شەریف، ئومێد و هاوڕێکانیان

شەریف، ئومێد و هاوڕێکانیان

ڕامان ئاری

 

کاتێک لە ٢٥/٨ سەیری وێنەی ئاپۆرەی خەڵکی مەریوان و دەوروبەری دەکەیت کە لە یەکەم ساتەکانی بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ژینگەپارێزانی ئەو شارەدا لەبەردەم نەخۆشخانەی گشتی شار کۆدەبنەوە، سەرنجەکان یەکسەر دەڕوات بۆ لای زۆرینەی ئەو ئامادەبووانەی کە لەسەر شەقامەکان دانیشتوون. خەڵک هەیە بەپێوە بێت، بەڵام زۆر کەس دانیشتووە، "هەمووی ئەژنۆی شکاوە".

بۆچی شارێک بەتەواوی و بەشێک لە کوردوستان بە کۆچی ئەم ئازیزانە ئاوەها کۆستی دەکەوێت؟

ئەمە یەکەم کارەساتە کە لە کوردوستان ڕوو بدات؟ ئەم شارە قەد لەدەسچوونی چەند ئازیزێکی نەبینیووە کە وا بە کووڵ بۆی دەگریت؟ غەریبە، نابێت... دەبێت شتێک هەبێت، خۆ دەزانین ئەم شارە و زۆرینەی شارەکانی ڕۆژهەڵات مانگانە ئازیزانی خۆیان لە دەس دەدەن؟ ئەی ئەم جارە چی ڕووی داووە؟

ئومێد، شەریف و هاوڕێکانیان کێن؟

ئەمانە چەند گەنجێکی چالاک و خۆبەخشن کە ساڵەهایە کاری ژینگەپارێزی و مەدەنی دەکەن. چەند ساڵ؟ دە، پانزە ساڵێکە. لەم ساڵانەدا هەرچی ئاوور ڕووی کردبێتە شاخ و دەشتی کوردوستان، ئامادە بوون. نە ساڵێک، نە دوو ساڵ، هەموو ساڵێک. لە کاری دیکەی مەدەنی و فریاگوزاریدا قەد درێغییان نەکردووە. ماوەیەکە بوون بە سەرچەشن بۆ شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات و بگرە هەندێکیش باشوور. لە مەریوان و ڕۆژهەڵات، وەک هەموو پارچەکانی دیکەی کوردوستان کات و شوێن ئۆقرەی بە خەڵک هەڵچنیوە.

کات لە مێژە ناخۆش تێدەپەڕێت،

شوێن لە مێژە ناشیرین دەنوێنێت،

چارە چیە؟ هەڵهاتن و هیچی تر. کە کات و شوێنت لێ گیرا، چیت بۆ دەمێنێت؟ بۆچی دەمێنیت؟ رێگاچارە هەڵهاتنە، هەوڵە بۆ فەرامۆشی. کە دەرچوویت، شوێن دەگۆڕیت، کاتیش بۆ خۆی دەگۆڕدرێت... ئەگەریش نەبوو خۆ یادەوەریەکان هەر کز دەبن. ئیتر کات و شوێن ئەوندە سەرکووتکەر و داپڵۆسێنەر نابن.

ئەی ڕێگای تر هەیە؟

بەڵێ! ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ ئەم دووانە لێکدانەبڕاوەدا. خۆشوویستنەوەیانە بە گیان و بە دڵ. لە ئامێزگرتنەوەی ناخۆشیەکانی ئەم جووتە ڕەهەندەیە.

نیچە لە "ئاوەها دەدوا زەردەشت"، پێمان دەڵێت " ڕۆحە شەریفەکان هیچ شتێکیان بە بەلاش و خۆڕایی ناوێت، تەنانەت ژیان...زۆر کەس هەن کە ژیانی خۆڕاییان دەوێت؛ بەڵام ئێمە، لەبەرانبەر ئەو شتەی کە ژیان پێمان دەبەخشێت، باشترین شتەکانمان دەبەخشینەوە![1]

