بۆچی ڕەجایی شار؟

بۆچی ڕەجایی شار؟

 

ناسر خورشیدی

 

شەوی ۲۲لە سەر ۲۳ی گەڵاوێژی ۱۳۹۷ی هەتاویی، کاتژمێر ۲۲ی شەو بەرپرسانی زیندانی سنە، ڕامین حسەینپەناهی گواستەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، زیندانێک کە مانگێک پێشتر دەنگۆی گواستنەوەی ڕامین بۆ ئەو زیندانە لە ئارادا بوو. گواستنەوەی زیندانی بۆ زیندانێکیتر لە کۆماری ئیسلامیدا بۆتە شتێکی ئاسایی و زیندانییەکان بە تایبەت زیندانیانی سیاسی ژێر پەتی سێدارە بە ئاسانی دەگوازرێنەوە بۆ زیندانیتر کە ئەم کارانە دەتوانێ چەند هۆکاری ببێت کە ئەم هۆکارانە بریتین لە: " دوور خستنەوەیان لە زێدیان، زیاد کردنی فشاری ڕۆحی و ڕەوانی بۆ سەریان، یان بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەیان لە ناو زیندانێکی تردا."

بەڵام ڕامین بە چ مەبەستێک گواستراوەتەوە زیندانی ڕەجایی شار؟ ئەمە پرسیارێکی گرینگە کە دەتوانێت چەندین وەڵامی بێت بەڵام بۆ من وەڵامێکی لە هەموو مەترسیدارترە لە سێدارەدانی تەنیا ڕامین نەبێت و زانیار و لووقمانی مورادیش هاوکات لەگەڵ ڕامین لە سێدارە بدرێن. کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێدارەدانی بە کۆمەڵ لە هاتنەسەر کاری خۆیدا تا ئەمڕۆ ئەزموونگەلێکی زۆر بەرچاویی بووە. کۆماری ئیسلامی هەر لە ڕۆژانی یەکەمی تەمەنی نامەیموونیدا دەستی پێکرد بە کۆمەڵ لە سێدارەدانی دژبەران و جیاواز بیرانی خۆی و لەم بارەیەوە نموونەگەلێکی زۆر هەیە و کە لە تاقەت ئەم یاداشتەدا نییە و بۆ کاتێکیتری ڕا دەگرم.

ئێستا ڕامین، زانیار و لووقمان سێ زیندانی کوردی سیاسین و لە ژێر پەتی سێدارەدان لە زیندانی ڕەجایی شاردا کە بۆ ئێمە ڕۆژنامەنووسان و هەواڵنێران بە هۆی کپ و بێ دەنگبوونی زیندانەکان و لە نەبوونی فەزای ئازادی کاری هەواڵدا نازانین کەس یا کەسانێکیتریش گواسترابێتنەوە بۆ ئەم زیندانە. بۆیە ئەمن تەنیا دەتوانم باس لەم سێ کەسە بکەم کە لە ناو یەک گرتووخانەدان.

زانیار و لووقمان مورادی نزیکەی ۱۰ ساڵ دەبێت کە "بێ تاوان لە ژێر پەتی سێدارەدان و بێ ئەوەی تاوانێکیان کردبێت ئەوان مەحکووم کراون بە پەتی سێدارە". ڕامین حسەین پەناهیش دووی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو واتا ۱۳۹٦ی هەتاویی لە شاری سنە دەستبەسەر دەکرێت و دوای نزیک ۲۰۰ڕۆژ مانەوە لە ناو ژوورە تاکەکەسیەکانی گرتووخانەکانی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران، دادگایەکیان بۆ بەرێوە برد تا تەنیا بڵێن ئێمە ئیزنمان داوە تا لە خۆی دیفاع بکات. دادگای ئینقلابی شاری سنە دوای بەڕێوەچوونی ئەم دادگایە حوکمی سێدارە بۆ ڕامین دەبرێتەوە. ئێستا ئەم سێ زیندانی سیاسی ژێر سێدارەیە لە ناو یەک زینداندا بەسەر دەبەن.

لێرەدا دەمهەوێت بگەرێمەوە بۆ ڕابردوو و بۆ ۲٨ی گەلاوێژی ساڵی ۱۳۵٨ کاتێک خومێینی دەستووری هێرش بۆ سەر کوردستان دەدات و  ڕژیم بە ناردنی مستەفا چەمران وەک باڵی سەربازی و سادقی خەڵخاڵی جەلاد وەک باڵی دادوەری دۆخێکی لە کوردستان خوڵقاند کە دەتوانین وەک دۆخی نائاسایی چاوی لێ بکەین. هەر لە ئیعدامی ٥٩ کەسی مەهەبادەوە بگرە تا ئیعدامی زیندانەکانیتر، دەرخەری ئەو ڕاستییەن تا بە ئەرتەشی دڕەندە و لە سێدارەدانی ڕۆڵەکانی کورد بتوانێت کوردستان ڕام و گوێبیستی خۆی بکات بەڵام نە سێدارە نە شەڕی ماڵوێران کەر نەیتوانیوە هیچ کات کورد گوێبیستی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن. ئێستاش بۆ ئەوەی زامەکانی کورد بکوولێنێتەوە و بڵێن دەبێت گوێبیست و گوێڕایەر بن هاوکات وەڵامێک بدەنەوە بە ئەحزابی کوردستانی ڕۆژهەڵات و خەفەقان و وەحشەت داسەپێنن بە سەر خەڵکدا تا هیچ جووڵەیەک دژی ئەم ڕژیمە نەکەن، سێدارەی بە کۆمەڵ هەڵدەبژێرێتەوە.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئەگەری هەیە ئەم سێ گەنجە واتا ڕامین حسەین پەناهی و زانیار و لوقمان مۆرادی سێ قۆلی یا لەگەڵ کەسانی تر هاوکات لە سێدارەیان بدات هەر بەم مەبەستەش ڕامین گواستراوەتەوە زیندانی ڕەجایی شار تا بە ئامانجی خۆیان بگەن. جگەلەم هۆکارە هیچ مەبەستێکیتر ناتوانێت لە ئێستادا ئامانجیان بێت. لە کۆتایی دا هیوادارم من لە هەڵەدا ببێتم تەنیا ئەگەرێکی هەڵەم باس کردبێت.


ئه‌م بابه‌ته 480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:02:34:15/08/2018