پێشووتر بۆ دوو وڵاتی عێراق و یەکێتی سۆڤییەتی ئەو سەردەم پێک هێنران و دواجار هەر دوو ڕژیمی دەسەڵات لەو وڵاتانە تێک شکان و نەمان.
ساڵی ٢٠٠٢ ئەم گرووپە بۆ عێراق دامەزرا و ڕۆڵی کۆکەرەوەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی لە ئەستۆ بوو، جیالەوەی ئەرکی هاوئاهەنگی جێ بە جێ کردنی گەمارۆکانی دژ بە عێراقی ئەنجام دەدات و دواجار زەمینەی کۆدەنگییەکی جیهانی بۆ هێرش کردنە سەر عێراقی پێک هێنا و بەهای ساڵی ٢٠٠٣ ڕژیمی بەعسی عێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن کۆتایی پێهات.
هەڵبەت بە پێی دوکتورین "ئایزنهاور"، "کنێدی"، "جانسۆن"، "نیکسۆن"، "کارتێر" و "ڕەیگان" سەرۆک کۆمارە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا دژی ڕووسیە پاش چڵ ساڵ بە ڕەچاوکردنی گەمارۆی ئابووری، سیاسی و ئەمنییەتی سەرەنجام بواریان بۆ ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت خۆش کرد و لە کاتێکدا سۆڤییەت خاوەنی دەیان بۆمبی ئەتۆمی بوو بە بێ تەقاندنی یەک فیشەک یەکێتی سۆڤییەت لەناوەوە تێک شکا و ڕژیمی کۆمۆنیستی لە شۆڕەوی کۆتایی پێهات.
ئەگەرچی گەلێک لێکدانەوە لە شێوە و مێتۆدی بەرەوڕوو بوونەوەی ئەمریکا دژی ئێران و یان گۆڕانکارییەک لە ڕژیم یان ڕەفتاری ڕژیمی ئێران بە ئەزموونی گۆڕینی ڕژیم لە ئەفغانستان و عێراق دەشوبپێن، ئاماژەکان باس لە هاوشێوە بوونی هەڵسووکەوتی ئەمریکا بەرامبەر بە یەکێتی سۆڤییەت دەکەن کە دواجار ساڵی ١٩٩١ ڕژیمی کۆمۆنیستی پێ ڕووخا. لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵ جێی سەرنجە:
١- گەمارۆی ئابووری یەکێتی سۆڤییەت لە لایەن ئەمریکا و ڕۆژئاواوە و هەروەها سەپاندنی گەمارۆی ئابووری ستراتێژیک بە مەبەستی لاواز کردنی توانستی نیشتمانی شۆڕەوی.
٢- دروست کردنی قەیرانی یەک لە دوای یەک و پەلکێش کردنی یەکێتی سۆڤییەت بۆ شەڕە ناوچەیی و جیهانییەکان و لەوانە شەڕی کورە، شەڕی چین، شەڕی ڤێیتنام، رکابەری سەربازی لە ئەفریقا، قەیرانی کوبا و شەڕی ئەفغانستان.
٣- ستراتێژی ڕاگەیاندنی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بۆ ناشیرین کردنی سیمای یەکێتی سۆڤییەت لە ڕای گشتی نێونەتەوەیی و ڕێکخستنی جۆرێک هێرشی سیاسی دژی دەسەڵاتی شۆڕەویی. 
٤- پشتیوانی لە نەیارانی دەسەڵاتی شۆڕەویی و لەناوەڕۆک خستن و بێ ئیعتبار کردنی دامەزراوە دادوەری، ئاسایشی و سەربازی.
٥- پلان داڕشتن بۆ نفووز کردنە ناو بەرپرسانی باڵای شۆڕەویی بە کەڵک وەرگرتن لە پێدانی بەرتیل، وەتەماح خستن، هەڕەشە و دۆسییە سازی كه‌ له‌ ساڵی ١٩٧٠وه‌ ده‌ستی پێكرد (ڕێكه‌وتننامه‌ی هێلسینكی ١٩٧٥)
٦- ده‌سه‌ڵاتی ماركسیزم به‌ سه‌ر سیسته‌می سۆڤییه‌ت كارپێ نه‌كردنی بنه‌ڕه‌تی ئیدئۆلۆژیكی ماركسیزم و كۆمۆنیسم كه‌ له‌ ئۆمانیسزمه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو.
٧- ناسه‌ركه‌وتوو بوونی سۆڤییه‌ت له‌ دروست كردنی شوناسێكی تاقانه‌ و شارستانییه‌تییه‌ك له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌ جیاجیاكانی ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی خۆی و له‌وانه‌ ئۆكراین، ئێستۆنی، لیتوانی، ئه‌رمه‌نستان، قه‌زاقستان، ئازه‌ربایجان، ئۆزبه‌كستان، توركه‌مه‌نستان، تاجیكستان، گورجستان، بێلارووس.
ڕیچارد نیکسۆن سی و حەوتەمین سەرۆک کۆماری ئەمریکا کۆتاییەکانی دەیەی ٨٠ی زایینی و لە سەردەمی جەنگی ساردا کتێبێک بە ناونیشانی "سەرکەوتنی بێ شەڕ" دەنووسێت کە تێیدا دوکتورینی ئەمریکای بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ وڵاتە ڕکابەرەکانی خۆی و لەوانە یەکێتی سۆڤییەت دادەڕێژێت. ئەو لەو کتێبەدا ڕاشکاوانە باس بردنی کشمەکێش و ململانێکان بۆ ناوخۆی شۆڕەوی دەکات و ستراتێژی کولتوری بۆ بە چۆک داهێنانی کرملین نشینەکانی ئەو سەردەم دەنەخشێنێت.
ڕه‌نگه‌ ئه‌م چه‌ند خاڵەی سەرەوە‌ بۆ خوێنه‌رێكی كوردی ڕۆژهه‌ڵات یا خود ئێرانییه‌كی دیكه‌ له‌گه‌ڵ دۆخی ئێستا ئێران  و ڕژیم و خه‌ڵكه‌كه‌ی هاوتا بكات، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت ڕەوتی بەسەرهاتی ئێران و شۆڕەوی چەند هاوشێوەن.
ئه‌گه‌رچی شۆڕش ته‌قویم و ڕۆژ ژمێری نییه‌ تۆ بڵێی فڵانه‌ ڕۆژ و فڵانه‌ سه‌عات شۆڕش ڕوو دەدا و هه‌مووان ده‌زانن ئه‌مه‌ چه‌مێكی چه‌ند ئاڵۆزه‌، به‌ڵام به‌ له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی ئێستای ئێران و قه‌یرانه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا دوای ١٣ی ئابان ڕژیمی كۆماری ئیسلامی به‌رگه‌ی ٥ مانگ ده‌گرێت؟

ئه‌م بابه‌ته 318 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:06:22:07/09/2018