سێحری ئەم خۆشوویستنە لێرەدایە، دژوارژینیە بۆ ژیان. کۆڵنەدانە لەبەرانبەر ڕووە ناخۆشەکانی کات و شوێن. لەم شوێنە، لەم کوردوستانە، هەر ناخۆشیەک هەبووبێت ئەوانیش هەبوون، ئەمان شوێنیان بە ناشیرینەکانیەوە لە ئامێز گرت. لەگەڵ شوێن ئاشت بوونەوە. باشە ئەمان ئەمساڵ شوێنیان خۆشوویست، ئەی ساڵێکی تر؟ ساڵێکی تریش هەروەها، بگرە بەگوڕتر. ساڵانێکی زۆریان تێپەڕاند و هەر وەها مانەوە. لە پڕێکدا بینرا کاتیش دەستەموو کراوە. ئیتر کات و شوێن مایەی ڕاکردن نین. ئەمانە هەوێنی ئاوەژووکراوەی نەهامەتی بۆ بەختەوەرین. ئیتر شوێن بە ناخۆشیەکانیەوە خۆشە. ئیتر کات لە دووپاتبوونەوەی نەهامەتیەکانیدا تۆقێنەر نیە. هەر ناخۆشیەک هەبێت ئەمان سێزێفئاسا لەگەڵیدا دەجەنگن، بەڵام وەک ئەوەی ئەمە یەکەم ناخۆشیە. ئاوری دووەم هەر وەک یەکەم ئاور تازەیە. گرفتی دەیەمی گەنجان وەک گرفتی یەکەمیان هەر تازەیە. کارەساتی سروشتی حەوتەم وەک یەکەم وایە.

لای هاوڕێکانیان، ئومێد و شەریف، کات و شوێن بە هەموو ناخۆشیەکانیانەوە دەستەموو بوون. ئیتر ڕێگایەک هەیە بۆ دەربازبوون. ئیتر شوێنیش ئەوەندە تۆقێنەر نیە، کات هەلە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نەهامەتی پێش نەهامەتیەکەی تر. لەم شوێنەدا و لەم تێپەربوونی کاتەدا ڕۆحێکی دیکە لەدایکبووە، ڕۆحی شۆڕشگێڕانە. بەڵام بە شێوەیەکی تر. ڕۆحی شۆڕشگێڕانە، نە دژی جۆری یەکەم. ڕۆحێک بۆ کامڵکردنی ئەوەی یەکەم. ڕۆحێک بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕۆحی یەکەم ببن بە دەستە خۆشک. کێ دەزانێت بەڵکوو دوای ئەمانیش ڕۆحی سێیەمیش لە دایک بێت، یان چوارەم و بەڵکوو زۆرتر.

شەریف و ئومێد و هاوڕێکانیان خۆشەویست بوون، چوونکا بوونە هێمای مانەوە لەسەر شوێن. چوونکا کاری ئەمان، دەعوەت بوو بۆ ژیان، مانەوە بوو لەسەر ئەرزی مەترسی و خەتەر. بەزاندنی کات بوو بە هەموو ڕووە سواوکەر و دووپاتیەکانی.

لەگەڵ ئەم جۆرە خەباتە، هزر و خیاڵی شۆڕشی مەدەنی لە دایکبوو. ئەمە بۆ کورد تازەیە. تایبەتمەندیە فکری و فەلسەفیەکانی سیمای خەباتێکی شۆڕشگێڕانەی مەدەنی هاوچەرخی پێوە دیارە. "سەختکۆشیە بۆ ژیان"، "گلنەدانەوەی بەلاشژینی و ئاسانژینیە"، "ڕاستبینی ژیانە بە خۆشی و ناخۆشیەکانی"، بەڵام لەسەرو هەموویەوە "خۆشەویستی خودی ژیانە".

بەڵام وێنەکە هێشتا تەواو نیە.

ئومێد و شەریف و هاوڕێکانیان ئەم کارانەیان بۆ کێ دەکرد؟ بۆ هەمووان.

بۆ هەموانێک کە وەک خۆیان بوون؟ نە! بۆ هەمووانێک کە تەنانەت لە خۆیشیان نەدەچوون. لای ئەوان نیشتمان، هی زیندەوەر، ڕووەک، خشۆک، ئاژەڵی کێوی و ناکێوی، گژوگیا، دارستان و مرۆڤەکان بوو. نیشتیمان هی هەموو جۆرە مرۆڤێک بوو، ژن یان پیاو. ئەم شار یان ئەو شار. نیشتمانی ئەوان تەنانەت جێگای "جاشەکانی" دەکردەوە. ئەوان چەندەها جار سنووریان تێپەڕاند و باشووریشیان بە کردەوە کردە نیشتیمان. بوونە سەرچەشن و هێما بۆ تارانی پایتەختی سێدارەیش. شەریف جارێک بە پاسکیل ڕێگای مەریوان-تاران دەبڕێت بۆ داکۆکی کردن لە دۆزی چەند بەندکراوێکی ئێرانی. لای ئەمان ڕۆڵەکان پێچەوانە بوونەتەوە؛ ئەوە ئیتر کورد نیە کە چاوەڕێی یارمەتی و پشتیوانی بێت. کورد لەمەودوا یارمەتی و پشتیوانی دەبەخشێت. ئەم جۆرە خەباتە بەرهەمهێنەری دەسەڵاتێکی ڕاستەقینەیە لە دەرەوەی کات و شوێن؛ خەباتی ئەمان سنووربەزێن و دەسەڵاتهێنەرە.

ئەی ئامانج لای ئەمان چی بوو؟ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی؟ بەدڵنیاییەوە ئەمان کۆماری ئیسلامیان بە نەیاری هەموو جوانی و مرۆڤایەتی زانیوە، بەڵام ئامانجی ئەوان گەلێک مەزنتر بوو تاکوو لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا کورت بکرێتەوە. ئامانج، دەرخستنی شێوەیەکی نوێ لە ژیان بوو، کولتوورێک کە دوای نەمانی کۆماری ئیسلامیش پێوویستبوونی هەر دەمێنێتەوە. ئەم کولتوورە، کولتووری چالاکبوونە لە ژیان. کولتووری باوەڕبەخۆبوون و بەهەڵوێستیە لە سەرووی سەردەمەکانەوە. لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی خەبات پێوویستە، بەڵام دوای نەمانی ئەم ڕژێمەیش خەبات هەر پێوویستە؛ خەباتی ئەمان کات نەناس و سەردەمپەڕێنە.

ئیتر بۆیە ئەوەندە جێگای سەرسوڕمان نیە کە بۆچی لایەک لە نیشتیمان بە لەدەستچووی چەند کەسێک کۆستی دەکەوێت. ئەمان هێمای ئاشتبوونەوەن لەگەڵ هەموو گرفت و مەراقە کۆن و تازەکانی کورد. ئەمان بە مەرگی ناوەختیان دەسپێکی سەردەمێکی دیکە ڕادەگەیەنن، سەردەمی ئاشتبوونەوە، یان با بڵێین سەردەمی زیادکردنی خەباتەکان. ئیتر ئێستا هەموو کەسێک دەتوانێت سەرهەڵدانی ڕەوشتێکی نوێ بۆ ژیان ببینێت، ڕەوشتی "جوانی بۆ ژیان". ڕاستە فەیلەسووفێک ئەم ڕەوشتەی بۆ تیۆریزە نەکردبوون، بەڵام ئەمان بۆ خۆیان، بە جەستە و بە کردەوە، بە هێما و چالاکیەکانیان مزگێنی دەرچەیەکی تریان بۆ ڕۆژهەڵات و پارچەکانی دیکە ڕاگەیاند، مزگێنی فەلسەفەیەکی نوێ، مزگێنی شێوەیەکی نوێ بۆ ژیانیان ڕاگەیاند؛ لەمێژ بوو کوردوستان پێوویستی بەم فەلسەفە تازەیە بوو، فەلسەفەی خۆشویستنی ژیان. ئێستا ئیتر شەریف، ئومێد و هاوڕێکانیان، هێمای ژیان و هزرێکی تازەن.



[1] FRIEDRICH NIETZSCHE, Thus Spoke Zarathustra, Translated by ADRIAN DEL CARO, Cambridge, 2006, p. 159.



ئه‌م بابه‌ته 1707 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:09:30:29/08/2018